ئەوەی ئۆجەلان و پەکەکە لە ئێستادا دژی ئێزیدییەکان ئەنجامی دەدەن، سەرەتای جینۆسایدێکی گەورەیە و دەبێت ڕابگیرێت.
سمکۆ عەبدولعەزیزی
نامەیەکی کراوە بۆ ڕای گشتی، بیرمەند و ڕۆشنبیرانی کورد، پارێزەرانی مرۆڤایەتی و بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە لە نامەکەیدا لە 18/3/2025دا چاوپۆشیی لە ناسنامەی ئێزیدییەکان کردووە.
سڵاو و ڕێز بۆ ئەو دەنگە ئازادانەی کە پاڵپشتی گەلی ئێزیدیمان دەکەن و مێژوو و مافی ژیان و تراژیدی و ئازادیی ئێزیدییەکان لەبەرچاو دەگرن.
دەپرسم، مرۆڤ چۆن دەتوانێت لەسەر ئێزیدییەکان بنووسێت و باسی بنەچەکەیان نەکات؟
ئەمە چ دادپەروەری و ڕۆشنگەرییەکە کە ئیعتیراف بە خوێنی ئەوان دەکەیت، کەچی ناسنامەکەیان پشتگوێ دەخەیت، ئەو ناسنامەیەی کە بەقەد دەریاکان خوێنی لە پێناودا ڕژاوە؟
لەم ساڵانەی دواییدا دەستەواژەی “پێکەوە ژیانی گەلان و مرۆڤایەتیی گەردوونی” بووەتە ئامرازێک کە پەکەکە و سەرۆکی ئەو حیزبە بەکاری دەهێنن و دەیانهەوێت لە ڕێگەی سیاسەت و لێدوانەکانیانەوە ئەو دروشمانە لەسەر ئێزیدییەکان جێبەجێ بکەن.
شتە مەترسیدارەکەی ئەمە ئەوەیە کە زمانێکی بەتاڵ لە ناسنامەی کوردایەتی ئێزیدییەکان بە کار دەهێنرێت. پەکەکە و سەرۆکەکەی لە لێدوانەکانیاندا بە ڕوونی ئەوە دەخەنە ڕوو کە کوردایەتی بارێکی قورسە لەسەر شانی ئێزیدییەکان و دەبێت ئەو بارگرانییە لە سەر شانیان هەڵبگیرێت.
ئێزیدییەکان بەهۆی “ئایین و نەتەوە”کەیانەوە دەبنە قوربانی، هۆکاری ئەوەی کە تراژیدیای ئێزیدییەکان زیاتردەکات، تەنیا بیروباوەڕە ئایینیەکەیان نییە، بەڵکو کوردبوونیانە.
لە پڕۆسەی مێژووییدا، ئێزیدییەکان لە دوو لایەنەوە نکۆڵییان لێدەکرێت، “نکۆڵی ئایینی و قڕکردنی نەتەوەیی”.
کاتێک پرۆسەی یادەوەریی کۆلەکتیڤی ئێزیدییەکان هەڵدەسەنگێنین، بەردەوام وێنەیەک دەبینین کە ئێزیدییەکان نەک هەر ڕووبەڕووی ڕووداوی لێکدابڕان بوونەتەوە، بەڵکوو ڕووبەڕووی زنجیرەیەک کۆمەڵکوژی و پێشێلکاریی سیستماتیک بوونەتەوە. کۆمەڵکوژی و پێشێلکردنی ناسنامە و شوناسی ئێزدییەکان لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە فەرمانی 73 کە داعش لە شنگال بەڕێوەی برد و لە دوایین جاریشدا فەرمانی 74 کە لەلایەن پەکەکەوە دژی ئێزیدییەکان ئەنجامدرا.
بە کورتی فەرمانەکان (کۆمەڵکوژییەکان) دژ بە بە ئێزیدییەکان بەم شێوەیە بوون:
1ـ ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانەی کە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە بەرامبەر ئێزیدییەکان ئەنجامدران، بوونە هۆی ئەوە کە بەشێک لە ئێزیدییەکان بە ناچاری دەستبەرداری ئایینەکەیان بن و بوون بە موسڵمان.
2- فەرمانی میری بۆتان، “بەدرخان بۆتانی”، کە لە ساڵی 1832دا، ئێزیدییەکان لە چیای شنگال بە هۆکاری نەتەوەیی و ئایینی کرانە ئامانج.
3- سیاسەتی بەعەرەبکردن لە سەردەمی حزبی بەعسدا، لەو ماوەیەدا ئێزیدییەکان بە زۆرەملێ ئاوارە کران و گوندەکانیان وێران کران و ویستیان بەوشێوەیە دەست لە ناسنامەی کوردبوونیان هەڵبگرن.
4- ئەو فەرمانەی کە ساڵی 2014 لە شنگال لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا، هەزاران ئێزدی بەهۆی ئایین و نەتەوەکەیانەوە کۆمەڵکوژ کران و کچان و ژنەکانیشیان وەکوو کەنیز مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و بە کۆیلە کران.
5- ئەو فەرمانەی بە دەستی پەکەکە و سەرۆکی ئەو حیزبە لەسەر ئێزیدییەکان جێبەجێ دەکرێت، “پێکەوە ژیانی گەلان، مرۆڤایەتی گەردۆنی”، کە ئامانج لێی دوورخستنەوەی ئێزیدییەکانە لە نژادی “کورد”بوونیان.
ئەمە تەنها گەڕانەوە نییە بۆ ئەو کارەساتانەی کە بە درێژایی مێژوو بەسەر ئێزیدییەکاندا هێنراون، بەڵکوو درێژەپێدان و خاوەندارێتیکردن لەو ستەمکارییە ئایینی و نەتەوەییەییانەیە کە دژ بە ئێزیدییەکان بەڕێوەچوون.
فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ دەڵێت “ئەوانەی مێژووی خۆیان نەناسن، دەبنە قوربانیی قسە و وێناکردنی داگیرکەران”.
کوردبوونی ئێزیدییەکان ڕاستییەکی مێژووییە کە سەلمێنراوە و نکۆڵی لێناکرێت. کوردبوونی ئێزیدییەکان تەنیا بیرۆکەیەک نییە، بەڵکو واقیعێکی ئەنترۆپۆلۆژیک و زمانەوانی و ڕۆشنبیری و جوگرافیایە.
زمانی ئێزیدییەکان، زمانی کوردییە، بە زمانی کوردی نوێژ و عیبادەتی خۆیان دەکەن، کتێبە ئاینییەکانیان بە کوردی نووسراوە، بە کوردی بیر دەکەنەوە و جلوبەرگ و مۆسیقا و ڕێوڕەسمەکانیان هەمووی کوردییە. ئەو خاکەی کە تێیدا دەژین، “لالەش، بادینان، بەعشیقە، شنگال، شێخان و هتد…”، دەکەوێتە ناو دڵی جوگرافیای کوردستانەوە.
سەبارەت بەم بابەتە، فەیلەسوفی ئەڵمانی یۆهان گۆتفرید ڤۆن هێردەر دەڵێت، “زمان ڕۆحی نەتەوەیەکە و هەر نەتەوەیەک زمانەکەی لەدەست بدات، خۆشی لەدەست دەدات”.
بە هەمان شێوە جۆن ستوارت میل، فەیلەسوف و بیرمەندی لیبڕاڵی بەریتانی دەڵێت، “ئەوانەی زانیارییان لەسەر نەتەوەکەی خۆیان نەبێت، مافی ئازادییان نییە، چونکە هۆشیاری نەتەوەیی مەرجێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە دیموکراسی”.
هەربۆیە دوورخستنەوەی ئێزیدییەکان لە ناسنامەی کوردایەتی خۆیان بە ناوی “پێکەوە ژیانی گەلان، مرۆڤایەتیی گەردوونی” دەبێتە هۆی نەهێشتنی ڕەگوڕیشاڵی ئازادی لە ماناکانی خۆی و بەتاڵکردنەوەی دادپەروەری لە ماناکەی لای ئێزیدییەکان.
ئەوەی مرۆڤ هەستی پێدەکات ئەوەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە گۆرانی “دەروێش عەبدی” بە ئەنقەست هەوڵی داوە ئێزیدییەکان لە خۆی نزیک بکاتەوە و خۆی بکاتە پاڵەوانێکی ئێزدی و هەمیشە لە لێکدانەوەکانیدا هەمیسە خۆی وەک دەروێش عەبەدی ناساندووە.
لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا پەکەکە و ڕێبەرەکەی لە ژێر پەردەی “پێکەوە ژیانی گەلان، مرۆڤایەتیی گەردوونی” هەوڵیان داوە ناسنامەی کوردبوونی ئێزیدییەکان لەناو کۆمەڵگەی ئێزیدیدا نەهێڵن و لەناوی ببەن.
ئەمەش بە تەواوی بە پێچەوانەی لێدوانەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە لەسەر گۆرانییەکەی دەروێش عەبدی.
وەک چۆن عەبدوڵڵا ئۆجەلان بزووتنەوەی سیاسی کوردانی باکووری کوردستانی وەکو لاستیک بەکارهێناوە و هەر 10 ساڵ جارێک بەرەو لایەکی ڕادەکێشا، بە هەمان شێوە دەیهەوێت یاری بە ئێزیدییەکان بکات و وەک لاستیکێک مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
پێکەوە ژیانی ڕاستەقینە پەیوەندی بە نەهێشتنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە ناسینەوە هەیە.
ئاشتییەک کە لەسەر بنەمای جینۆساید و فاشیزم بێت، ئاشتی نییە، بەڵکو جینۆسایدێکە کە لەسەر بنەمای قڕکردن بنیات نراوە و ناکەوێتەسەر بنەمای ڕێزگرتن و مافە سروشتییەکان.
لە کۆتاییدا دەڵێم هەر بابەتێک، شرۆڤەیەک، یان پڕۆژەیەک لەسەر ئێزیدییەکان بنووسرێت و دان بە کوردبوونی ئێزیدییەکاندا نەنێت، بابەتێکی ڕاستەقینە نییە، تەنانەت ئەگەر بابەتەکە نییەتێکی باسیشی لە پشتەوە بێت.
ئێمە داوای دانپێدانان بە ناسنامە و شوناسی ئێزیدییەکان ناکەین، چونکە ئێزیدییەکان شوناسی کوردبوونی خۆیان لەدەست نەداوە، بەڵکوو داوا دەکەین کە شوناس و ناسنامەی ئەوان پێشێل نەکرێن و بە دروشم لەناو نەبرێن.
دەمهەوێ بەبیر عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بهێنمەوە کە سەرەتا جینۆساید لە ڕێگەی زمانەوە دەستپێدەکات، پاشان لە ڕێگەی چەکەوە، بۆیە ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە لە ئێستادا دژی ئێزیدییەکان ئەنجامی دەدەن، سەرەتای جینۆسایدێکی گەورەیە و دەبێت ڕابگیرێت.