تورکیا: “لە ماوەی 5 ڕۆژی ڕابردوودا، 28 گەریلای پەکەکە لە باشووری کوردستان کراونەتە ئامانج”.
دەوڵەتی تورک ئیدیعا دەکات کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە، 5 گەریلای پەکەکەیان لە ناوچەکانی گارە و قەندیل لە باشووری کوردستان کردۆتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە 25/2/2025 ڕایگەیاند کە چەند هێرشێکی ئاسمانییان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دژ بە پەکەکە و یەپەگە ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر چیای قەندیل لە باشووری کوردستان، 5 گەریلای پەکەکە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە و هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستانیش شەرڤانێکی یەپەگە پێکراوە.
پەکەکە هیچ زانیارییەکی لەبارەی هێرشەکانەوە نەخستۆتەڕوو، بەڵام ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە قورسی بۆردومانی بناری چیای قەندیلیان کردووە.
دەوڵەتی تورک ئیدیعای کردووە کە لە ڕێکەوتی 20ی شوباتی ئەمساڵ (2025)ـەوە، واتە لە ماوەی 5 ڕۆژی ڕابردوودا، 28 گەریلای پەکەکە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر باشووری کوردستان کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.