ماڵپەڕی خەبەرتورک: “چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی نیساندا کۆنگرەی پەکەکە بۆ مەبەستی چەکدانان بەڕێوە بچێت”.
پەکەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، تا هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەریان بەردەوام بن، کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندەوە نابەستن.
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕایگەیاندووە، بۆ ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بتوانێت کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە ببەستێت، پێویستە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەریان ڕابگیرێت و خودی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆنگرەکە بەڕێوە ببات.
ئەو ئەندامەی کۆنسەری کەجەکە بە پێویستیشی دەزانێت “دەسەڵات قسەکانی خۆی لەبارەی پرۆسەکە بەجێ بگەیەنێت و پەرلەمان پرۆسەکە بخاتە نێو چوارچێوەی یاسایی.” گوتیشی: ئەگەر هەنگاو نەنرێت بۆ پرۆسەکە، ناتوانین بەم شێوەیەی ئێستا بوەستن.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێنج مانگ لەمەوبەر، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) داوای لە عەبدوڵلا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد، پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە. ئەو بوو، لە 27ـی شوباتدا ئۆجەلان بانگەوازی کرد پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
ماڵپەڕی خەبەرتورک، لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی نیساندا کۆنگرەی پەکەکە بۆ مەبەستی چەک دانان بەڕێوە بچێت. بەر لەوەش شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ دەبێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند ڕۆژی ئاییندەدا، سەرۆکایەتیی کۆمار تورکیا ڕێکەوتێک بۆ دەم پارتی دیاری دەکات.
بە گوێرەی زانیاریی ماڵپەرەکە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، شاندی دەم پارتی سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەنەوە و بۆ چوارەمین جار چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجەلان دەکەوێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان جارێکی دیکە جەخت لە چەک دانان دەکاتەوە و دوای ئەو پەیامەش پەکەکە لەم مانگەدا کۆنگرەی هەڵوەشانەوەی دەبەستێت.