مستەفا قەرەسوو هەڕەشەی لە ڕەخنەگران دەکات: “دەبێ ئەوانە بێدەنگ بکرێن کە دەڵێن پەکەکە هیچ دەسکەوتێکی نەبووە”

مستەفا قەرەسوو هەڕەشەی لە ڕەخنەگران دەکات:"دەبێ ئەوانە بێدەنگ بکرێن کە دەڵێن پەکەکە هیچ دەسکەوتێکی نەبووە"

هیچ جۆر و شیوازێکی پڕوپاگەندە، ناتوانێ ئەم خیانەتە بشارێتەوە کە ئاپۆ-پەکەکە لە کورد و کوردستانیان کردووە.

مستەفا قەرەسوو، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی پارتەکەی لە ئەوروپا کرد و سەبارەت بە پرۆسەکە قسەی کرد و وەڵامی هەموو ڕەخنەیەکی لەسەر پەکەکە و لێدوانەکەی ئۆجەلان لەم پرۆسەیەدا دایەوە و هەڕەشەی لە ڕەخنەگران کرد و گوتی کە “دەمتان دادەخەین”.

مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە و بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەکەکە لە قسەکانیدا هەوڵیدا ڕوونی بکاتەوە کە ئۆجەلان هیچ داواکارییەکی نەکردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێناوە و پەکەکە نەمرە. قەرەسوو کە پێشتر گوتبووی “من میلیتانی هەڵەکانی سەرۆک ئاپۆشم”، دیسان بەپێی قسەکانی خۆی جووڵایەوە و لە ئاخاوتنەکەیدا زۆر جار ستایشی ئۆجەلانی کرد. قەرەسوو وتی “ئێمە نوێنەرایەتی تەواوی پەکەکە ناکەین، پەکەکە بزووتنەوەیەکی ڕێبەرێتییە، هەموو بڕیارەکانی لە ڕێبەر ئاپۆوە وەردەگرێت” و وادیارە هەوڵدەدات ڕاستییەکانی شکستی پەکەکە لە گەلی کورد بشارێتەوە.

قەرەسوو لە سەرەتای قسەکانیدا باسی سێڤیم بێلیشی کرد کە یەکێک بوو لەو کەسانەی لە ناو چەپی تورکدا جێگەی دەگرت و لە ماوەی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە. بەشێک لە مانشێتەکانی وتارەکەی قەرەسوو بەم شێوەیەن:

قەرەسووو: سەرۆک ئاپۆ ماوەیەکی زۆرە دژی ڕێگاچارەی بەدەوڵەتبوونە

لەو نامەیەدا کە ئۆجەلان لە ئیمرالیەوە ناردویەتی، ئاماژەی بەوە کردووە کە دژی چارەسەری دەوڵەتی سەربەخۆ و فیدراڵیزم و ئوتۆنۆمی و مافی کولتوورییە و ئەو قسانەی ئۆجەلانیش کاردانەوەی توندی گەلی کوردی لێکەوتەوە. قەرەسوو سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی سەرەتاییترین مافەکانی ناسنامەیەکی دەستووری یان کولتووری بۆ کوردان لەلایەن ئۆجەلانەوە، گوتی: “ئەوانیش ڕەتی دەکەنەوە چونکە “هەموو ئەمانە بەشێکن لە مۆدێلی چارەسەری بەدەوڵەتبوون” و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “بۆیە پاش ڕاگەیاندراوێکی لەم جۆرە، لە چوارچێوەی ئەم ڕاگەیاندراوەدا کەس ناتوانێت بە ئاسانی بەربەست لەبەردەم تێکۆشانی دیموکراسی دروست بکات. ئەم وتوێژانە دەربارەی پرسی کورد بێ مانان. واتە ئەمە شتێکی ترە. تەڤگەری ئێمە، ڕێبەر ئاپۆ ساڵانێکی دوورودرێژە دژی چارەسەری دەوڵەت‌پەرستن. چارەسەری دەوڵەتپارێزی ناوێت. باسی چارەسەری دەوڵەتپارێز ناکات. ناڵێت دەوڵەت و فیدراسیۆن. یان ئەو خۆسەرییەی کە دەسەڵات دەکاتە ئامانجی خۆی. ڕێبەرێتی ئەمانە بە گونجاو نابینێت. ئەوانەش وەک چارەسەری دەوڵەتپارێز یان وەک جۆرەکانی چارەسەری دەوڵەتپارێز هەڵدەسەنگێنێت. لەبری ئەوە، چارەسەرێکی دەوێت لەنێو دیموکراسییدا، چارەسەری دیموکراتیکبوونی دەوێت. چارەسەری دیموکراتیکبوون، ڕاستترین چارەسەرە. چارەسەرە لەنێو دیموکراسییدا. ئەگەر دیموکراتیکبوون بێتەدی، ئەوکات چ دەبێت؟ چارەسەر پێش دەکەوێت، واتە پرسی کورد بەگوێرەی دیموکراتیکبوون چارەسەر دەبێت”.

قەرەسووو: ئەوانەی ڕەخنە لە پەکەکە دەگرن، سووکایەتی خۆیان پیشان دەدەن

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پەکەکە هەموو ئەو کەسانەی بە خیانەتکار ناساندووە کە ڕەخنەیان لێگرتبێت یان لێی جودا بووبێتنەوە. تەنانەت خەڵکێکی زۆریش بەهۆی ڕەخنەکانیانەوە کوژراون. مستەفا قەرەسووش لە قسەکانیدا هەڕەشەی لەو کەسانە کرد کە ڕەخنە لە پەکەکە دەگرن.

قەرەسوو ڕەخنەگرانی پەکەکە بە نەزان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: “بەتایبەتی لەنێو هەندێک لایەنی کوردیشدا هەڵسەنگاندنی لەم جۆرە دەکرێت، “لێرە ستاتۆی کوردان نییە، هەڵوێستی مینیماڵیست (کەمگەرا) هەیە”، ئەمانە ئەو کەسانەن کە ئاسۆی بینیان تەنگ و بەرتەسکە، لە دینامیکی تێکۆشان تێناگەن، لە دینامیزمی تێکۆشان و بنکە مێژووییەکەیشی تێناگەن، ئەنجامەکانی تێکۆشانی دیموکراسی و دیموکراتیکبوون نابینن”.

لە درێژەی قسەکانیدا، قەرەسوو بە ئاشکرا هەڕەشەی لە ڕەخنەگران کرد و وتی: “پەکەکە لە مێژووی کورد و کوردستان و مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەهاگەلێکی ئافراند، کە هیچ هێزێکی سیاسی نەیتوانیوە بیکات. نەوەک هەر بەهای ئافراندووە، بەڵکو وایکردووە چەندین هێزی سیاسی بمێننەوە و خۆیان ڕابگرن. ئێستە کاتی ئەوە نییە باس لەم شتانە بکەین. ئەوانەی باس لەوە دەکەن “پەکەکە چی بەدەستهێناوە، چ ئەنجامێکی لە تێکۆشانەکەی دەستکەوتووە؟”، تەنها سادەیی و ڕووکەشبینی خۆیان نیشان دەدەن. دەتوانین وەڵامی گونجاویان بدەینەوە. ئێمە دەبێ دەمی ئەوانە دابخەین کە وەها دەڵێن.

قەرەسووو: ئەم پرۆسەیە وەڵامێکە بۆ ئەو سەربازە (تورکانە)ی کە گیانیان لەدەستداوە

قەرەسوو لە ئاخاوتنەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پرۆسەیە وەڵامێکە بۆ ژیانی ئەو سەربازانەی تورکیا کە مردوون: “بەدڵنیاییەوە ئاشتی دێتە دی. هەروەها ئەم ئاشتییە وەڵامێکە بۆ یادەوەرییەکانی سەرباز و ئەفسەرانی پۆلیسی (تورک) کە لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە. بەم شێوەیە ژیانی ئەوانیش مانایان پێدەدرێت”.

قەرەسووو: سەرۆک ئاپۆ بە ڕوانگە سۆسیالیستیەکان ئەم هێڵەی گرتۆتەبەر

قەرەسووو بانگەشەی ئەوەی کرد کە لێدوانەکەی ئۆجالان “مانیفێستی سەدە”یە و وتی: “لەم ڕووەوە بە ڕێز و سوپاسەوە پیرۆزبایی لە ڕێبەرەکەمان دەکەین چونکە زۆر تێکۆشا تا ئەم پێشکەوتنە و ئەم گۆڕانکارییەی خوڵقاند و ڕێگەی لە بەردەم گۆڕانکاریدا هەموار کرد”.

قەرەسوو هەروەها باسی لەوە کرد کە خەباتی ئەوان سۆسیالیستییە و گوتی: “ڕێبەرێتی گوتوویەتی، ‘ئەم هەنگاوانە وەک پێویستیی سۆسیالیستی دەنێم’. بۆ سۆسیالیستبوون نزیکایەتییەکی لەم شێوەیە پێویستە. لەم بوارەدا، ‘ڕێبەرێتی چۆن پەرەی بە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە دا؟’ گەر بگوترێت، دەبێت هەموو کەسێک ئەوەی زانیبێت؛ ئەوەی ڕێبەرێتی گەیاندە ئەم ئاستە، کەسایەتیییە سۆسیالیستییەکەیەتی. دەبێت ئەمە بۆ هەموو کەسێک ڕوون بێت”.

قەرەسۆ هەوڵیدا شکستهێنانی ئۆجەلان و پەکەکە پەردەپۆش بکات

لێدوانەکانی مستەفا قەرەسوو کاردانەوەی گروپە سیاسییە کوردپەروەر و نیشتمانپەروەرەکانی لێکەوتەوە. قەرەسوو لە لایەک هەڕەشەی لە هەموو ڕەخنەگران دەکرد و لە لایەکی دیکەشەوە تیۆری بێ ستاتۆ بوونی کوردانی دروست کرد. بە درێژایی قسەکانی ستایشی ئۆجەلانی کرد و ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە بانگەوازەکەی لە ئیمرالیەوە هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەکات. بەڵام پەکەکە، لە خەباتێکی 50 ساڵەدا کە خوێنی لێدەچۆڕێت و قوربانیی زۆری لێکەوتەوە، پرسی کوردی گۆڕیوە بۆ داخوازی بە دیموکراسیکردن. هیچکام لە پرسە نەتەوەیی، کولتووری، مێژوویی، فولکلۆر و ژینەکی کوردی چارەسەر نەکرد. پەکەکە کوردی ڕەنج بەخەسار کرد. دەبینین قەرەسوو کە لەناو پەکەکەدا وەکوو یەکێک لە موریدەکانی ئۆجەلان دەناسرێت و بەرپرسی گروپی کاری ئایدیۆلۆژییە، لە قسەکانیدا دریخست کە پڕوپاگەندەی سەرەکی پەکەکە، پاکانەکردن بۆ ئۆجەلان دەبێت. بەڵام هیچ جۆر و شیوازێکی پڕوپاگەندە، ناتوانێ ئەم خیانەتە بشارێتەوە کە ئاپۆ-پەکەکە لە کورد و کوردستانیان کردووە.

پوستێن ھەمان بەش