ئایا پەکەکە گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەگرێت، چەک دادەنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە؟

پەکەکە خاوەن هێڵێکی نیشتیمانی نییە و تەنها هێزێکە وزەی کورد بەفیڕۆ دەدات و بزووتنەوەیەکی دژە کوردە، بۆیە جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان لەلایەن پەکەکەوە لە بەرژەوەندی کورددایە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە لە بەیاننامەکەیدا لە 27ی شوباتدا ڕایگەیاند، “پێویستە پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چەک دابنێت و من هەموو بەرپرسیارێتی ئەم پرۆسەیە لە ئەستۆ دەگرم”.

پەکەکە کە لە ساڵی 1974دا لە کۆبوونەوەی توزڵو چایرێدا بوو بە گرووپ و لە کۆبوونەوەی ڕێکەوتی 27ی تشرینی دووەمی 1978ی گوندی فیس (لجێ)دا بوو بە حزب و لە 27ی شوباتی 2025دا لە ئەنجامی کۆبوونەوەی “ئیمرالی ـ تەقسیم”دا خۆی هەڵوەشاندەوە.

بەڵێ، ئۆجەلان نە پێشنیارێکی خستەڕوو و نە ئاڵترناتیڤێکی پێشکەش کرد. بە وتنی “هەموو بەرپرسیارێتیەکەی لە ئەستۆی منە”، لە ڕاستیدا ئەو پەکەکەی هەڵوەشاندەوە کە ئەو سەرۆکایەتیی دەکرد.

ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەکەکەیە. هەمووان چاوەڕێی ڕاگەیاندراوی پەکەکەن. لە ڕاستیدا ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکە لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان یەکلاکەرەوەتر دەبێت.

پەکەکە 3 ڕێگای لەپێشە

پەکەکە سێ بژاردەی لەبەردەمدایە:

ـ یان دەڵێن “عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری ئێمەیە و ئێمە بڕیارەکەی قبووڵ دەکەین” و بە بەستنی کۆنگرە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.

ـ یان دەڵێن “عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری ئێمەیە، بەڵام دەمانەوێت پەیامەکەی بە ڤیدیۆ ببینین، دەبێت سەرۆکەکەمان ئازاد بکرێت و ئەویش بەشداریی کۆنگرەی بڕیاری پەکەکە بکات، پێویستە مەرجە یاسایی و دیموکراتییەکان جێبەجێ بکرێن”. بەمەش ناوبەناو کارەکانیان دوادەخەن و هەوڵی بەدەستهێنانی کات دەدەن و هاوکات هەڵسەنگاندن بۆ ئاڵترناتیڤە جیاوازەکانیان دەکەن.

ـ یانیش دەڵێن “ئێمە وەک پەکەکە ئامانجێکی سیاسی نوێ دەگرینەبەر، نەخشەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەڕێژرێت و ئێمە داوای مافی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەی کورد دەکەین” و بەم شێوەیەش کارتی سوور بە ئۆجەلان نیشان بدەن. دیارە کاتێک ئەم کارە بکەن، ئیدی بە تەواوی خۆیان لە ئۆجالان جیا دەکەنەوە.

لەم سێ بژاردەیەدا، لە ڕاستیدا ڕێزدارترینیان بژاردەی سێهەمە. بەڵام بەداخەوە پەکەکە خاوەن ئەو عەقڵیەت و پەروەردە و بوێرییە نیە کە ئەم کارە بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە باشترین بژاردە بۆ پەکەکە ئەوەیە کە بە بڕیارێکی خێرا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

پەکەکە = ئاپۆچێتی

لە ساڵانی 1970ـەوە هەتا ئێستا، لە هەموو کاتێکی گرینگدا، ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ لایەنی شارەوە و تاریکدا گرێدراوە و ناوێکی گوماناوییە کە لە زۆر ڕووداوی تاریکدا تێوەگلاوە. بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاستییەش، بە هاوکاریی دەوڵەتی تورک و تەنانەت دەوڵەتی سووریاش، توانیویەتی پەکەکە کۆنترۆڵ بکات و تاکە سەرۆکی پەکەکە بێت.

کاتێک مەزڵوم دۆغان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە زیندانی “ئامەد”دا بوو کە ناوەندێکی ئەشکەنجە بوو، لە دادگادا گوتی: “ئێمە ئاپۆچی نین. ئەم ناوە بە ئەنقەست بەکارهاتووە بۆ ئەوەی ئەرزش و بەهای ئێمە کەم بکەنەوە”. هەروەها کەمال پیر گوتی: “ئێمە ئاپۆچی نین، ئاپۆش کەسێکی وەک ئێمەیە”. بە واتایەکی دیکە لە سەرەتای پەکەکەدا ئۆجەلان کەسێکی تایبەت نەبوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، وردە وردە ئۆجەلان بوو بە کەسایەتییەکی باڵا و لەسەرەوەی پەکەکە جێیگرت.

ساڵی 1999 کاتێک ئۆجەلان گەڕایەوە تورکیا، بەڕێوەبەرانی پەکەکە ویستیان خۆیان لە ئۆجەلان جودا بکەنەوە. مزگین شەن نوێنەری پەکەکە لە ئەوروپا، هەر ئەو ڕۆژەی ئۆجەلان گەڕایەوە بۆ تورکیا، لەگەڵ BBC قسەی کرد و ڕایگەیاند: “ئەگەر ئەو [ئۆجەلان] دەستگیریش بکرێت، دۆزی کورد هەر بەردەوام دەبێت، ئێمە بڕیاری خۆمان دەدەین”. دوای ئەوە کۆنسەی سەرۆکایەتی پارتی ڕایگەیاند: “ئەو بڕیارانەی سەرۆکەکەمان لەژێر مەرجی دیلیدا دەیدا، گرنگ نین و ئێمە پێوەی پابەند نابین”.

دەوترێت کە جەمیل بایک لە کاتی تەماشاکردنی گرتە ڤیدیۆییەکانی دادگاییکردنی ئۆجەلان لە تەلەفزیۆن، ڕووی لە عەلی حەیدەر قەیتان کردووە و پێی گوتووە: “پیاوەکەی تۆ [ئۆجەلان] جارێکی دیکە ئێمەی فرۆشت”. لە هەمان کاتدا کۆنگرەی پەکەکە ئامادە بوو کە ئۆجەلان وەک “ڕێبەری مەعنەوی” خۆی ڕابگەیەنێت.

بەڵام ئۆجەلان لەو کاتەدا بە نووسینی نامە بۆ مەزڵووم عەبدی، بەرپرسی ئەورووپای پەکەکە، مەد تیڤی و قەندیل، هەڵوێستێکی توندی گرتەبەر. تەنانەت نوێنەرانی دەوڵەتی تورک بە هەلیکۆپتەر ڕۆیشتنە قەندیل و هەڕەشەیان لە سەرکردایەتی پەکەکە کرد و داوایان کرد ئۆجەلان وەک سەرۆکی خۆیان بناسن و بڕیارەکانی جێبەجێ بکەن. سەرئەنجام بەڕیوەبەرایەتیی پەکەکە ملکەچی ئەم فشارەی دەوڵەتی تورک بوو. لەماوەی 26 ساڵی ڕابردوودا، ئۆجەلان لەدەرەوەی ئەو سنوورانەی کە دەوڵەتی تورک بۆی دیاری کردووە، تاقە یەک وشەشی بە زاردا نەهاتووە. ئاپۆ لەلایەن دەوڵەتەوە وەک “قەییۆم” بۆ کورد دەستنیشان کراوە و بەسەر کورداندا سەپێندراوە. ئەوان سوودیان لە هەڵوێستی ئۆجەلان وەرگرت، واتە ئێستا ئیدی سەرکردایەتی پەکەکەش وەکوو ئۆجەلان گوماناوی و قرێژە، هەربۆیە پەکەکە دەسەڵاتی ئەوەی نیە کە لە فەرمانەکانی ئۆجەلان لابدات و جێبەجێی نەکات.

لەخۆیدا پەکەکە پێشتر لە باکووری کوردستان شکستی هێنابوو

پەکەکە لە ساڵی 1993دا لە ڕووی سەربازییەوە لە بەرانبەر دەوڵەتی تورکدا تووشی شکست هاتبوو. سەرەڕای ئەوەش، بە بەردەوامبوون لەسەر هەمان ڕێگا، ڕێگەی خۆشکرد بۆ گیان لەدەستدانی دەیان هەزار کەس. پەکەکە لە ساڵی 2015دا لە “شەڕی خەندەق”دا تووشی دووەمین شکستی سەربازی هات. لە ئێستادا پەکەکە هیچ سەنگەر و بنکەیەکی سەربازیی لە چیاکانی باکوری کوردستاندا نەماوە. ئەو چالاکییە یەک ـ دوو کەسیانەش کە جاروبار کەسانیک لە ڕۆژئاڤاوە دەڕۆنە ناو باکووری کوردستان ئەنجامی دەدەن، یانیش کردەوەی خۆکوژی یەک ـ دوو گەنج، چالاکییەکی سەربازیی ئەوتۆ نین کە دەوڵەتی تورک ناچار بەوە بکات پرسی کورد قبووڵ بکات. پەکەکە لە ڕووی سەربازییەوە لە باکوور لەناوچووە.

لە ڕووی سیاسیشەوە چەند کەسێکی گەندەڵ لە باکووری کوردستان دەستیان بەسەر سەرچاوەی ئابووری و سیاسیدا گرتووە و بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان مامەڵە دەکەن.

خەڵکی باکوور ڕووبەڕووی هەژارییەکی گەورە و ئاسمیلەکردنێکی دژوار دەبنەوە. لە ئاکامی خەباتی 51 ساڵەی پەکەکەدا، تەنیا 30٪ی کوردانی باکوور کە زۆربەیان لە گوند و ناوچە شاخاوییەکاندا دەژین، لە ژیانی ڕۆژانەدا بە زمانی کوردی قسە دەکەن.

لە باکوری کوردستاندا هۆشمەندییەکی هەڵە هەیە. هەموو ئەو جەماوەرەی کە لە گۆڕەپانەکاندا کۆدەبنەوە، ئەندامی بنەرەتیی پەکەکە نین. کەواتە ئەگەر پەکەکە گوێڕایەڵی ئۆجەلانیش نەبێت، لەوە زیاتر هیچی دیکە نەماوە کە ئەو بیکات.

پەکەکە وەکوو پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەییش کۆتایی هاتووە

پەکەکە بۆتە دیلی پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی کە لە ڕۆژئاڤا و شنگال و سلێمانی بە پاڵپشتی ئێرانەوە لەسەر پێ ماوەتەوە. نەک تەنها لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکو لە ڕووی ڕێکخراوەییشەوە تووشی شکست هاتووە.

بەر لە هەر شتێک سەرکردایەتی باڵای پەکەکە ئیدی بەهۆی تەمەن، تەندروستی و باری دەروونییەوە، توانای سەرکردایەتیکردنی ڕێکخراوەکەی نەماوە. جەمیل بایک تەمەنی 72 ساڵە، قەرەیلان 70 ساڵ، مستەفا قەرەسوو 75 ساڵ و دوران کاڵکانیش تەمەنی 71 ساڵە.

کەسانی نزیک لە پەکەکە ڕایدەگەیەنن کە ئەو کەسانە بەبێ هاوکاری کەسانی دەوروبەریان چیتر ناتوانن هەستن و دابنیشن و نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشیی ئاڵزایمەر و خەرەفان لە قەرەسوودا بەدیار کەوتووە. ئەمە بارودۆخی لووتکەی ڕێکخراوەکەیە. تەنها ژمارەیەکی کەم لە کادیرانی ساڵانی 1990ی ڕێکخراوەکە ماونەتەوە و دەگوترێت ئەوانیش لە ڕووی دەروونییەوە تێکچوون و زۆربەیان دەیانهەوێت لە ناوچەکانی شەڕ دوور بکەونەوە. هەروەها شەڕڤانە تازەکانیش ملکەچی دیسپلینی ڕێکخراوەکە نابن.

پێکهاتە سەرەکییەکانی پەکەکە وەک کەژەکە و پاژک و کەجەکە (KCK، PAJK و KJK) دواجار لە ساڵی 2016 کۆنگرەیان بەستووە. لەکاتێکدا کە بە شێوەیەکی ئاسایی دەبێ هەر 2 یان 3 ساڵ جارێک کۆنگرە ببەسترێت، کەچی ماوەی 9 ساڵە کۆنگرە نەبەستراوە.

بە واتایەکی دیکە لە ڕاستیدا پەکەکە لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە تووشی کێشەیەکی گەورە هاتووە و لە دۆخێکی چالاک و بڕیاردەردا نییە.

جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان لەلایەن پەکەکەوە لە بەرژەوەندی کورددایە

پەکەکە خاوەن هێڵێکی نیشتیمانی نییە، خواستێکی ڕوون و کۆنکرێتی نییە. تەنها هێزێکە وزەی کورد بەفیڕۆ دەدات و بزووتنەوەیەکی دژە کوردە. بەڵام هێشتا وەک کراسێکی شێت کراوەتە بەر کورد. نەک تەنها لە باکوور، بەڵکو لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هێرش دەکاتە سەر کورد و وەکوو هێزێکی نیمچە سەربازی بەکاردەهێندرێت. هەبوونی چەک بە دەستی بزووتنەوەیەکی لەو شێوەیە، لە بەرژەوەندی کورددا نییە.

ئەگەر گوێ لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان نەدەن، ئەمجارە هێزە سەربازییەکانیان و لایەنگرانی خۆیان بە لایەنێکی دیکە دەفرۆشن. پەکەکە بەم شێوەیە بووەتە هێزێکی پاراملیتەر کە هەرکەسێک دەتوانێت بۆ خۆی بەکاری بهێنێت. پەکەکەى ئێران هەیە، پەکەکەى تورکیا هەیە، پەکەکەى عێراق هەیە، پەکەکەى حەشدى شەعبى و پەکەکەى لۆبیى دەوڵەتانى ڕۆژئاواش هەیە. بەڵام پەکەکەی کوردی بوونی نییە. پەکەکە بزووتنەوەیەکی کوردستانی نییە. تا تەمەنی درێژتر بێت، لەپێناو ڕانت و ئیمتیازاتی زیاتردا، زیاتر خۆی دەفرۆشێت و زیاتر پەلاماری کورد و کوردستان دەدات، زیاتر ئەجێندای تاریک بەسەر کورداندا دەسەپێنێت و هیچ داواکارییەکی کۆنکرێت و ڕوون بۆ کورد ناخاتەڕوو. بۆیە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاریگەری نەرێنیی لەسەر کورد نابێت. گرنگترین شت ئەوەیە کە ئیدی گەنجانی کورد لە شەڕێکی بێمانا و بێ ئامانجدا گیانی خۆیان بەخت ناکەن. تەرمی گەنجانی کورد ئیدی  وەکوو ئامرازێک بۆ دانوستانەکانی پەکەکە کەڵکئاژۆیان لێ وەرناگیردرێت. دیارە ئێمە پشتیوانی لە ئۆجەلان ناکەین بەڵام پشتگیری لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەکەین. پەکەکە دەبێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، دەبێت خالێک لە کۆتایی مێژووی 51 ساڵەی شکست و تاریکی خۆی دابنێت بۆ ئەوەی کە ئەو ناوچانەی کە داگیری کردوون بگەڕێنەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان.

پوستێن ھەمان بەش