بەبێ ستاتوویەکی دیاریکراوی کورد لە سەر خاکی خۆی کە بۆخۆی خۆی بەڕێوە ببات، هیچ “مافێک” بۆ کورد دەستەبەر و گەرەنتی ناکرێت.
شەیخمۆس ئۆزەنگین
لە ڕێکەوتی 10ی ئازاری 2025دا ڕێککەوتنێک لە نێوان مەزلوم عەبدی و سەرۆکی دیفاکتۆی سووریادا واژۆ کرا. لەسەرەتای ڕێککەوتنەکەدا، سەبارەت بە هۆکارەکانی واژۆکردنی “رێککەوتنەکە” نووسراوە:
“لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نێوان بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵوم عەبدی، لە رۆژی دووشەممە 10ی ئاداری 2025، ئەم خاڵانەی خوارەوەی رێککەوتنی لەسەرکرا:”
لە مادەی یەکەمدا بنەمای ڕێکەوتنەکە ئەوەیە کە هەموو لایەک بەتایبەت کوردیش بەشدارییەکی کارا لە بنیاتنانی سوریادا بکەن. ئەمە مانای چییە؟ ئەمەش بەو مانایەیە کە کورد هەڵگری بنیاتنانی دەوڵەتی نوێی سوریا دەبێت. کورد لەبری ئەوەی ناوماڵی خۆی ڕێکبخات، لە هەوڵی ڕێکخستنی ناوماڵی دوژمنەکەیەتی! ئایا منداڵانی کورد لەپێناو ئەوەدا گیانیان بەخت کرد کە ببنە فەرمانبەری دەوڵەتی عەرەبی و ئەو دەوڵەتە سەرلەنوێ ئاوەدان بکەنەوە؟
لە مادەی دووەمدا دەستەواژەی “ماف” هیچ شرۆڤەیەکی بۆ نەکراوە کە بە چ مانایەک دێت و دەستەواژەیەکی بەتاڵە. مافی چی؟ ئایا مافی ئەوەی هەیە کە وەک هاووڵاتییەکی سووریا بژی، یان مافی ئەوەی هەیە وەک کوردێک کە لە سەر خاکی باشووری ڕۆژئاوای کوردستاندا خاوەن دەسەڵاتی خۆیەتی، بژی؟ ئایا مافی ئەوەی هەیە سوپا و پەرلەمان و ئاسایش و یاساکانی خۆی دابمەزرێنێت و وەک هەرێمێکی خاوەن سەروەری (فیدراسیۆن، ئۆتۆنۆمی) خۆی بەڕێوەببات؟ وشەی “ماف” بە تەنها بۆ خۆی هیچ مانایەک و گەرەنتییەکی نییە.
هەروەها لە مادەی سێیەمدا باس لە ئاگربەست کراوە؛ چۆن ئاگربەست لەسەر خاکی سووریا دەستەبەر دەبێت؟ بە هەزاران ئیسلامیستی مرۆڤکوژ و داگیرکەر و خۆپەرستی ئۆزبەک و چیچانی و تورکی بەربەری، لە دیمەشق کۆبوونەتەوە و بوونەتە حاکم و سوریایان بە دیفاکتۆ کۆنترۆڵکردووە، ئایا “رێککەوتنی ئاگربەست” لەگەڵیاندا دادەمەزرێت! گەرەنتی ئەمە چییە؟ تۆوی دوژمنایەتی لەسەر خاکی سوریا لە لایەن ڕژێم و ئەو هێزە توندڕەوانە چێنراوە. هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و تائیفییەکانیان کردووە بە دوژمنی یەکتر، بەبێ ئەوەی هەر پێکهاتەیەک لە چوارچێوەی خاکی خۆیدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ حوکمڕانی بکات، چۆن دەتوانن لە ژێر دەسەڵاتێکی ناوەندیدا کۆببنەوە؟ پێکهاتەکانی سووریا لە دژی یەکتر بەکارهێنراون و بەدوای تۆڵەسەندنەوەدان. هەموو کەس وەک “گرووپێکی توندوتیژ” دەیانبینن، کەچی مەزڵووم عەبدی دەچێت بەناوی کوردەوە ڕێککەوتنێکیان لەگەڵدا واژۆ دەکات. ئەمە داخوازی نەتەوەیەک نییە، بەڵکو داخوازی هەندێک زلهێزە، کە ئیرادە و دڵخوازی کورد نین.
ماوەیەکی زۆرە تورکیا لە ڕێگەی هێزە نیمچە سەربازییەکانییەوە، چالاکیی سەربازیی بێ ناوبڕ لەسەر خاکی سووریا ئەنجام دەدات. بەشێک لە ڕۆژئاوڤای کوردستانی خستۆتە ژێر هەڕەشەی شەڕ و هێرشی سەربازیی و بەشێكی دیکەشی بە هاوکاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفونی و نامەوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر مەزڵووم عەبدی دانابوو. مەزڵووم عەبدی ئەم کردەوە و پرسەی لە نەتەوەکەی و هەڤاڵانی خۆی شاردەوە و باسی ئەوەی نەکرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان چی لێی دەوێت بۆ تورکەکان!
ئامانجی تورکیا ئەوەیە کە ڕێگری لە دەسکەوتەکانی کورد بکات و نەهێڵێت کورد ببێتە خاوەن حکوومەت و ستاتۆی خۆی. دیارە لێرەشدا دەوڵەتی تورکان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرکەوتوو بوون.
لە مادەی چوارەمدا، کورد وەک فەرمانبەر لە بنیاتنانی سووریا دەکاتە ئامانج. ئەمەش ئەو مانایە دەگەیەنێت کە کورد پشتگیری لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێ بکات، تا ئەم دەوڵەتە دادەمەزرێت! دوای دامەزراندن و بەهێزبوونی دەوڵەتی سووریا، ئیدی ئەوەی بەسەریدا دێت گرنگ نییە. چونکە لەم داواکارییەدا دامودەزگا کوردییەکان دیاری نەکراون کە بتوانن کورد بپارێزن.
بەبێ ستاتوویەکی دیاریکراوی کورد لە سەر خاکی خۆی کە بۆخۆی خۆی بەڕێوە ببات، هیچ “مافێک” بۆ کورد دەستەبەر و گەرەنتی ناکرێت. ئەو ئیدیعایانەی کە پێناسە نەکرێن و ڕوون نەبن، هیچ ناوەڕۆک و بنەمایەکیان نییە.
هەروەها لە مادەی پێنجەمدا هاتووە کە بۆ سووریا، هیچ سوریایەکی نوێ و فیدراڵی لە ئارادا نییە و پرۆژەکە سوریایەکی ناوەندییە. بۆیە لەگەڵ دەوڵەتی سووریادا کار بۆ “گەرەنتیکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانی سووریا بۆ گوند و شارەکانیان” دەدات. ئەگەر پرۆژەکە سوریایەکی فیدراڵی بوایە، گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی کە بەهۆی توندوتیژی و چەوسانەوە لە شەڕ هەڵاتوون، لەگەڵ حکومەتی سوریا گفتوگۆی لەسەر نەدەکرا و نەدەخرا نێو ڕێککەوتنەکەوە. حکومەتی هەرکام لە هەرێمەکان، بەرنامەی بۆ کۆچبەرانی خۆی دادەنا و ڕاگەیاندنیان لەوبارەوە دەردەکرد. مادام بڕیارە سوریایەکی ناوەندگەرا (مرکزی) دابمەزرێت کە هیچکام لە پێکهاتەکانی خاوەن قەوارە و ستاتۆی خۆیان نەبن، ئیدی بۆچی لەسەر ئەو هەموو چەمکە بێ واتایە ڕێکدەکەون؟ بە ڕوونی بڵێن “دەوڵەتی سووریا لە سەرانسەری سوریادا دەسەڵاتی هەیە” و تەواو.
هەروەها لە ماددەی شەشەمیشدا زۆر بە ئاشکرا داوای ئەوە دەکرێت کە لە هەمبەر رێژیمی ئەسەددا، دەبێت ئەوانەی کە ئەمڕۆکە دەسەڵاتی دیمەشقیان بە دیفاکتۆ گرتۆتە دەست، ڕەوایەتییان پێبدرێت و بەرگرییان لێبکرێت. کوردەکان دەکەن بە حەماڵ و هاوبەشی ئەم کارە گڵاوە. دیکتاتۆرێک ڕۆیشت، بەڵام کەسێک لەو خراپتر دەسەڵاتی دیفاکتۆی دیمەشقی بەدەستەوە گرتووە. مەزڵووم عەبدی دەیهەوێت ببێتە هاوبەشی کارەساتەکانی ئەوان! ئەم حکومەتە خوێنڕێژە، دەیهەوێت لە ڕێگەی هێزی کورد و دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ کورداندا، ڕەوایەتی و شەرعیەت بە خۆی بدات.
مادەی حەوتەمیش پاڵپشتی کورد وەردەگرێت و هەوڵ دەدات سوریایەکی ناوەندگەرا دروست بکات. ئەوانەی هەوڵی دامەزراندنی ستاتوی خۆیان دەدەن لەسەر خاکی سووریا و داوای “جیابوونەوە” دەکەن، دەکرێنە ئامانج و داواکارییەکانیان ڕەتدەکرێنەوە. مەزڵووم عەبدیش بە ناوی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ئەم ڕێککەوتنەی واژۆ کردووە. ئەمە خۆی لەخۆیدا ڕەتکردنەوەی ستاتوویەکی کوردی کوردستانییە.
لە مادەی هەشتەمیشدا، بە ئەمرێک داوای جێبەجێکردنی هەموو ئەو ماددانە دەکات و داوای دامەزراندنی لیژنە دەکات و بەبێ شرۆڤەکردن، فەرمانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەردەکات.
لێرەدا ڕاەیاندراوێکی مەزڵووم عەبدی دەخەینەڕوو کە دوای ڕێکەوتنەکە لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاویکردەوە:
“ئێمە پابەندین بە بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر کە مافەکانی هەموو سوورییەکان مسۆگەر بکات”.
ئێوە بە چ هێز و دامەزراوەیەک “داهاتوویەکی باشتر” بنیات دەنێن؟
من لە مەزڵووم عەبدی دەپرسم: تۆ لەڕێگەی کام دامودەزگا و دەسەڵاتەوە و مافی کام سووریەییانە پەسند دەکەیت؟
تۆ چۆن “مافی” ئەوان دەپارێزیت؟
مەبەستی تۆ لە”ماف” چییە؟