ماڵی بووکەڵەکان!!

ماڵی بووکەڵەکان!!

بوفوار، فەیلەسووفی فەرەنسی دەڵێت: “بۆ ئەوەی ئازاد بیت، دەبێت بۆخۆت بیربکەیتەوە”!

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

لە شارێکدا خانوویەکی گەورە هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر کیژۆڵەی کەم تەمەن لە ژێر چاودێری پیرە پیاوێکدا تێیدا دەژیان. دەکرێ ئەو شوێنە ناوی ماڵی بووکەڵەکان (بیت الدمیە)ی لەسەر دابنرێت و بە منداڵەکانیش، بووکەلە بگوترێت. کەسێک کە چاودێریی ئەو ماڵەی دەکرد، هەندێک ڕێسای بۆ ئەو کچە منداڵانە دانابوو و دەبوا ئەوان پێوەی پێبەند بن، دەنا بە پێچەوانەوە بە توندترین شێوە سزای  دەدان. واتە ئەو منداڵانە وەکوو بووکەڵەیان لێهاتبوو و خانووەکەش ببووە ماڵی بووکەڵەکان. گرنگترین یاساکانی فێرکردن کە منداڵەکان دەبوو پێوەی پابەندبن بریتی بوون لە: “چۆن قسە بکەن، چۆن پێبکەنن، چۆناوچۆن هەستە ڕاستەقینەکانیان بشارنەوە”.

لە ناو منداڵەکاندا کچێکی زۆر بزێو هەبوو، ڕۆژێک خەریکی پاککردنەوەی ماڵەکە بوو لە قوژبنێکی خانووەکەدا، دەرکەیەکی بچووکی بینی، دەرگەکەی کردەوە و چووە ژوورەوە. لە ناو ژوورەکەدا ژمارەیەکی زۆر کتێبی بینی کە هەموویان قەدەغەکرابوون، کتێبەکان دەربارەی فەلسەفە و ئازادی و شۆڕشەوە بوون. منداڵەکە بە رژدی دەستی بە خوێندنەوەی کتێبەکان کرد و بە خوێندنەوەی کتێبەکەن چاوکراوەتر دەبوو و بە تێپەڕبوونی کات ئەو پەردە دەستکردە لە هەموو سەروچاوی کچەکە کەوتنە خوارەوە و لە ئەنجامدا سەروچاوی ڕاستەقینەی کیژۆڵە منداڵەکە ئاشکرا بوون.

ئەم کچە بڕیاریدا بە سەروچاوی ڕاستەقینەی خۆی بچێتە بەردەم ئەو سەرپەرشتیار و ئەو منداڵانەی کە ئەو سەرپەرشتیارە کردبوونی بە بووکەڵە و ژیرانە و بە قووڵی لەگەڵ سەرپەرشتیاری ماڵەکەدا سەبارەت بە “ئازادی، هەقێقەت و ئازادی بیرکردنەوە”، گفتوگۆ بکات.

ئەم مشتومڕە هەموو ڕۆژێک بەردەوام بوو و لەگەڵ فراوانبوونی مشتومڕەکە، منداڵەکانی دیکە چوونە پاڵ کچە ژیرەکە و لە کۆتاییدا هیچ منداڵێک نەما کە ببێت بە بووکەڵە، بەڵکوو بوون بە مرۆڤی خاوەن هزری تایبەتی خۆیان. ئەو کچە ژیرە گەیشتە ئەو بڕوایە کە: ئەو چوارچێوانەی بۆ کۆمەڵگا دروست دەکرێن هیچ نین و تەنها ماڵی بووکەلەکانە و دەرچوون لەو ماڵانە تەنها پێویستی بە بیرکردنەوەی ژیرانەی خودی مرۆڤ هەیە.

لەسەر ئەم بنەمایە فەیلەسوفی فەرەنسی “بوفوار” دەڵێت: مرۆڤ بۆ ئەوەی ئازاد بێت، دەبێت بۆخۆت بیربکەیتەوە.

ئەم چیرۆکەم گێڕایەوە چونکە دەبینم ئۆجەلان زۆر باسی ئازادی ژنان و داهاتوویان دەکات. لێرەدا دەمهەوێت بڵێم بەسەرهاتی پارتی کرێکاران بەرامبەر بەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە ڕیزەکانیەوە کردووە، چ کچ بن یان کوڕ، هاوشیوەی ماڵی بووکەڵەکان وایە. بەتایبەتی ئەو بەڕێزانەی کە بوون بە گەریلا، بەسەرهاتی ئەو لاوانە بەمشێوەیە:

زۆربەی ئەو گەنجانە کاتێک بوون بە گەریلا کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە. پەکەکە دەیبردنە دۆڵی بیقاع و بۆ ماوەی زیاتر لە 6 مانگ لە قوتابخانەیەکدا لەوێ پەروەردەیان دەبینی. لەو قوتابخانەیەدا ئەم یاسایانە دانرابوون کە “نابێ بیر لە بنەمالەکانیان بکەنەوە، نابێ پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن، ناوە ڕاستەقینەکانیان دەگۆڕدرا، ژیانێکی دیکەیان بەسەردا فەرز دەکرا کە لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیانەوە دوور بوو، جلوبەرگیان گۆڕدرا، خواردنەکانیان گۆڕدرا. ڕۆژانە 8 کاتژمێر وانەیان پێدەگوترا و وانەکانیان لەسەر سێ بابەت بوو:

1ـ ئاپۆ هەموو شتێکە و هەموو شتێک دەزانێت.

2ـ هەموو هێزە کوردییەکانی دیکە خیانەتکارن.

3ـ هیچکام لە شۆڕشەکانی پێشووی کورد، شۆڕش نەبوون.

وانەکانی ئۆجەلان هەندێک جار زیاتر لە 5 کاتژمێری بە بێ نیقاش دەخایاند. هەموو جۆرە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە دەرەوەی پەکەکە قەدەغە کرابوون و تەنها ئەو کتێبانە دەخوێندرانەوە کە پێشتر بۆیان دابین کرابوون. شەوانە نەدەبوو گەریلاکان هیچ قسە و باسێکیان سەبارەت بە ژیانی ڕابردوویان هەبوایە یان نەدەبوو لە دەرەوەی چوارچێوەی بیرۆکەکانی ئاپۆ و بیر بکەنەوە.

واتە گەنجەکان وەکوو بووکەلەیان لێهاتبوو، تەنانەت لەوەش زیاتر و هەموویان کرابوون بە تووتی (بەبەغا)،  چوونکە ئەگەر لە دێرسیم گەریلایەکت بینیبا و باسی شتێکی بکردبا، قسەکانی هاوشێوەی قسەی هەر گەریلایەکی دیکە لە هەر شوێنێکی دیکە بوو. واتە هەمان قسەکردن، هەمان بیرکردنەوە و دەربڕین بوو، بە واتایەکی دیکە وەک ڕۆبۆت یان بووکەلەیەکیان لێهاتبوو.

ئەمڕۆ دوای ئەوەی کە ڕووی ڕاستەقینەی پارتی کرێکاران سەبارەت بە دۆزی کورد و مافەکانی کورد ئاشکرا بوو کە هەمووی پێچەوانەی ئەو قسە و دروشمانە بوون کە ئەو گەریلایانەیان لەسەر پەروەردە کرابوون، دەبێت ئەو گەنجانە وەک “کیژۆڵە ژیرەکە”، دەربازی قۆناغێکی دیکە ببن و بزانن جگە لەو شتانەی کە ئەوانی پێ فریو دراوە، دونیایەکی دیکە و بیرکردنەوەی دیکەش هەن. هەروەک چۆن عەبدوڵڵا، فەلسەفەی بوفواری فەرەنسیی کردۆتە بناخەی روانگە و بۆچوونەکانی لەسەر ژنانی کورد، منیش بیروبۆچوونەکانی هەمان فەیلەسوفی فەرەنسی (بوفوار) پەیڕەو دەکەم و بوفوار دەکەمە بناخەیەک بۆ گەریلاکانی کورد و کادیرانی پەکەکە کە سوودی لێ وەربگرن کاتێک دەڵێت: “بۆ ئەوەی ئازاد بیت، دەبێت بۆخۆت بیربکەیتەوە”!

پوستێن ھەمان بەش