پێویستە ژنانی کورد و بە تایبەت ئەو ژنانەی کە ئێستا لە ناو پەکەکەدان، بە حزبەکەیان و بە ئۆجەلان بڵێن ئیدی بەسە.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیزی
لە یەکێک لە شارەکانی کوردستاندا ژنێکی جوان هەبوو کە خەریکی نیگارکێشان بوو. ئەو پێی وابوو کە لە ڕێگەی ئەم کارەوە دەتوانێ خزمەتێک پێشکەش بە نیشتمانەکەی بکات. ئەو ژنە عاشقی پیاوێک بوو بە ناوی “عەبە”. عەبە کەسێکی خەیاڵپەرست و ساحیر بوو کە لە ڕێگەی قسەخۆشی و گێڕانەوەی ئەندێشەی ئەو بیرمەندانەی کە گرینگییان بە ڕزگارکردنی خاک و ئازادیی کورد و پێڕەوانی کۆمەڵگەی کوردی و سۆسیالیزمی ڕاستەقینە، توانیبووی بچێتە ناو دڵی ئەو ژنەوە. بەم شێوەیە ژنەکە ببوو بە عاشقی عەبە و ئەم خۆشەویستییە بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو.
کاتێک عەبە دڵنیا دەبێتەوە کە ژنەکە عاشقی بووە، ئەوکات قۆناغی دووەمی پیلانەکەی بەسەر ژنەکەدا جێبەجێ دەکات. عەبە چەند بڕیارێکی خۆی، وەک “نابێ ئەو خواردنە بخۆی، نابێ ئەو جۆرە جلوبەرگانە لەبەر بکەیت و هتد…”ی بەسەر ژنەکەدا دەسەپێنێت.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و لەگەڵ ئەم بڕیار و کردەوانەی عەبە، ژنەکە هەستی بەوە کرد کە هێواش هێواش خەریکە کەسایەتی و ناسنامەکەی خۆی لەدەست دەدات و کەسایەتییەکەی لەناو کەسایەتیی ئعەبەدە دەتوێتەوە.
شەوێک لە شەوان کە ڕەشەبایەکی بەهێز هەڵیکردبوو، ژنەکە لەبەردەم ئاوێنەدا وەستا و سەیری دەموچاوی خۆی دەکرد، ئاوێنەیەک خاوێن نەبوو، پارچە قوماشێکی هەڵگرت بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئاوینەکەی پێ خاوێن بکاتەوە، بەڵام یەکسەر ئاوێنەکە لە دەستیدا دەشکێت و پارچە پارچە بوو. کاتێک کە لەناو پارچەکانی ئاوێنە شکاوەکەدا سەیری ڕوخساری خۆی کرد، ژنەکە لەبری ئەوەی دەموچاوی خۆی ببینێت، خۆی بە زنجیرێکی نادیار زنجیرکراو بینی و چەندین دیمەنی ڕەشی هاتەبەرچاو کە ئەزموونی کردبوون.
بە بینینی ئەو دیمەنانە، بەو ئەنجامە گەیشت کە؛ ڤیان خاوەندارێتی نیە، بەڵکو واتای ڤیان ئەوەیە کە مرۆڤ ئازاد بێت، نەوەک کۆیلەی کەسی بەرانبەری بێت.
دوای ئەوەی ئەم ژنە بەم باوەڕە گەیشت، بڕیاریدا کۆتایی بە پەیوەندییەکەی خۆی لەگەڵ عەبەدا بهێنێت. ئەم جیابوونەوەیە بەو مانایە نییە کە ئیتر عەبەی خۆشناوێت، بەڵکو ئەوە مانای ئەوەیە کە هەر کەسێک دەبێ لەپێشدا خۆی خۆش بوێت و ڤیانی بۆخۆی هەبێت و دواتر بۆ کەسێکی دیکە. پاشان ئەم ژنە بڕیاریدا ژیانێکی نوێ دروست بکات، بەڵام دیمەنێکی نوێ بۆ خۆی دروست بکات، دیمەنێکی نوێ کە بێسنوور بێت. وەک سیمۆن دی بفوارای فەرەنسی دەڵێت: “کاتێک کە تۆ خۆشەویستی دەکەیت، مانای ئەوە نییە کە دەست لە خۆت بەردەی”.
بۆچی ئەم چیرۆکەم گێڕایەوە؟ من ئەم چیرۆکەم هەڵبژارد چونکە لە یادی 8ی مارسدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازێکی ئاراستەی ژنان بە گشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی کردووە و هەوڵ دەدات کە بە قسەکانی فەیلەسوفی فەرەنسی “سیمۆن دی بفوار”، تێزەکەی خۆی بسەلمێنێت.
پێم وایە ئۆجەلان لەم فەیلەسوفە بە هەڵە تێگەیشتووە، چونکە ئەم فەیلەسوفە پێیوایە کە نابێ مرۆڤ لە ئەنجامی ڤیان و خۆشەویستیدا، تا کۆتایی تەمەنی ببێتە کۆیلەی خۆشەویستەکەی، بەتایبەتی کاتێک خۆشەویستەکە دەبێتە دیکتاتۆر بەسەر ئەویندارەکەیدا. ئەم فەیلەسوفە دەڵێت کاتێک خۆشەویستەکەت هەوڵی هەڵوەشاندنەی کەسایەتیت دەدات، خودی خۆت هەڵدەوەشێنێتەوە و لەناو کەسایەتی خۆیدا سنووردارت دەکات، لەو کاتەدا پێویستە ئەو پەیوەندییە کۆتایی پێبێت.
بە هەزاران ژن و کچی کورد هەبوون کە کەوتنبوونە ژێر کاریگەریی هزری ئۆجەلان و وازیان لە هەموو چێژ و خۆشییەکانی ژیانی خۆیان هێنا و وەک پێغەمبەرێک لە ئۆجەلانیان دەڕوانی. ئەم ژنانە پێیانوابوو کە ئۆجەلان کوردستانی گەورە ئازاد دەکات و دەوڵەتێکی کوردی دادەمەزرێنێت و گەلی کورد سەربەست و ئازاد دەکات، هەروەها ژنان دەبنە کەسایەتییەکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بەڵام ئەمڕۆکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێ، ئێمە پێویستمان بە دەوڵەتی کوردی و ئۆتۆنۆمی یان فیدراسیۆنێکی کوردی نیە و ئەوانە بیرکردنەوەی نەتەوەیی و دواکەوتووانەن. پێویستە ژنانی کورد و بە تایبەت ئەوانەی ئێستا لە ناو پەکەکەدان، بە حزبەکەیان و بە ئۆجەلان بڵێن هەتا ئێرە ئیدی بەسە.