“دەوڵەت بە پەکەکە دەڵێت من هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ تۆدا ناکەم، دەبێت بەبێ شەرت و مەرج تەسلیم ببی”
شەیخمۆس ئۆزەنگین
دامەزرێنەر، سەرۆک و ڕێبەری پەکەکە، کە موریدەکانی “بە دڵ، بە خوێن، بە گیان و بە ماڵ” ببوون بە کۆیلەی، بەبێ ئەوەی بۆ یەک ڕۆژ ڕاوەستە لەسەر ئەم ڕێکخستنە قێزەونە بکەن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەبێ ئەوەی هیچ شەرت و مەرجێک بۆ موریدەکانی داوا بکات، لە ڕێگەی بزووتنەوە لەگاڵ (یاسایی)ـەکەیەوە داوای لە پەکەکە کردووە:
“وەک چۆن هەموو کۆمەڵگە و لایەنێکی هاوچەرخ کە هەبوون و مانەوەی بە زەبر و زۆر کۆتایی پێنەهاتووە، ئێوەش دەبێ خۆویستانە کۆنگرەی خۆتان ببەستن و بڕیار بدەن؛ پێویستە هەموو گروپەکان چەکەکانیان دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە”.
بێگومان عەبدوڵڵا ئۆجەلان هاوشانی بەرپرسانی دەوڵەتی قووڵی تورکیا، ئەم ڕێکخراوەیان دامەزراند و بە ستراتیژیەکی قێزەون و فێڵبازانە، ماوەی 40 ساڵە کە خستوویانەتە باخەڵی گەلی کورد و کوردستانەوە.
جارێکی تر دەوڵەتی تورک بە هاوبەشی لەگەڵ ئۆجەلان کۆتایی بەم ستراتیژەی کەڵک وەرگرتن لە چەک دەهێنێت. هەر لەسەرەتاوە بڕیاری ئەوان بووە و ئەمڕۆکەش هەر بڕیاری ئەوانە. ئەو کوردانەی کە پەیوەندییان هەبووە و تێچوویان داوە، دوێنێ بڕیاری خۆیان بووە و ئەمڕۆکەش هەر بڕیاری خۆیانە. بەڵام ئەم کوردانەی تێچوو و باجەکەیان داوە دەبێت لەگەڵ گەلەکەیان و نیشتمانەکەی خۆیاندا ڕاستگۆ بن!
سەرۆک و ڕێبەرەکەیان بە ئاشکرا پێیان دەڵێت:
“ئەو چارەسەرانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی توندڕەو بنیاتنراون، وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یان چارەسەری کولتووری، پێداویستییەکانی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن”.
واتە بە زمانێکی سادە دەڵێت: کورد پێویستی بە دەوڵەت نییە، پێویستی بە فیدرالیزم نییە، پێویستی بە ئۆتۆنۆمی و مافی کولتووری نییە. داواکردنی ئەو قەوارە سیاسییانە، نیشانەی نەتەوەپەرستییە.
باشە ئێوە باوەڕتان بە چی هەبوو و لەپێناو چیدا ڕۆیشتنە سەر چیاکانی کوردستان و چەکتان هەڵگرت؟ ئامانجی ئێوە چی بوو؟
لە پێناو چیدا ساڵانێک لە زیندانەکانی تورکاندا تووشی ستەم هاتن و بۆچی 10 ساڵ، 15 ساڵ، 20 ساڵ و 30 ساڵ لە تەمەنی خۆتان لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکدا تێپەڕ کرد و ئامادە بوون بمرن؟
لەپێناو کورد و کوردستاندا بوو، یان بۆ “سەرۆک ئاپۆ، ڕێبەر ئاپۆ” بوو؟
ئەمڕۆ ئە.ئۆجەلان نەک هەر بە ناوی پەکەکە، بەڵکوو بەناوی گەلی کوردەوە دەڵێت: “من هیچ داواکارییەکی وەک “دەوڵەت، فیدراسیۆن، ئۆتۆنۆمی، و مافە کولتوورییەکان”م بۆ کورد ناوێت و داوکردنی ئەو قەوارانە، نیشانەی نەتەوەپەرستییە”. کەچی ئێوەش چەپڵەی بۆ لێدەدەن و سەری بۆ دادەنوێنن.
ئایا مردنی ئێوە، خوێنی ئێوە، شەڕڤان بوونتان و بەرخۆدانی ئێوە، ئەوەندە هەرزان بوو؟
هەموو حیزبەکان و تاکەکان و بەشێکی زۆر لە زانا و ڕۆشنبیرانی کورد، بە هیوای ئەوەن کە قسەکانی ئۆجەلان سیحربازی و جادوو بێت. ئەوانەی کە بە ناوی گەورە فاڵ دەگرنەوە و خۆڵ بە سەر خۆیاندا دەکەن، ئەوانەن کە چاوەڕێی ئەنجامی فاڵەکە دەکەن!
ئەمە یەک بە یەک دەیسەلمێنێت کە لە ماوەی 40 ساڵدا ئەم پارادایمەی دەوڵەتی تورک کە لەلایەن ئۆجەلان و پەکەکەوە خراوەتە باخەڵی کورد و کوردستان، نەک هەر لە ڕووی موڵک و ماڵی و ژیانەوە، بەڵکو لە ڕووی ڕامان و هۆشمەندیی نەتەوەییشەوە، ماڵی کوردی کاول کردووە. ئەگەر ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک بەم شتە ڕازی نەبان، سەیری ناو چاوی کوردیان نەدەکرد و پێیان نەدەگوت: “ئێوە شایەنی هیچ نین”! ئۆجالان و دەوڵەتی تورکەکان هێز و ورەی خۆیان لێرەوە وەردەگرن.
هیچ میللەتێک لە دونیادا نییە، دوای 40 ساڵ ماڵوێرانی، کەسێک هەستێت و بتوانێت بە نەتەوەیەکی 60 ملیۆنی، کە لەسەر خاکی خۆیاندا ژێردەستەن و لە پێناو ئازادیی خۆیاندا ملیۆنان گیانیان بەخت کردووە؛ بڵێت: “ئێوە شایەنی هیچ نین، تەنها کۆیلایەتی بەشتان و چارەنووستانە” و موریدەکانیشی بە هەلهەلە و چەپڵە لێدان پێشوازی لە قسەکانی بکەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین ماڵوێرانییە. ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و زاناکانی ئەم نەتەوەیەش هێشتا چاوەڕێن بزانن کە ئۆجالان چی بۆ کورد داوا دەکات!
هەندێک کەس بە بێ ئەوەی شەرم دایانبگرێت، هەڵدەستن و دەڵێن:
“ئەگەر بگەڕێینەوە دواوە بۆ 500 ساڵ یان تەنانەت 1000 ساڵ لەوەپێش، دەبینین کە کورد و تورک هەمیشە پێکەوە بوون. هەر بۆیە دەڵێین کوردیش یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئەم دەوڵەتە و کوردیش خاوەنی ئەم دەوڵەتەیە و خاوەنی ئەم وڵاتەیە”.
هەی ماوڵوێرانەکان، کەنگێ کورد و تورک برایەتی 1000 ساڵەیان سازکردووە؟
ئێوە مێژووش چەواشە دەکەن!
پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی هیچ پەیوەندییەکی بە تورکەکانەوە نییە. ئەو تورکانەی کە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیەدا لە تاقیگەکانی دەوڵەتی تورکیەدا لە ڕێگەی میتۆدی ئاسیمیلاسیۆنەوە گۆڕدراون و کران بە تورک، هیچ پەیوەندییەکیان بە عوسمانییەکانەوە نییە. تا ئێستا هیچ تورکێک نەبووە بە دەرگاوانی عوسمانییەکانیش. ئەم مێژووە لای ئەوان مایەوە و بوو بە هەوێنی نەتەوەبوونیان. مێژووی تورکیا 101 ساڵە و ئەو 899 ساڵەکەی دیکەشی فڕی بدەنە ناو زبڵدانەوە!
مێژووی 101 ساڵەی ئێمە و تورکەکانیش لە بەرچاوە. بە ئینکار، ئاسمیلەکردن، بە جینۆساید و کۆمەڵکوژی، بە زیندان و ستەم دەورە دراوە. ئێوە بۆ ئەوەی کە ئەمە بشارنەوە، باسی پێغەمبەر نوح بۆ کورد دەکەن، بەڵام لە واقیعدا دەبێ باسی کردەوەی تورک و دەوڵەتی تورکەکان بکەن!
عەبدوڵڵا ئۆجەلان چیرۆک و درۆی دەوڵەتی تورکەکانتان بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵام ئێوە جۆرێکیتر لێی تێدەگەن:
“بەڵام مۆدێرنبوونی سەرمایەداری، لە ماوەی دوو سەد ساڵی رابردوودا، ئامانجی سەرەکی خۆی کردە هەڵوەشاندنەوەی ئەم هاوپەیمانێتییە. هێزە جیاوازەکان کاریگەرییان لێکرا و بەپێی بنەماکانی چینایەتی بەم ئاراستەیەدا رۆیشتن”.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە ڕوونی پێتان دەڵێت؛ ئەوانەی دەیانهەوێت کە ئێوە لە “برایەتیی تورکان” جیا بکاتەوە، هێزە داگیرکەرەکانن. ئەو بەرخۆدانانەی کە کورد لە سەدەی ڕابردوودا کردوونی، هەمووی کران بە گەمەی ئیمپریالیستەکان و هێزە ئیمپریالیستەکان بەرژەوەندییەکانی خۆیان کردۆتە بنەما. نابێ گەمەی ئەوان بکەن و دەبێ ڕێگای تورکیەییبوون و بە تورکبوون بۆ خۆتان هەڵبژێرن و تێکەڵ بە دەوڵەتی تورکان ببن.
“ڕێزگرتن لە ناسنامە، ئازادیی دەربڕین، رێکخستنی دیموکراتی و بنیاتنانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بۆ هەر گرووپێک بەپێی بنەماکانی تایبەتی خۆی، تەنها بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و بواری سیاسی دیموکراسی جێبەجێ دەبێت”.
چی دەڵێت؟
دەڵێت، ئێوە بە کۆیلە بمێننەوە، داوای دەوڵەتداری و فیدراڵیزم و ئۆتۆنۆمی و مافی کلتووری مەکەن، ئەوکات ئیدی لە بواری ڕاماندا ئازادن! بەمەرجێک باسی جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەت نەکەن. ژیان لە ژێر سایەی دەوڵەتی تورکاندا، بە “پێکهاتە کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسییەکەی”، وەک کۆیلەی تورک بژین. بزووتنەوەی “پارادایمی نوێ” ئەم دەرگایەی “تورکایەتی” بەڕووی ئێوەی کورددا دەکاتەوە.
ئەمە پیلان و پڕۆژەی پارادایمی دەوڵەتی تورک و ئۆجەلانە و بەشێکی زۆر لە موریدەکانی ئۆجەلان و بەشێک لە کوردانیش هیواخوازن کە ڕێگای سیاسەتیان بۆ بکرێتەوە!
لە ژێر شەوقی ئۆجەلاندا کۆترێکی سپی دەفڕێت!
خودا عەقڵمان پێ ببەخشێت!