چەکدارە داگیرکەرەکانی ئەمشات 5 هاووڵاتی کوردیان لە سەرە ڕێگای حەلەب ـ عەفرین ڕفاند

چەکدارە داگیرکەرەکانی ئەمشات 5 هاووڵاتی کوردیان لە سەرە ڕێگای حەلەب ـ عەفرین ڕفاند

بنەماڵەی ڕفێندراوەکان نیگەرانن و دەڵێن ژیانی هەر 5 ڕفێندراوەکە لە مەترسیدایە.

میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی تورکیا، 5 هاووڵاتی کوردی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانیان ڕفاندووە و بەرەو شوینێکی نادیاریان گواستوونەتەوە. چارەنووسی هاووڵاتییە ڕفێندراوەکان لە مەترسیدایە.

ئەمڕۆ شەممە 4/5/2025، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەی “ماباتا”ی عەفرین، لە کاتی گەڕانەوەیان لە حەلەب، لە بازگەیەکی گرووپی ئەمشات لە نزیک گوندی مەرەناز ڕفێندراون.

ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدارانی گرووپی ئەمشات پەیوەندی بە کەسوکاری ڕفێنراوەکانەوە کردووە و لەهەمەبەر ئازادکرانی ڕۆڵەکانیاندا داوای پێدانی فیدیەیان کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە سەرجەم خێزانەکان فیدیەیان داوە بە میلیشیا داگیرکەرەکان، کەچی هیچکام لەو 5 هاووڵاتییە، ئازاد نەکراون.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاشیگەیاند، بنەماڵەی ڕفێندراوەکان نیگەرانن لە بەردەوامی دەستبەسەرکردنی کەسوکارەکانیان و دەڵێن ژیانی هەر پێنج ڕفێندراوەکە لە مەترسیدایە.

ڕفاندنی ئەم 5 هاووڵاتییە سڤیلە دوو ڕۆژ دوای ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و ئیدارەی نوێی سووریا لەسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود) دێت.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە لە گەڕەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە ڕۆژهەڵاتی فورات کشاونەتەوە.

پوستێن ھەمان بەش