دوای چل ساڵ شەڕ، گەلی کورد مافی خۆیەتی بپرسێت: بە دەیان هەزار کوڕ و کچی لاوی ئازا، لەپێناو چیدا گیانیان بەخت کرد؟ ئەگەر بۆ کوردستان نەبوو، کەواتە بۆ چی بوو؟!
نەجات زانیار
پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1978 وەک بزووتنەوەیەک بۆ سەربەخۆیی کوردستان سەریهەڵدا. پاڵپشتییەکی گەورەی لە گەلی کورد وەرگرت.
بە سەدان هەزار کورد گیانی خۆیان و لە بوودجەی زۆرێک لە دەوڵەتەکان زیاتر، سەروەت و سامانی خۆیان لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا بەخت کردووە.
لەم شەڕە دژوارەدا، کوردستان وێران بوو، بە ملیۆنان کورد ئاوارە بوون. زوڵم و ستەم و دڕندەییەکی وەها ڕوویدا کە لە گوتن نایەت.
بەڵام سۆسیالیزمی پارتی کرێکاران هەر لە سەرەتاوە ڕێکخستی چەواشە کرد. ئەو ڕێکخراوە نەک شەڕی دەوڵەت، بەڵکوو لە دژی هەموو دینامیکی کۆمەڵگەی کوردی شەڕی کرد. بزووتنەوە و فراکسیۆنە کوردییەکانی دیکە بە هێرشی چەکداری لەناوچوون. دوژمنایەتی نێوان ئەرستۆکراسی کورد و ئاغاکان بووە هۆی ناکۆکی توند. شەڕ لە نێوان دوو لایەنی هەرە گەورەی پارتی و یەکێتیدا ڕوویدا. لەو شەڕانەدا هەزاران کورد کوژران.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکاران لە ڕۆژی یەکەمەوە خۆی کرد بە هەمەکارەی ئەو ڕێکخراوە و لە هەموو شوێنێک پۆستەرەکانی و لە گۆرانی و کتێبەکاندا ستایشی ئەو و سەرۆکبوونە بێ مشتومڕەکەی، منافسەی لەگەڵ کوردستاندا دەکرد.
ئەو هێزەی کە بە ئەرکی ئەوەی هەموو شتێک بۆ کوردستان، لە هەموو شوێنێک کوردستان و هەمیشە کوردستان، دامەزرابوو، گۆڕدرا. ئیدی هەموو شتێک بۆ سەرۆک، لە هەموو شوێنێک سەرۆک و هەمیشە سەرۆک بوو! ئیدی “بژی کوردستان” لە زمانی شەڕڤانەکاندا نەما، بەڵکو بوو بە “بژی سەرۆک”، تەنها بژی سەرۆک!
بەرە بەرە سەربەخۆییخوازی لە بەرنامەی پارتی کرێکاران وەلانرا
ئۆجالان لە ساڵانی 1990دا ڕووی لە تورکایەتی کرد. ئەو دەیهەویست تورکیا قبووڵی بکات و پارتەکەی وەک پارتێکی تورکی جێبکەوێت. دیارە شەڕێکی بێ ئەنجام زیاتر لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورکدا بوو.
کاتێک کە ساڵی 1999 لە کینیاوە هێنرایە تورکیا، یەکەم قسەی لە ناو فڕۆکەکەی تورکیەدا ئەوە بوو: “من بۆ خزمەتکردن ئامادەم”. لە ماوەی دادگاییکردنەکەشیدا درێژەی لەم هەڵوێستەی بەردەوام بوو. داوای لێبوردنی لە بنەماڵەی کوژراوانی تورک کرد و هەموو ئەو شتانەی گوت کە بە دڵی تورکەکان بوو.
بەڵام با و خولیای کوردستان، کوردی لە هۆش بردبوو. هەرچییەک ڕوویدابا، هەرچییەکی گوتبا، شەڕ هەبوو، خوێن هەبوو، کورد هەبوو، کەس هێزی ئەوەی نەبوو بڵێت “چی، بۆچی، چۆن؟”
وەک چۆن مرۆڤ لە گەرمەی لێدانێکدا هەست بە برینەکانی ناکات، کورد هەستی بەو برینە سەختانە نەدەکرد کە لە جەستەی کوردایەتیدا دەدران.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکاران لە ساڵی 2002دا پەکەکە هەڵوەشاندەوە. کۆنگرەی گەل و کادەک تاقیکرانەوە. پەکەکە لە ساڵی 2004 دیسان دامەزرایەوە. بەڵام ئەمجارە ئەو حیزبە بەئاشکرا ڕایگەیاند کە تەڤگەری ئازادی کوردستان نییە و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێت.
وەک عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی 27ی شوباتدا وتی، پارتی کرێکاران لە ساڵانی نەوەدەکانەوە مانای خۆی لەدەستدابوو. بەڵام سەدان هەزار کەس کە دوای ئەم شەپۆلە کەوتبوون، ئاگایان لەم شکست و لەناوچوونە نەبوو.
ئاش بە گرمە و هەیتەهۆلێکی بێ وێنەوە دەگەڕا، بەڵام ئەو تەنیا خۆی دەهاڕی. تەنها خۆی دەهاڕی و کرێکاران لەوە بێ ئاگا بوون. ئەوان بەو دەنگە و گرمە گرمە سەرخۆش و سەرمەست بوون. وەک موریدی زیکری تەریقەت، شیشیان بە جەستەی خۆیاندا ڕۆ دەکرد و بە پێی خواسی لەسەر پیلۆی ئاگر دەڕۆیشتن، بەڵام هەستیان پێنەدەکرد.
لە 27ی شوباتی 2025دا لایەنگرانی پارتی کرێکاران لە ئامەد، وان و ئیستەنبوڵ بە جۆش و خرۆشەوە لەبەردەم شاشە زەبەلاحەکاندا کۆبوونەوە. دەهۆڵ و زۆڕنایان لێدا و گۆڤەندیان گێڕا.
بەڵام دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، وەک ئەوەی ئاوێکی ساردیان بەسەریاندا ڕژاندبێت، بە بێدەنگی بڵاوەیان کرد.
ئۆجەلان باسی لەوە دەکرد کە پەکەکە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە مانای خۆی لەدەست داوە. باسی لەوەشکرد، کورد پێویستی بە هیچ شتێک نییە، هەر لە دەوڵەتەوە بگرە تا دەگاتە مافە کولتوورییەکان، پێویستی بە هیچیان نیە و تەنها تورکیا دیموکراتیک بێت، بەسە! با لقوپۆپەکانی پەکەکە چەکەکانیان دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
بانگەوازەکەی ئۆجەلان بە هیچ شێوەیەک شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو. ئۆجەلان خۆی ماوەی 30 ساڵە ئەم قسانە دووبارە دەکاتەوە. چونکە ئەم قسانە هاوکات قسەی دەوڵەتی تورکیش بوون، کەس باوەڕی پێ نەدەکرد، بەڵام قسەکان هەر ئەوە بوون.
دوای چل ساڵ شەڕ، گەلی کورد مافی خۆیەتی بپرسێت: ئێمە چ قوڕێکمان بە سەری خۆماندا کردووە؟ بە دەیان هەزار کوڕ و کچی لاوی ئازا، لەپێناو چیدا گیانیان بەخت کرد؟ ئەگەر بۆ کوردستان نەبوو، کەواتە بۆ چی بوو؟!
بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکەکان! بۆ خزمەتگوزاری شارەوانی! بۆ گۆڤەند سازکردن لە گۆڕەپانەکاندا! بۆ قسەکردن لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان! بۆ لە ئامێز گرتنی دەوڵەت باخچەلییەکان! بۆ خۆشی و قسەی خۆش!
تورکەکان زۆر بێبەزییانە گەمە دەکەن. لە بیابان وشتر دەدزن، پاشان نمایشیان دەکەن و قازانج دەکەن! لە ڕێگای دانانی “قەییۆم”ـەوە دەست بەسەر شارەوانیەکاندا دەگرن، ئینجا کە قییۆمەکان دەکشێننەوە، پارتیزانەکان ئاهەنگ دەگێڕن!
کەسانی بێتاوان زیندانی دەکەن، پاشان بە ڕێگەدان بۆ بەشداریکردن لە تازیەیەک یان ئازادکردنی دوای ساڵانێکی زۆر، منەتباریشیان دەکەن!
ڕەبەن لە بیابان بیر ناکاتەوە. لە بنەرەتدا حوشتر هی تۆ بوو، بەڵام ئەو دزی و ئەم فێڵەی لێ کردیت، تۆی لە ڕێگاکەت دوور خستەوە! نەخێر، حوشترێکی بینی، دەست و قاچی ماچ دەکات! بۆ سەرکەوتنێکی گەورە، ئاهەنگ دەگێڕێت.
بەڵام هەر لە بیاباندایە! بەم بیرکردنەوە هەمیشە لە بیاباندا دەبێت. پێویستی بە لەتکە نانێک، کوپێک ئاو و تۆزقاڵێک سێبەر دەبێت!
ئەوانەی گیانیان بەخشی، لەپێناو کوردستاندا بەخشیان. لەپێناو کوردستانێکی سەربەخۆدا بەخشیان. بەڵام دوای چل ساڵ جەنگ، کەشتییەکە لە سەر قوڕ و وشکانی ڕۆنیشت.
هەموو لایەک پشتگیری لە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەن. پشتگیری پەکەکە ناکەن. هەمووان پشتگیری لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەن. پشتگیری لە بۆچوونەکانی ئۆجەلان ناکەن. ئەم دووانە بەقەد زەوی و ئاسمان لەیەکتر دوورن.
بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دروستە، پەکەکە دەبێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. بەڵام نابێ بە یەک وشەش باس لەسەر دۆزی کوردستان بکرێ! بەڵام نابێ بە یەک وشەش باس لە دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێ!
وە گرنگترین شت کە کورد هەرگیز باسی ناکات: بڵێی پلانی دەوڵەتی تورک چی بێت کە پرۆسەیەکی وەها بەڕێوەدەبات؟