ئەگەر ئامانج و ویستی پەکەکە ئازادیی کورد و کوردستان بوایە، ئەوکات سەرکردەکانی خۆیان فێری کوردی دەکرد.
بووبێ ئەسەر
ئامانج و مەبەستی سەرەکیی “زیندانی دیاربەکر”، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی بوو لە نێو زیندانیاندا. بۆیە سەرەتا هێدی هێدی و بە نەرمی دەستیان کرد بە داواکردن لە زیندانییەکان کە بە زمانی خۆیان، واتە کوردی قسە نەکەن. بەرە بەرە ئەو ئاگرەی کە دەیهەویست زمانەکەمان بسووتێنێت و لەناوی ببات، بەتینتر و بەهێزتر بوو. ئەو ئاگرە زمانەکەی ئێمەی دەسوتاند، هەستەکانی ئێمەی ئدەکرد بە خۆڵەمێش، بەڵام ئێمە هەستمان پێ نەکرد و درکمان بەوە نەکرد کە ئەو ئاگرە زمانەکەمان بە تەواوی دەسوتێنێت.
بزووتنەوە و حیزبی کوردی لە باکووری کوردستان دامەزران بۆئەوەی لەسەر بنەمای بەکارهێنانی زمانی تورکی سیاسەت بکەن. ئەمە سەرەتا کاریگەرییەکی زۆری لێنەکردین و لەخۆیدا ئێمە بە شێوەیەکی سروشتی لە گفتوگۆ و پەیوەندییەکانماندا پێکەوە بە زمانی تورکی قسەمان دەکرد.
بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە بەرپرسانی زیندانی دیاربەکر، قسەکردن بە زمانی کوردییان لە ئێمە و لە بنەماڵەکانمان کە سەردانی ئێمەیان دەکرد لە ناو زیندا، قەدەغە کرد، بەشێک لە ئێمە دیسانەوە بە هۆش خۆمان هاتینەوە و تێگەیشتین کە بەها و کەرامەتی زمان چەندە گرنگە. پاشان تێگەیشتین کە هەبوون و مانەوەی نەتەوە لەسەر بنەمای زمانەکەیەتی. ئێمە بە باشی تێگەیشتین لەوەی کە هەبوون و پاراستنی زمانەکەمان مانای ئەوەیە کە ئێمە خۆمان و نەتەوەکەمان و کلتوورەکەمان دەپارێزین.
سەرەڕای هەندێک بەرەنگاری لە بەرامبەر ئەم دڕندەیی و ستەمکارییە، دواجار داواکاریی بەرپرسانی زیندان جێبەجێ کرا و زمانی کوردییان قەدەغە کرد، ئەویش نەک هەر بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ خێزانەکانیشمان کە سەردانی ئێمەیان دەکرد و زمانی تورکییان نەدەزانی.
بەم هۆیەوە. دایکێک تامەزرۆی ئەوە بوو بە کوردی بە کوڕەکەی بڵێت: “کوڕەکەم چۆنیت؟” بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانمان بە کوردی قسە نەکەین، سەربازێکیان لە بەردەم ئێمە و سەردانکەرانمان دانابوو بۆ ئەوەی کە ئێمە نەتوانین بە کوردی لەگەڵ یەکتر قسە بکەین.
ئەگەر کەسێک بۆ ماوەیەکی زۆر بە زمانی کوردی قسە نەکات، ئیدی فێری بەکارهێنانی ئەو زمانە دەبێت کە بەسەریدا سەپێنراوە. هەر بۆیە ئەمڕۆ زۆربەی قارەمانەکانی ئەو زیندانە لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا و لەگەڵ منداڵ و خێزانەکانیان بە زمانی تورکی قسە دەکەن.
پەکەکەش کەوا پەروەردەی خۆی لەو زیندانەوە وەرگرتووە، کاتێک کە لەناکاو شەڕی چەکداری بۆ لەناوبردنی کورد دەستپێکرد، ئەگەرچی بە فەرمییش نەبێت، بەڵام بە گشتی نە لە پەیوەندیی نێوانیاندا و نە لە پرۆسەی پەروەردەکردنەکەشیاندا، زمانی کوردی وجوودی نەبوو. زمانی پەروەردەکردنی گەریلاکانی پەکەکە تورکی بوو.
لە هەر وڵاتێکدا ڕێکخستن یان دەسەڵاتی حکومەت ڕەنگ و شێوە بە ئەندامان یان میللەتەکەی دەبەخشێت. ئەگەر حزبێک بە زمانی داگیرکەر تاکەکانی خۆی پەروەردە بکات و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بە زمانی داگیرکەرانی بەڕێوە ببات، ئەوا ئەو حیزبە ناتوانێت یان نایهەوێت زیانێکی گەورە بە خاوەنی ئەو زمانە بگەیەنێت کە بەکاری دەهێنن.
بۆیە ئەوانەی لە باکووری کوردستان کورد زمانیان کوشت، یەکەم؛ زیندانی دیاربەکر و زۆربەی ئەو کەسانەی لەوێ ئازاد کران. دووەمیش؛ ئەو گەنجە کوردانەی ناو پەکەکە بوون کە زمانی خۆیان لەبیر کرد. کاتێک زمانەکەیان لەبیر کرد، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕۆحی کوردایەتیش لەلای ئەوان کەم بۆوە. تەنانەت گەیشتە ئاستێک کە زۆر کەس خۆیان وەک تورک دەبینی. بۆیە کەمالیزمیان بە باش دەزانی و تورکیاشیان بە وڵاتێکی هاوبەش دادەنا.
هەر لەبەر ئەمەشە کە زۆرێک لەو بەڕێوەبەرانەی پەکەکە، وەک ڕێبەر و سەرکردەکانیان، بە پانەوە ڕایانگەیاند کە “ئێمە هیچ نیازێکمان نییە تورکیا دابەش بکەین”. ئەو هەڵوێستە و ئەم داواکارییە، ئەمڕۆکە و لە هەلومەرجی ئێستادا، دیسان لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵادا دووبارە دەبێتەوە کە هیچی بۆ کورد ناوێت و هاوکات بە هەزاران کەس چەپڵەی بۆ لێدەدەن.
پەکەکە نەک تەنها گەریلاکانی خۆی لە باکووری کوردستان، بەڵکوو ئەو لاوانەشی فێری زمانی تورکی کرد کە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە پەیوەندییان پێوە دەکرد. ئامانجی ئەمەش ئەوە بوو کەئەوانیش بەرەو تورکبوون ببات. بەرهەمی خەبات و بەرخۆدانی پەکەکە بۆ کۆمارێکی بەهێزی تورکیایی، ئەمڕۆکە بەدیهاتووە.
ئەگەر ئەمڕۆکە زۆرینەی کوردانی باکووری کوردستان بە کوردی نادوێن،دەبێ بزانن کە هۆکاری یەکەمی زیندانی دیاربەکر بە ناوی (نۆلی 5)ـە و دووەمین هۆکاریشی، بزاڤی پەکەکەیە کەوا لە سەر بنەمای پەروەردەکردنی زیندانی دیاربەکر و فێربوونی کەمالیزم دامەزراوە.
بۆیە داگیرکەران پەکەکەیان بەهێز کرد تا بتوانن لەسەر دەستی ئەو، زمان و داب و نەریتی کوردی و کوردستانی لەناو ببەن. دەتوانم بڵێم لەم ڕووەوە سەرکەوتووش بوون. چونکە پەکەکە بە شێوە و هێز و دەسەڵاتی خۆی ڕەنگ و دەنگی کورد و کوردستانی گۆڕی و گەنجانی کورد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو کەمالیزم ڕاکێشران.
بە واتایەکی دیکە پەکەکە وردە وردە ئەو گەنجانەی ڕام کرد کە لەگەڵیدا گەورە بوون و کەمالیزمی لە مێشک و کەسایەتییاندا چاند، بەجۆرێک دوای 40 ساڵ خەبات و بەرخۆدان، ئەمڕۆکە هیچیان بۆ کورد ناوێت. دەبینین لەبەرامبەر ئەو هەموو قوربانیدانانەی گەنجانی کورد، لە هەمبەر بانگەوازەکەی عەبدوڵادا بێدەنگییەک هەیە و تەنانەت زۆرێک لەو گەنجانەی لەگەڵیدا گەورە بوون، بەرگری لەو ماڵوێرانییە دەکەن.
دەیانهەوێت بڵێن پێکەوەژیانی تورک و کورد لە بەرژەوەندی ئەواندایە. بەڵام تێناگەن کە ئەمە تەنها مانای لەناوبردنی کورد و بەهێزکردنی کۆماری تورکەکانە.
ئەگەر ئێمە و باب و باپیرانمان سەدەیەک بەرخۆدانمان کرد، دوای سەد ساڵ ئیدی لە ڕێگەی پەکەکەوە قاچ و باڵی میللەت دەشکێنن بۆ ئەوەی داوای هیچ مافێک نەکەن. لەخۆیدا پرۆژەی دامەزراندنی پەکەکەش هەر لەسەر ئەو بنەمایە پێکهاتبوو.
ئەگەر ئامانج و ویستی پەکەکە ئازادیی کورد و کوردستان بوایە، ئەوکات زۆربەی سەرکردەکانی خۆیان فێری کوردی دەکرد. بەڵام نەک هەر ئەمەیان نەکرد، بەڵکوو ئەو کوردانەشیان فێری زمانی تورکی کرد کە تورکییان نەدەزانی.
هەروەک چۆن لە زینداندا زۆربەی زیندانییەکان تەسلیم بوون و وەک تورکێک زیندانیان بەجێهێشت. پەکەکەش کادیرە زیرەک و کوردپەروەرەکانی ناو ڕیزەکانی خۆی، بێ ئەوەی تەنانەت درکیشی پێبکەن، وردە وردە ئەو کەمالیزمەی لەلای شیرین کردن کە کوردی جینۆساید و کوردستانی کاول کردبوو. هەر بۆیە هەندێک کەس چەپڵە بۆ عەبدوڵڵا لێدەدەن بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە چی دەڵێت. عەبدوڵڵا باش ئەمە دەزانێت، هەر بۆیە تورکێک و عەرەبێک لە ژێر ناوی پرۆسەی ئاشتیدا، لە ڕاستیدا بە ناوی لەناوبردنی کوردەوە ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبەن.
(بەردەوام دەبێت)