وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ناهێلێن ئێران ببێته‌ خاوه‌ن چه‌كى ئه‌تۆمی

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ناهێلێن ئێران ببێته‌ خاوه‌ن چه‌كى ئه‌تۆمی

“بەشێک لە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل  زیاتر لە 35 هەزار بۆمب لەخۆدەگرێت کە کێشی هەریەکەیان نزیكه‌ى یه‌ك ته‌ن ده‌بێت”.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕایگه‌یاند: ئێران وەک گەورەترین مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دەمێنێتەوە، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا کار دەکەین بۆ ڕێگریکردن لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی.

هاوكات سوپاسی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكاى كرد له‌پاى ئه‌و هاوكارییه‌ سه‌ربازییانه‌ى پێشكه‌ش به‌ ئیسرائیلی ده‌كات.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژى (دووشەممە 3ى 3ى 2025) بڵاویکردەوە، مارکۆ ڕۆبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ دووەمجار لە ماوەی مانگێکدا “دەسەڵاتەکانی فریاگوزاری” بەکارهێناوە و بەدەر لە کۆنگرێس بە بەهای 4 ملیار دۆلار چه‌كی بۆ ئیسرائیل ناردووه‌.

بەپێی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی نه‌كردووه‌ته‌وه‌ بۆچی دەسەڵاتی فریاگوزاری بەکارهێناوە. تەنها گوتی: “ئیدارەی ترەمپ بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی هەموو ئامرازە بەردەستەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونی لەمێژینەی ئەمریکا بە ئاسایشی ئیسرائیل، لەنێویاندا ئامرازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان”.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی لیژنەکانی فرۆشتنی چەک لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانیان لە ڕاگەیاندنی بەپەلە ئاگادارکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتوویەتی: “زۆرجار كه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى بۆ ئیسرائیل ده‌نێردرا، لە کۆنگرێسدا پێداچوونەوەیان بۆ دەکرا”، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ وەزارەتی دەرەوە “ڕێككه‌وتنى فرۆشتنی چەکی بە بەهای نزیکەی دوو ملیار دۆلار نەناردووە بۆ کۆنگرێس بۆ پێداچوونەوەی”.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) هەینی ڕابردوو وردەکاری ئەم فرۆشتنانەی بە ئیسرائیل ڕاگەیاندووە. زیاتر لە 35 هەزار بۆمب لەخۆدەگرێت کە کێشی هەریەکەیان نزیكه‌ى یه‌ك ته‌ن ده‌بێت.

پوستێن ھەمان بەش