بەداخەوە لە ئێستادا مافە ڕەواکانی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە سەر دەستی پەکەکە، لەناو دەبرێن.
بووبێ ئەسەر
بەر لەوەی زیندانی دیاربەکر بە ناوی “5 نۆلی” (سفر 5) بکرێتەوە، هەموو زیندانییەکان لە زیندانەکانی دیکەدا بوون، وەک زیندانە سەربازییەکانی 1 ـ 2 و 3، کە زیندانیانی سیاسی تێدا ڕاگیرابوون. بەڵام دواتر ئەو زیندانە کرایەوە کە گوایە بۆ ئارامی و ئاسوودەیی زیندانییەکان بوو.
دوای چۆڵکردنی ئەو سێ زیندانە، پێش 12ی ئەیلوولی 1980، هەموو زیندانییە سیاسییەکان لە زیندانی “5 نۆلی”دا کۆکرانەوە. بارودۆخی زیندانییەکان تا ڕادەیەک لە زیندانەکانی پێشوو باشتر بوو. لەناو قاویشەکانی زیندانەکەدا کۆبوونەوە و هاتن و ڕۆشتن هەبوو.
لە ناو قاویشەکاندا ڕادیۆ هەبوو. ئێمەی زیندانی بۆ ئەوەی خۆمان پەروەردە بکەین و ئاستی زانیاریی خۆمان گەشە پێبدەین، کتێبمان دەخوێندەوە و پێکەوە گفتوگۆمان دەکرد. ئگەرچی زۆر نەبوو، بەڵام ئێمە چەند مانگێکی بەوشیوەیە خۆشمان بەسەر برد.
لەگەڵ هاتنی 12ی ئەیلولدا، دۆخی زیندانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ گۆڕانکاریی بەسەردا هات. سەرەتا، کاتێک کە خواردنیان بۆ دەهێناین، ناچاریان دەکردین کە پێش نان خواردن، دوعای خواردن بخوێنین. هیچ کام لە ئێمە دەنگمان لە دژی ئەمە بەرز نەکردەوە و گوتمان “ئەوە تەنها دوعایەکە و زۆر گرنگ نییە”، بۆیە دەتوانم بڵێم نزیک بە تەواوی زیندانییەکان ئەو دوعایەیان دەخوێند.
ئەوە سەرەتا و ئاماژەی ئازارە مەترسیدارەکان بوو کە ئێمە ئاگامان لێی نەبوو. دوای ئەمە پێیان گوتین کە ئێوە دەبێ هەموو بەیانیەک سوێندەکەی ئێمە و سروودی نەتەوەیی تورکیا بخوێننەوە. هەرچەندە ناڕەزایشمان دەربڕی، بەڵام جگە لە هەندێک ئیستسنا نەبێت، بەسەرماندا سەپێندرا.
پاشان، هێواش هێواش لەناو شوێنی هەواخوەرییەکەدا (حەوشەیەک کە لە دەرەوە بە دیواری بەرز دەورە دراوە) ڕێپێوانی سەربازییان پێدەکردین. ئەمە ئیدی وەک یاسایەک بەسەر ئێمەی زیندانیدا سەپێنرا کە ئەوان هەرچییەک بڵێن دەبێ ئێمە بەبێ شەرت و مەرج جێبەجێی بکەین. ئێمە ئەو دەرفەتەمان هەر لەو ڕۆژەوە پێدان کە گوتیان “ئێوە دوعای خواردن بخوێنن”.
ئەشکەنجە و لێدانەکانی پاسەوانەکانی زیندان زیاتر بوون و ئەو ڕۆژانەی کە لێمان نەدەدرا، بە خۆمان دەمانگوت: “بۆچی ئەمڕۆ نەهاتن لێمان بدەن؟” بەرپرسانی زیندان گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی کە ئەگەر بتوانن سەرکردەی پارتە سیاسییەکان تسلیمی خۆیان بکەن و لە ڕێگەی ئەوانەوە داواکارییەکانیان بخەنە ڕوو، زیندانییەکان هەر شتێک قبووڵ دەکەن. بۆیە زیاتر ئەو کەسانە ئەشکەنجە دەدران تا لە سەماعەکانی زیندانەوە بانگی زیندانییەکان بکەن بۆ ئەوەی سەرجەم مەرج و شەرتەکانی بەرپرسانی زیندان قبووڵ بکەن و جێبەجێیان بکەن.
پاش ماوەیەک ئەو زیندانە بوو بە شوێنی لێدان و ئەشکەنجەی توند. هەرکەسێک بە فەرمانی ئیدارەی زیندانەکەوە پابەند نەبووایە، رەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکان دەکرا و لەوێدا بە هەموو جۆر و شێوازێک ئەشکەنجە دەدرا کە هەمووی لەسەر کاربەدەستی ئەفسەری زیندان ئەنجام دەدرا. چیرۆکێکی درێژە و ئیدی ئێستا ئێوەش دەیزانن کە کۆتاییەکەی بە کوێ دەگەیشت.
زۆربەی ئەو کەسانەی لەو زیندانە ئازاد کرا، ئیدی فێری بەکارهێنانی زمانی تورکی کرابوون. بۆیە لە ماڵەکانی خۆشیاندا، لەگەڵ ئەندامانی خیزان و خزمەکانیاندا بە زمانی تورکی قسەیان دەکرد و قسە دەکەن. ئەو زمانی تورکی قسە کردنەی کە ئەوان بە داری زۆر ناچاریان کردین، قبووڵی بکەین، ئیدی زۆربەی قارەمانەکانی ناو ئەو زیندانە تەنانەت دوای ئازادبوونیشیان هەر بەو زمانە قسەیان کرد و ئەو زمانەیان بەکارهێنا.
کاتێک پەکەکە خەباتی چەکداریی دەستی پێکرد، گوتیان هەر چوار پارچەی کوردستان ئازاد دەکەین و ئازاد و سەربەخۆ و سۆسیالیستی، دادەمەرزێنین. ئەم داخواز و دروشمەی ئەوانیش بە دڵی ئەو کوردانە بوو کە سالەهای ساڵ لە ژێر ئەشکەنجەی داگیرکەراندا دەیانناڵاند و ئازاریان دەچێژت.
بە یەکەم تەقەیان، خەڵک پێی وابوو کوردستان لە چنگی داگیرکەران ڕزگار دەکەن و کورد لەسەر خاکی خۆی بە ئازادی دەژی و زمان و داب و نەریتی کوردی سەرلەنوێ زیندوو دەبێتەوە. دروشمی دەستپێکی شەڕی پەکەکەش بەجۆرێک بوو کە هەموو گەلی کورد چاوەڕوانی شتێکی لەم شێوەیە بوون.
بەڵام هەزارجار بەداخەوە، لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕ، گەریلاکانی پەکەکەش بە ئامۆژگاری سەرۆک و سەرکردەکانیان دەستیان بە چەوساندنەوە و زوڵم کردن لە خاوەن زەوییەکان و بنەماڵە گەورەکان کرد و ناچاریان کرد لایەنگری پەکەکە بکەن بۆ ئەوەی خەڵکی گوندەکە ئەوان قبووڵ بکات. ئەم خاڵەیان لە زیندانی دیاربەکر وەرگرتبووو هەر بەو پێیەش زۆرێک لە خاوەن زەوی و زار و ئاغا و سەرۆک هۆزە نیشتمانپەروەرەکان و بنەماڵەکانی کورد کوژران یان ناچار کران کە چەکی دەوڵەتی تورک هەڵبگرن. ئەمەش بە دڵی دەوڵەتی تورک بوو.
ئاغا و سەرۆک عەشیرەتەکان و گەورەماڵانی کورد کە وەک پەکەکە نەجووڵابانەوە، دەکوژران و گوندەکانیان پێ چۆڵ دەکرا. ئەم شەڕە، ئاگرێکی وەهای لە کوردستان بەردا کە بوو بە هاتوهاوار. لە ناو شەڕ و پێکدادانەکانیشدا دەنگی ڕاستی و ئاشتی نابیسترێت.
چونکە چاوی خەڵک تەنها لەسەر شەڕ بوو و گوێیەکانیشیان تەنها تەقەی گوللـەیان دەبیست. ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی مرۆڤەکان توانای بیرکردنەوە و دۆزینەوەی ڕێگای ڕاستیان نەما. وەک چۆن لە زینداندا نەدەبوو بیر بکەینەوە و گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەین و ناچاریان دەکردین کە ڕۆژانە کتێبەکەی ئەتاتورک و سروودی نەتەوەیی تورکەکان بخوێنینەوە و لەبەریان بکەین.
بۆیە لە ناو ئەو سەرلێشێواوییەدا کەس نەیدەزانی ئەم شەڕە بۆ چییە و بە قازانجی کێیە. چونکە ئیدی کۆمەڵگە بەپێی بارودۆخی شەڕ دیزاین کرابوو. هەر بۆیە کاتێک چەکدارێکی تورک دەکوژرا، کەیف و شایی دەکەوتە ناو گەریلاکانی پەکەکە و بەشێک لە کوردەکان خۆشییان دەکرد و ئاهەنگیان دەگێڕا. بەڵام جەنگاوەرێک نەیدەتوانی بیر لەوە بکاتەوە کە لە هەمبەر کوشتنی چەکداریکی تورکدا، بە دەیان شەڕڤانی کورد گیانی لەدەست دەدا و بەم شتە دڵتەنگ نەدەبوون.
لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕ، دەنگ و ڕەنگی عەبدوڵڵاش وەکوو سەرکردەیەکی کورد بەرز کرایەوە. ئەوانەی ئەم کارەشیان کرد زۆرتر میدیای تورکەکان بوون. بەڵام کورد کە چاوەڕێی تۆزقاڵێک ئازادی بوو، ئاگایان لە زیان و قازانجی شەڕەکە نەبوو. ئەوان تەنیا باوەڕیان وابوو کە ئەم شەڕە ئازادییان بۆ دەهێنێت.
لە سایەی ئەم شەڕە قێزەونەی پەکەکەدا، زۆرێک لە نیشتمانپەروەران بە بیانووی بێ بنەمای، لایەنگریکردن لە داگیرکەران، کوژران و زۆرێک لە خەڵکی گوندەکان ناچار کران کە لە ترسی گیانی خۆیاندا، چەکی دەوڵەتی تورک هەڵبگرن تا بتوانن بەرگری لە خۆیان و گوندەکەیان بکەن. پەکەکە ناوی خۆریجیتیی لەسەریان دانا و شەڕکردنی لەگەڵیان دەستپێکرد.
ئاغا نیشتمانپەروەرەکان کە پشتیوانییان لە پەکەکە نەدەکرد، هەموویان تاڵان کران و گوندەکانیان وێران کران. هەندێک لە ئاغا و خاوەن زەویەکان بۆ ئەوەی گوندەکانیان چۆڵ نەکرێن و خەڵکی گوندەکە نەکوژرێن، ناچار بوون کە چەکی دەوڵەتی تورک هەڵبگرن. بە واتایەکی تر، پەکەکە لە ڕێگەی ئەم شەڕە گڵاوەی خۆیەوە، سیستمی خۆریجیتی (پاسەوانی)ی دامەزراند، کە ئەمەش بۆ دەوڵەتی تورک، نیعمەتێک بوو.
پەکەکە خەریکی شەڕێک بوو کە لە بەرژەوەندی کورداندا نەبوو، زیاتر لە 400 گوند چۆڵ کران و گوندنشینەکان ناچار کران کە ڕوو لە شارە تورکەکان بکەن. ئیدی لەوێ چییان بینی و چییان بەسەردا هات، هەموومان دەیزانین.
پەکەکە لە سایەی شەڕە قێزەونەکەیەوە، چەندە کەسی زانا و ژیری نیشتمانپەروەر هەبوو، هەمووی کوشتن. شەڕی لەگەڵ ئاغا و گوندنشینە نیشتمانپەروەرەکان دەکرد. جینۆساید و وێرانکارییەکی وای ئەنجامدا کە کوردستانی بە دڵی داگیرکەران چۆڵ کرد. لە ترسی کوشتنی خۆیان و منداڵەکانیان، ئیدی کەس نەیدەوێرا تەنانەت ڕەخنەیەکی بچووکیش لە پەکەکە بگرێت.
بەمەش ڕازی نەبوون و لە شەقام و کۆڵانەکانی ئەورووپاشدا تیرۆرکردنیان دەستپێکرد. بەم هەنگاوە وایان کرد کە تەنانەت ئەو وڵاتانەش کەوا دۆستی کورد بوون، ئیدی خۆیان لێیان دوور دەخستەوە. لە سەرانسەری ئەوروپادا، کوردیان وەکوو تیرۆریست وێنا کرد. بێگومان ئەمانە هەمووی پڕۆژەی دەوڵەتی تورک بوون کە لەسەر دەستی پەکەکە ئەنجام دران.
لە هەموو تاڵتر ئەوەیە کە پەکەکە وازی لە سەربەخۆیی هەر چوار پارچەی کوردستان هێنا و گوتی فیدراسیۆن باشە. دوای ماوەیەک گوتیان ئەوەش خراپە. دواتر ئۆتۆنۆمی و پاشان زمان بوو بە ئەوپەڕی داخوازییەکەیان.
واتە پەکەکە وردە وردە ئەندامانی خۆی و کۆمەڵگەی کوردی فێری کارێکی هەڵە کرد و جگە لەوەش کەمالیزمی لەبەرچاویان شیرین کرد. بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا لە 27ی شوباتی 2025، پێمان دەڵێت کە شەڕی 40 ساڵەی پەکەکە بۆ بەهێزکردن و پاراستنی داگیرکەران بووە. بەڵام ئەمڕۆکە ئەگەرچی ئەمە ڕوون بووەتەوە، کەچی ئەو کۆمەلەی کە لەگەڵ پەکەکە گەورە بوون و گەشەیان کردووە و زۆربەیان بوونەتە موریدی، ئەمەش وەکوو سەرکەوتنێک ناو دەبەن.
بۆ داننان بەم شکستە، ئەمڕۆ “پارتی دەم”ی پەکەکە، پڕوپاگەندەکردن بۆ ئەم پرۆسەی لەناوبردنی کوردەی، دەستپێکردووە. بۆ ئەوەی کورد ئەمە قبوەڵ بکات، خۆپیشاندان و میتینگ ساز دەکەن.
ئەم ڕووداو و کردەوانە لە سەر دەستی پەکەکە ئەنجام دەدرێن کە پەروەردەی خۆی لە زیندانی دیاربەکرەوە وەرگرتووە. بەداخەوە تا ئێستاش نەتەوەی کوردمان بە ئاگا نەهاتووەتەوە و ئەو ترسەی کە پەکەکە لە دڵیاندا چاندوویەتی، ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر لە دڵیاندا ماوەتەوە. بۆیە ناتوانن ڕاستیەکان ببینن و باسی بکەن.
پەکەکە و تەنانەت ئەو حیزب و ڕێکخراوانەش کە خۆیان بە کوردستانی ناودەبەن، لە هەمبەر ئەم پرۆسەی لەناوبردنەی کورددا، بێدەنگن. ناتوانن پێکەوە بەرەیەکی نەتەوەیی پێکبهێنن و بەناوی ئەو بەرەیەوە بچنە سەر شەقامەکان و هاوار بکەن و بڵێن کە ئەمە پرۆسەی ئاشتی نییە.
بەداخەوە لە ئێستادا مافە ڕەواکانی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە سەر دەستی پەکەکە، لەناو دەبرێن. ئەو ڕێککەوتنانەی کە دادەڕێژرێن و واژۆ دەکرێن، بەتەواوەتی لەناوچوونی کوردانە.
کوردینە، ئێوە ئیدی لەناو دەچن، ئاگاداری خۆتان بن. ئیدی نەک سەدەیەک، بەڵکوو تەنانەت چەندین سەدەش ناتوانێت لە فەوتان و لەناوچوون ڕزگارت بکات. لەم سەردەمە نوێیەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا، ئێوە ئەگەر کارێکی بەسوودتان کرد باشە، ئەگینا لەناو دەچن…
دیارە سپاس بۆ بزووتنەوەی سەد ساڵەی بارزانییەکان کە کوردیان لەسەر پێ ڕاگرتووە و ڕاشیدەگرن. ئەگەر بارزانییەکان و بزاڤ و بەرخۆدانەکەیان نەبوایە، دەمێک بوو کە کورد لەناو دەچوون. بەڵام بە هەبوونی باشووری کوردستان، ئیدی هیچ هێز و دەسەڵاتێک ناتوانێت کورد بەتەواوی لەناو ببات. چونکە ڕێگا و ڕێبازێکیان هەیە…
(بەردەوام دەبێت)