ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ دەستبەسەرکرا

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ دەستبەسەرکرا

جەهەپە: 20 ئۆتۆمبێلی پڕ لە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئیمامئۆغڵو و دەستبەسەریان کردووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئاداری 2025، هێزێکی ئەمنی تورکیا هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و دەستگیریان کردووە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئیستانبوڵ هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند شوێنێک لە نێویاندا چوونەتە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و ڕاپێچیان کردووە، هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا 104 کەسی دیکەی دیکەشیان دەستگیرکردووە لە نێویاندا ڕۆژنامەنووس و بازرگان هەن.

میدیاکان ئاماژەیانداوە، بڕیاری دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو و ئەوانی دیکە لەلایەن داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ جووڵێنراوە.

بە گوتەی گۆکهان گونایدن لە جەهەپە، 20 ئۆتۆمبێلی پڕ لە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ.

لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆی ئیستانبوڵ، عەبدولڕەحمان شیمشەک ڕێکخەری هەواڵ لە ڕۆژنامەی سەباحی تورکی نووسیویەتی، ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بە بەشداری سێ هەزار پۆلیس لە دژی 105 کەس دەستیپێکردووە، کە لە نێوانیاندا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ کراوە، دەستگیرکراون.

دەستگیرکردنی لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، زانکۆی ئیستانبوڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەی 28 دەرچووی ڕاگەیاند، لەنێویاندا بڕوانامەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هەبوو، هۆکارەکەشی بۆ نەگونجانی لەگەڵ ڕێسا و ڕێنمایەکانی دەستەی خوێندنی باڵا گەڕاندەوە و ئاماژەیداوە، ساڵی 1990 ساختەکاری لە مامەڵەی دابەزاندن بۆ بەشی ئینگلیزیی زانکۆکە کراوە.

هەرچەندە ئەو کات ڕاگەیەندراو، بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر بەردەوامی ئیمامئۆغڵو، لە پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی پاریزگای ئیستانبوڵ نابێت، بەڵام ڕەنگە ڕێگریی بکات لە کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، کە بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت کاندیدەکان بڕوانامەی زانکۆی هەبێت

پوستێن ھەمان بەش