ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە: کێ سەرکەوت و کێ دۆڕا؟

ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە: کێ سەرکەوت و کێ دۆڕا؟

ڕێکەوتنەکە دەرئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە کە لە 14ی شوباتدا لە پاریس سەبارەت بە سووریا بەڕێوەچوو.

ڕۆژی 10ی ئادار ڕێککەوتنێک لەنێوان مەزڵووم عەبدی سەرۆکی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکوومەتی کاتی سوریا واژۆ کرا. دوای ئەم ڕێککەوتنە، هەموو لایەنە سیاسییەکان و ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە سیاسەتەوە هەیە، مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە لەو ڕێکەوتنەدا “کێ سەرکەوت و کێ دۆڕا”. هەموو ئەکتەر و هێزە سیاسییەکانی مەیدانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوە سەرکەوتنە.

بەڵام لەئەنجامی ئەم ڕێککەوتنەدا هیچ هێزێکی سیاسی بەتەواوەتی سەرنەکەوتووە. هەر کەسە و بە ئەندازەی مووان نزیکەی یەک دوو سانتیم پێشکەوتوون یان دواکەوتوون. هیچ سەرکەوتن و شکستێک بۆ هیچ کام لە لایەنەکان لە گۆڕێدا نییە. ئەم ڕێککەوتنە تەنها ڕێککەوتنێکە کە هەر دەسەڵاتێک پشوویەکی کورت دەدات و کات دەکڕێت و چاوەڕێی پاکبوونەوەی تەم و مژەکە دەکات بۆ ئەوەی کە پێشی خۆیان باشتر ببینن. ئەمە ڕێککەوتنی کۆتایی نییە، کاتییە. پرۆسەیەکە کەوا هەمووان خۆیان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی ئامادە دەکەن. بۆیە پێویست ناکات کە مرۆڤ بەم ڕێکەوتنە لە هیوای گەورە یان نائومێدی مەزندا بژین.

بەڵام ئەم پرۆسەیە بەتایبەتی بۆ کوردان زۆر گرینگ و هەستیارە. ئەم ڕێککەوتنە لە ڕوانگەی کوردیشەوە ڕێککەوتنی کۆتایی نییە. پێویست ناکات مرۆڤ زۆر ڕەشبین بێت و هەروەها نابێ وابیر بکاتەوە کە سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستهاتووە. لە واقیعدا کورد لەم ڕێکەوتنە نووسراوەدا هیچ دەستکەوتێکی بەرچاوی بەدەست نەهێناوە. ئەگەر کورد بەڕاستی بە عەقڵی سەلیم لایەنە نەرێنی و ئەرێنییەکانی ئەم ڕێککەوتنە تاوتوێ بکات، هەنگاوی دروست بەرەو داهاتوو دەنێت. ئەگینا بە ڕێبازی “من دروستمکرد و کۆتایی هات”هیچ دەسکەوتێک بەدەست ناهێنرێت. بۆیە مرۆڤ دەبێ بە شێوەیەکی بابەتیانە و ئۆبژەکتیڤ سەیری ئەم ڕێککەوتنە بکات.

پێویستە هەر لەسەرەتاوە بڵێین لایەنی سەرەکی ئەرێنی ئەم ڕێککەوتنە ئەمەیە: “لێدوانەکانی ئۆپەراسیۆن و داگیرکارییەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژئاڤا” پووچەڵ کراونەتەوە.

با لە چەند مانشێتێکدا دۆخەکە کورتەبڕ بکەین…

خاڵی یەکەم خاڵێک نییە کە مافی کورد مسۆگەر بکات

لە مادەی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە “گەرەنتی کردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان”، هیچ واتایەکی بۆ کورد نییە. چونکە لەم بارودۆخەی ئێستادا وەزیری دەرەوەی ئەحمەد شەرع کوردێکی خەڵکی حەسەکەیە. نوێنەرایەتی تاکەکەسی کورد گرینگ نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی ناسنامەی نەتەوەیی کوردە کە گرینگە. ئەگەر ئێوە مەزڵووم عەبدیش لە جێگای ئەحمەد شەرع دابنێن، ئەوا پۆزیسیۆنی کورد ناگۆڕێت. تورگوت ئۆزالیش کورد بوو، هاوکات لە بەڕێوەبەریی ئاکەپەدا دەیان وەزیری کورد هەبوون و هەن و دەشیانگوت کە کوردن. بەڵام بەداخەوە بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیانەوە نەبوون.

خاڵی دووەم مافی نەتەوەیی کورد ڕەتدەکاتەوە: کورد بە “کۆمەڵگەی کورد” پێناسە دەکرێت

لە مادەی دووەمی ڕێککەوتنەکەدا پێناسەیەک بۆ کورد هەیە. “کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سوریا گەرەنتی مافی هاووڵاتی بوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات”.

ئەم ماددەیە لەو ڕووەوە ئەرێنییە کە باسی کورد دەکات، بەڵام خۆبەڕێوەبەریی کوردی لەخۆ ناگرێت. لە دەقی عەرەبیشدا، دەستەواژەی وەک “گەلی کورد”، “نەتەوەی کورد”، یان “میللەتی کورد” بەکارنەهاتووە، بەڵکو تەنیا “کۆمەڵگەی کورد” بەکارهێنراوە. کۆمەڵگە چییە؟ لە گرووپێک پێکدێت کە پێکەوە دەژین. بەکارهێنانی دەستەواژەی “کۆمەڵگەی کورد” لە ڕێکەوتنەکەدا، واتای ئەوەیە کە هەبوونی نەتەوەی کورد ڕەد دەکاتەوە. واتە لە ڕێکەوتنەکەدا بابەتی وەک “مافەکانی کورد” و “مافی خۆبەڕێوەبەریی کورد” یان “ستاتۆی کوردان” بوونیان نییە.

دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە سلێمان دەمیرل لە ساڵی 1991دا گوتی “من هەقێقەتی کورد دەناسم”. لە ئەنجامدا سیاسەتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە کورد ڕوونە. هەر ڕێبازێک کە نەیتوانی کورد وەک نەتەوەیەکی جیا بناسێت، جۆرێکە لە کۆلۆنیالیزم بە توندییەکی جیاواز.

لێدوانی وتەبێژەکانی هەسەدە، هاوشێوەی فەرهاد شامی و ساڵح موسلیم، کە هەوڵ دەدەن خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی لێکبدەنەوە و بە گوتنی ئەوەی کە “پێویست ناکات بڵێین ئەم خاڵە مانای ئەوەیە و ئەو خاڵە مانای ئەمەیە”. بەڵام لە ڕاستیدا هیچ خاڵێک لە ڕێککەوتنەکەدا نییە کە ئێمە بتوانین بڵێین کورد سەرکەوتووە.

ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، لەو ڕێککەوتننامەیەی کە لە 11ی  ئازاری 1970دا لە نێوان مەلا مستەفا بارزانی و سەدام حسێن سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق واژۆ کرا، مافەکانی کورد زۆر بە ڕوونتر خرابوونەڕوو. بە واتایەکی تر ڕێککەوتنەکەی 10ی ئازاری 2025، داخوازیی زۆر کەمتر لە ڕێککەوتننامەی 11ی ئازاری 1970 لەخۆدەگرێت و بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت.

ماددەی چوارەم: ڕادەستکردنی دامەزراوەکانی خۆسەرەکانی کورد دەستکەوتێکی ١٢ ساڵەیە

لە مادەی چوارەمی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە: “سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاڤا) دەخرێنە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی سوریاوە؛ دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتییەکان و گازییەکان دەچنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە”. ئەمەش ئەو مانایە دەگەیەنێت کە دامودەزگا ئۆتۆنۆمییەکانی ڕۆژئاڤا کە 12 ساڵە بوونیان هەیە و وەک نیمچە دەوڵەت دەناسرێن، بەداخەوە ڕادەستی دیمەشق دەکرێن. ئەمە خەسارێکی گەورەیە بۆ کورد. هەروەها ڕوون نییە کە ئەم خاڵە چۆن جێبەجێ دەکرێت.

لە بنەڕەتدا کاتێک سەیری ئەم سێ خاڵە دەکەین کە بۆ کورد گرینگن، دەتوانین بڵێین: ئەم ڕێککەوتنە، ڕێککەوتنێکی سەرکەوتوو نییە. ئەم ڕێککەوتنە؛ لە بەرامبەر 40 هەزار شەهید و ئاوارەیی و ماڵوێرانی لە ماوەی 14 ساڵ خەباتی ڕۆژئاڤادا، لە بواری دەستەبەرکردنی داخوازییە نەتەوەیی و ناسنامەییەکانی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد زۆر لاوازە.

پلانی ئۆجەلان بۆ “میساقی میللی و ڕۆحی ئەشمە” ڕێگری لێکرا

ئەم ڕێککەوتنە زیاتر لە کورد شەرعیەت بە سەرۆکی حکومەتی کاتیی هەتەشە، واتە جۆلانی دەدات. دوای سەردانەکەی بۆ ئەورووپا هێزی وەرگرتبوو بەڵام دوای کۆمەڵکوژکردنی عەلەوییەکان لەلایەن چەکدارانی حکوومەتەکەی جۆلانیەوە، بەشیوەیەکی بەرچاو مەشرووعییەتی دابەزیبوو. بێگومان کورد لەم ڕێککەوتنە بەرپرسیار نییە. ئەم ڕێکەوتنە لەلایەن یاریزانە سەرەکییەکانەوە پێکهاتووە.

ئەم ڕێککەوتنە بە ڕێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع نەکراوە. ئەمە دەرئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە کە لە ڕێکەوتی 14ی شوباتدا لە پاریس سەبارەت بە سووریا بەڕێوەچوو. بە واتایەکی تر ئەم ڕێککەوتنە بە پێی ئەجێندای ئەمریکا و فەرەنسا کراوە. کورد لەم ڕووەوە زۆر ئیمتیازی هەیە. لە جەنگی جیهانی یەکەمدا زلهێزە باڵادەستانەی کە کیانی کوردیان دابەش کرد، ئەمجارە دەیانهەوێت لە ئاستێکی باڵادا پشتیوانی لە کورد بکەن. ئەمەش ئاڤانتاژێکی گەورەیە بۆ ڕۆژئاڤا. ئەم هێزە تورکیاشی سنووردار کردووە.

لە ڕاستیدا ئەم ڕێککەوتنە تەنانەت ڕێگری لە ئەجێندای نێوان عەبدوڵڵا ئۆجالان و تورکیا سەبارەت بە ڕۆژئاڤا کردووە. هەرچەندە ساڵح موسلیم و هاوسۆزانی پەکەکە دەڵێن “رێککەوتنەکە بەگوێرەی ئەو نامەیەی ئۆجەلان بۆ ڕۆژئاوای ناردووە واژۆ کراوە”، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. ئەگەر نامەکەی ئۆجەلان نامەیەکی زۆر شەرەفمەندانە بووایە زۆر لەمەوبەر دەخوێندرایەوە.

ئۆجەلان لە نامەکەیدا کوردەکانی ڕۆژئاڤا ڕەتدەکاتەوە، هەر بۆیەش نامەکەی ناخوێندرێتەوە. جگە لەوەش میتۆدی ئۆجەلان لە ڕۆژئاڤادا سەرکەوتوو نەبووە. چونکە هێڵی گشتی ئۆجەلان هێڵی “میساقی میللی”یە و ئاپۆ لە ساڵی 2014دا ڕێبازێکی بۆ ڕۆژئاڤا خستەڕوو: “ڕۆحی ئەشمە”، واتە ئەو دەیهەویست ڕۆژئاڤا لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادا بێت، ئەوەش سەری نەگرت.

بەڵام هێشتا 2 مەترسی گەورە لەبەردەم ڕۆژئاڤادا ماون، یەکەمیان بوونی تورکیا و دووەمیشیان بوونی ئۆجەلان…

بەداخەوە ئەوانەی کە لە دامەزراوە سیاسی و بەڕێوەبەرییەکانی ڕۆژئاڤادا جێدەگرن، قوتابیانی قوتابخانەکەی ئۆجەلانن. هەربۆیە هێز و ئیرادەی ئەویان نییە کە بە پەرسپەکتیڤێکی نەتەوەیی و کوردستانی لە بابەتەکە بڕوانن. ئەم عەقڵیەتەی ئاپۆ ماوەی 12 ساڵە کوردانی ڕۆژئاڤا بەرەو فەوتان دەبات. ئەگەر کورد هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی دروستی گرتبایە ئێستا دۆخەکە جیاوازتر دەبوو. ئەوەی دەتوانێ ڕۆژئاڤا ڕزگار بکات، گرتنەبەری ڕێبازێکی کوردایەتی و دوورکەوتنەوە لە ئۆجەلان و پەکەکەیە.

هێشتا مرۆڤ نابێت بەتەواوی ڕەشبین بێت، بەڵکو نابێت مرۆڤ چیتر نە لە مەزڵووم عەبدی و نە لە فڵان کەس و فیسارەکەس، بوت دروست بکات. ئەم ڕێککەوتنە دەرئەنجامی کۆتایی نییە، بەڵکوو سەرەتایەکە. ڕۆژئاڤا شوێنێکە کە هەموو کورد دەیهەوێت بیپارێزێت و بەرگریی لێبکات.

پوستێن ھەمان بەش