“بەپێی بانگەوازەکەی 27ی شوبات، پێویستە پەکەکە کۆنگرەی خۆی ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە”.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، سەبارەت بە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ڕایگەیاند: “بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دواناخرێت”.
باخچەلی سەبارەت بە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە بۆ چەکدانان و پەیمانی ئەنتەگراسیۆن کە لە نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدەدا واژۆ کراوە، بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
دەوڵەت باخچەلی لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێ: “پێویستە پەکەکە بە بێ ئەوەی هیچ شەرت و مەرجێک بخاتەڕوو، بەپێی بانگەوازەکەی 27ی شوبات، کۆنگرەی خۆی ببەستێت و بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوە خۆی بدات، چەکەکانی ڕادەستکردنی چەکەکانیشی نابێ دوابخرێت و دواناخرێت، ئەم بابەتە لە ڕۆژەڤی ئێمەدایە”.
باخچەلی گوتیشی: “عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری تیرۆریستەکان کە پەکەکەی دامەزراندووە و فەرماندەیی دەکات، هاوکات ڕێبەری دامەزرێنەری ئەو ڕێکخراوەیە. هەرکەسێک چی دەڵیت با بیڵێت، ڕاستییە ئاشکراکە، ئەمەیە”.
سەرۆکی مەهەپە سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی دەم پارتی دەشڵێت: “بێگومان من دەمهەویست سبەینێ بەشداری دووەمین کۆبوونەوەی شاندی پارتی لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی بکەم و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەین، بەڵام هاوڕێکانم کە بۆ نوێنەرایەتی پارتەکەمان ئەرکدار کراون، بڕوام وایە بۆشایی من پڕدەکەنەوە و بە ڕۆحێکی ڕوون و پاک بۆچوونەکانمان بۆ موخاتەبەکانیان دەردەبڕن”.
باخچەلی سەبارەت بە ڕێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، ڕایگەیاند: “ئەو ڕێککەوتنە 8 خاڵییەی کە لە 10ی ئازاردا لە سووریا لە نێوان سەرۆک کۆماری عەرەبی سووریا و سەرۆکی پەیەدە/یەپەگە واژۆ کرا، ئاستەنگێکی بەرچاوی تێپەڕاندووە و یەکپارچەیی سیاسی و جوگرافیای سووریا تەسبیت کراوە”.