جەهەپە جێگری ئیمامئۆغلو بۆ سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ دیاری دەکات

جەهەپە جێگری ئیمامئۆغلو بۆ سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ دیاری دەکات

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بە نهێنی بەڕێوە چوو.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئیستانبوڵ، بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکی شارەوانیی پارێزگاکە بە وەکالەت دیاریی کرا.

چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، ئاژانسی ئەنادۆڵ، زمانحاڵی فەرمیی دەوڵەتی تورک بڵاوی کردەوە، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بە نهێنی بەڕێوە چوو.

نووری ئاسڵان، کاندیدی جەهەپە کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئیستانبوڵە، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، بە سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ هەڵبژێردرا و پۆستەکە بە وەکالەت بەڕێوە دەبات.

بە پێی ئاژانسەکە، لە خولی یەکەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ،301 دەنگ دران و پێنج دەنگیش ئەژمار نەکران. ئاسڵان، کاندیدی جەهەپە 173 دەنگ و ئۆکوڵ، کاندیدی ئاکپارتی 123 دەنگیان بەدەست هێنا.

لە خولی دووەمی دەنگدانەکەدا 302 دەنگ درا و ئاسڵان 177 دەنگ و ئۆکوڵ 125 دەنگیان بەدەست هێنا.

بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی ڕەها، خولی سێیەمی دەنگدان بەڕێوە چوو و تیایدا 302 دەنگ درا و ئاسڵان، کاندیدی جەهەپە 177 دەنگ و ئۆکوڵ، کاندیدی ئاکپارتی 125 دەنگیان بەدەست هێنا. بەو ئەنجامەش کاندیدەکەی جەهەپە، بووە سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ بە وەکالەت.

چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، هێزێکی ئەمنیی تورکیا هەڵیکوتایه‌ سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و دەستگیریان کرد.

دەستگیرکردنیشی کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە، هاووڵاتییان بۆ پشتگیریکردن لە ئیمامئۆغڵو ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانێکی بەرفراوانیان کرد.

پێنجشه‌ممه‌، 20ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو له‌ تۆڕی (ئێكس) داوای له‌ هاووڵاتییانی توركیا كرد، بێده‌نگ نه‌بن و له‌ دژی ئه‌و “شه‌ڕ”ـه‌ی له‌ توركیا هه‌یه‌، ده‌نگ هه‌ڵبڕن. گوتووشیه‌تی، پرسی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی پرسێكی به‌ ته‌نیا پارته‌كه‌ی نییه‌، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی توركیاوه‌ هه‌یه‌.

پوستێن ھەمان بەش