لە خۆپیشاندانەکانی ئیستەنبۆڵدا زیاتر لە 1800 کەس دەستبەسەر کراون

لە خۆپیشاندانەکانی ئیستەنبۆڵدا زیاتر لە 1800 کەس دەستبەسەر کراون

دوای دەستبەسەرکرانی ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ، لە شارەکانی تورکیادا خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەچوو.

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند لە خۆپیشاندانەکانی ئیستەنبۆڵدا زیاتر لە 1800 کەس دەستبەسەر کراون.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورک، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئادار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە لەو چالاکییانەی کەوا لە دژی بڕیاری دوورخستنەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵودا بەڕێوەچوون، 150 پۆلیسی تورکیا بریندار بوون و 1879 خۆپیشاندەریش دەستبەسەر کراون.

یەرلیکایا ئاشکراشیکرد کە 260 کەس لە دەستبەسەرکراوەکان، زیندانی کراون و 486 کەسیشیان بە مەرجی کۆنترۆڵی عەدلی ئازاد کراون و هاوکات 662 کەسیش هێشتا دەستبەسەرن.

 وەزیری ناوخۆی دەولەتی تورکیا گوتیشی: خۆپیشاندان مافێکی دەستوورییە، بەڵام نابێ تێیدا چەک بەکار بهێندرێت و هێرش بکرێتەو سەر هێزەکانی پۆلیس.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە ڕێکەوتی 19ی ئاداردا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بە تۆمەتی “گەندەڵی” و “یارمەتیدانی پەکەکە” دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دادگای ژمارە 10ی سزا قورسەکانی چاگیلانی تورکیاوە سزای زیندانیکرانی بۆ بڕدرایەوە.

دوای دەستبەسەرکرانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لە زۆرێک لە شارەکانی تورکیادا خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و هاووڵاتیان دژ بە بڕیارەکەی دەوڵەتی تورک ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

پوستێن ھەمان بەش