چرای کوردایەتی بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە و کەسانی وەک قەرەسوو و ئۆجەلان، خۆیان لە زبڵدانی مێژوودا دەبیننەوە.
سمکۆ عەبدولعەزیزی
پیاوێک هەبوو خۆی بە نوێنەر و پاشای میللەتەکەی ناساندبوو، بەڵام میللەتەکەی کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتێکی گەورە. ئەو کەسەی کە خۆی وەکوو پاشای میللەتەکەی خۆی ناساندبوو، لەگەڵ ئیمپراتۆرە داگیرکەرەکەیدا لەسەر نەخشەڕێگەیەک ڕێککەوتبوون کە زمان و کلتووری میللەتەکە لەناو ببەن. لای خۆیەوە ئیمراتوور گەلی ناچار کردبوو کە بە زمانی ئەوان قسە بکەن و بخوێننەوە و هەموو ئەو کتێبانەی سووتاند کە بە زمانی میللەتەکە نووسرابوون، نەک هەر ئەوە بەڵکوو یادەوەرییە پیرۆزەکانی نەتەوەکەشی قەدەغە کردبوون.
لە هەمبەر ئەو زوڵمەدا، لە دڵی هەر هاووڵاتییەکدا چرایەکی شاراوە هەڵببوو. ئەو چرایە، چرای نەتەوەییبوون بوو و داگیرکەران نەیاندەتوانی ئەو چرایە بکوژێننەوە.
لاوێکی ژیر لە ناو ئەو میللەتەدا دەژیا و لەسەر چیرۆک و بەسەرهاتەکانی باو باپیرانی خۆی پەروەردە کرابوو. چیرۆکەکان هەموویان لەسەر مێژووی میللەتەکەی بوون، کاتێک میللەتەکەی ئازاد و سەربەخۆیە، بەو گەنجە گوتراوە کە ئەو کاتەی میللەتەکەی ئازاد بووە، هەر کەسە و لە هەر شوێنێکەوە سروودی نەتەوەیی دەگوتەوە.
ئەو لاوە هەمیشە لە باپیرەی خۆی دەپرسی: چۆن دەبێ تەواوی میللەتەکەمان لەبیری چووبێت کە ئێمە کێین؟
باپیرەکەشی لە وەڵامدا دەیگوت: کوڕم، کاتێک پاشای میللەتێک و داگیرکەران دەبنە هاوپەیمان، ئەوکات مێژوو لەبیر دەبرێتەوە و داهاتووی سەربەخۆیی لەناو دەچێت، بەڵام ئەمە نابێت بە کۆتایی چیرۆکەکە، هەرکاتێک کەسێک لەناو میللەتەکەدا هەستایە سەرپێ و مێژووی میللەتەکەی جارێکی دیکە وەبیر گەلەکەی هێنایەوە، هیوای داهاتوویەکی گەشی بەخشی، ئەکاتە چرای نەتەوەیی جارێکی دیکە دەدرەوشێتەوە.
گەنجەکە لە ژێر کاریگەری قسەکانی باپیرەیدا بڕیار دەدات جارێکی دیکە ئاگری چرای نەتەوەییبوون بگەشێنێتەوە.
ئەو لاوە بزووتنەوەیەکی دەستپێکرد و لاوانی دیکەی گوندی کۆکردەوە و فێری زمانی دایکیی کردن. شەوانە ئەو لاوانەی فێری سروودی مێژوویی و نەتەوەیی دەکردن و مێژووی نەتەوەکەی خۆیانی لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان دەنووسی.
ڕۆژێک لە ڕۆژان، ئەو گەنجە لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی گوندەکەدا ڕاوەستا و دەستی بە وتنی سروودی نەتەوەیی سەبارەت بە ئازادی کرد و بۆ ماوەیەکی درێژ ئەو سروودەی دووبارەی کردەوە.
بە خوێندنەوەی ئەم سروودە، گەورەکانی گوند کاریگەریی وەردەگرن و هەستیان بزووت و مێشکیان لە خەوێکی دوور و درێژ بەئاگا هاتەوە و بە دەنگێکی نزم دەستیان بە گوتنەوەی سروودەکە کرد. چەندە دەنگیان بەرزتر بوویەوە، گوێی لاوانی گوندەکە زیاتر کەوتەکار هەستی نەتەوەییان بەهێزتر دەبوو. لە ئەنجامدا گۆڕەپانی گوندەکە بە گوتنەوەی ئەو سروودە گەرم بوو و لە شاخەکاندا دەنگی دەدایەوە.
بەم شێوەیە ئەو لاوە توانی، یەکگرتوویی نەتەوەیی و هیوای گەش لە دڵی هەموواندا ساغ بکاتەوە.
بۆچی ئەم چیرۆکە دەگێڕمەوە؟ من دەمەوێت نیشان بدەم کە ڕۆشنبیریی نەتەوەیی چییە، وەک فەیلەسوفی ئەڵمانی “یۆهان غۆتلیب فیشتە” دەڵێت: نەتەوە تەنیا خاکێک یان حکومەتێک نییە، بەڵکو زمانێکی هاوبەشە، مێژوویەکی یەکگرتوو و شوناسێکی نەمرە و دوژمن چەندە هەوڵ بدات ناتوانێ لە مەیدان وەدەری بنێت.
زۆر گرنگە کەسانێکی وەک قەرەسوو باش بزانن کە گەلی کورد ئێوەی کردووە بە لەهەنگ و پێشەنگ، چونکە ئێوە گەلتان وا تێگەیاندبوو کە دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی کوردستان دەستەبەر دەکەن. ئەو دروشمە ببووە هۆی ئەوە کە بە هەزاران کچ و کوڕی لاوی کورد پەتی سێدارە ماچ بکەن و بە سەدان کوردپەروەر ئاگر لە جەستەی خۆیان بەربدەن هەتا چرای بەدەوڵەتبوونی کورد نەکووژێتەوە. بە هەزاران کەس وازیان لە خۆشی ژیانی خۆیان هێنا و ڕوویان لە چیاکان کرد و بوون بە گەریلا تا لەپێناو ئازادیی وڵاتدا خەبات بکەن.
بەڵام، ئەمڕۆ سەرۆک و ڕێبەرەکەی قەرەسوو هاتووە و لە ژێر ناوی ئاشتیدا، تەسلیمبوون بە کورد دەفرۆشێتەوە و بەبێ ئەوەی داوای هیچ مافێک بۆ کورد بکات، بانگەوازی برایەتی تورک و عەرەب دەکات. لەسەر حیسابی خوێنی هەزاران کچ و کوڕی لاوی کورد خۆی وەک فەیلەسووفی دیموکراسیی گەلان بەرجەستە دەکات تەناه بۆ ئەوەی بکرێت بە کاندیدی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی یان لە زیندان ئازاد بکرێت. سەرەڕای ئەمانە، قەرەسوو دەڵێت هەرکەسێک پێچەوانەی ئەم پێڤاژۆیە دەرکەوێت، پێویستە دەستگیر بکرێت و دەنگی خامۆش بکرێت.
قەرەسوو! هەمووکەس لەگەڵ ئاشتیدایە، بەڵام نە ئەو جۆرە ئاشتییەی کە سەرۆک و ڕێبەرەکەت بانگەوازی بۆ دەکات. چونکە ئەوە ئاشتی نییە، ئەوە کۆیلایەتی کردنی کوردە بۆ تورکەکان، زیاتر باڵادەست کردنی داگیرکەران و ژێردەستەیی زیاتری کوردانە، ئەوە بێحورمەتکردنی کوردەکانە. بەڵام تۆ و ڕێبەرەکەشت باش دەزانن کە چرای کوردایەتی گەشاوەیە و گەشاوەتریش دەمێنێتەوە و کەسانی وەک تۆ و سەرۆکەکەت، هاوشێوەی حەسەن خەیری خۆیان لە ناو زبڵدانی مێژوودا دەبیننەوە.