76ـەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ئەو فرمێسکەی کە سەد ساڵە وشک نەبووە

76ـەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ئەو فرمێسکەی کە سەد ساڵە وشک نەبووە

 پرسی کورد نە پرۆژەیەکی فیکرییە و نە پرسێکی سیاسیشە، بەڵکوو هاواری هەبوونە.

سمکۆ عەبدولعەزیزی

هیچ نەتەوەیەک بوونی نیە کە هاوشێوەی نەتەوەی کورد، ئەوەندە جەستەی بە چەقۆ و خەنجەر بریندار بووبێت و هەرجارە برینەکانی ساڕێژ بووبێتەوە و دیسانەوە لەسەر پێی خۆی ڕاوەستابێت.

جگە لە پرسی نەتەوەیی کورد، هیچ پرسێکی تری نەتەوەیی، نیە کە ئەوەندە سەرکوت کرابێت و هەڵوەشابێتەوە.

قسەکردن لەسەر کورد، قسەکردن نییە لەسەر گەلێک کە لە پەراوێزی نەخشەی جیهاندا ژیابێتن.

بەڵکوو، کۆنەست و بیردانی سەدساڵەی میللەتێکە کەوا لەسەر دیوارەکان لەخاچ دراوە.

مێژووی هاوچەرخی کورد لە شەڕی خوێناویی چالدران لە ساڵی 1514ـەوە دەست پێدەکات، کاتێک کە کوردستان لە نێوان دوو ئیمپراتۆریەتی (عوسمانی و سەفەوی)دا دابەش کرا.

ئەم دابەشبوونە بەگوێرەی حەز و خواستی کورد نەبوو، بەڵکوو لەسەر بنەمای نەخشەیەکی خوێناوی جوگرافی بوو کە بەسەر خاکی کورداندا سەپێنرا.

ئەمە سەرەتای دابەشبوونی کورد بوو لە مێژووی مۆدێرنیتەدا، کە سەرەتای ئێش و ئازار و ناخۆشیی نەتەوەی کوردە کە زۆرجاران “شێرپەنجە”شی پێ دەگوترێت.

کاتێک ئەم نەخۆشیە لەناو گەلی کورددا بڵاوبووەوە، گەلی کورد هەرگیز نەیتوانی بە ئاسوودەیی بژیت و وڵاتێکی هەبێت کە تێیدا خەون و ئاواتەکانی تێدا بەدی بێن، یان نەخشەیەک هەبێت کە ناوی وڵاتەکەی لەسەر بنووسێت.

بۆ کورد تەنها ڕێگەیەک کە مابوو ئەوە بوو کە خوێن بدەن تاوەکوو ناویان نەسڕێتەوە و لەبیر نەکرێن.

دیسان ژیانەوە و سەرزەنشت و یادەوەریی گۆرانییە خەمناکەکانی باو باپیرانیان وەبیر هاتەوە و لەناو خەڵک و نیشتماندا بڵاویان کردەوە. ئەو گۆرانیانە بوونە هارمۆنیی زۆر ماندووی ناو سروشت.

پرسی کورد نە پرۆژەیەکی فیکرییە و نە پرسێکی سیاسیشە، بەڵکوو هاواری هەبوونە.

نەتەوەی کورد تەنیا بۆ ئەوە شۆڕشیان نەکردووە کە دژایەتی جۆری سیستەمی دەسەڵاتداری بکەن، بەڵکوو کوردان شۆڕشیان دژ بەو پەرگالانە کردووە کە نکۆڵییان لێکروون.

داخوازییەکانی کورد، تەنها مافە سەرەتایی و بنەڕەتییەکان بووە، یەکێک لەو مافە بنەڕەتییانەش ئەوە بوو کە کورد لەسەر خاکی خۆی بە بێگانەیی نەمێنێتەوە.

لە شۆڕشەکانی شێخ سەعیدی پیران، سمکۆی شکاک، ئاگری، قازی محەممەد، بارزانیەکان، گوڵان، ئەیلوول، سەرهەلدان و بەرخۆدانی کۆبانێ و هتد…، ئەم شۆڕشانە چاوەڕێی مێزی فەیلەسووفەکان نەبوون بزانن کە ئایا دەڵێن کورد نەتەوەیە یان نا.

کورد بۆ ڕزگارکردنی خاک و میللەتەکەی لە کۆیلایەتی شۆڕشی کرد و لەپێناو ژیانەوەی وڵاتێکی سەربەخۆدا، ڕێگای مردنی هەڵبژارد.

لە هەموو ماڵێکی کورددا، گیانفیدایەک هەیە کە ئێسکەکانی نەدۆزراونەتەوە. لە هەموو ماڵێکی کورددا دایکێک هەیە کە بۆ ئەو ڕۆڵانەی دەگرێت کەوا هێشتا نەگەڕاونەتەوە. لە هەموو زیندانێکی داگیرکەران لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، تەرمی هەڵواسراوی کەسێک هەیە کە گوتوویەتی من کوردم.

ئەو میللەتەی کە کوڕ و کچەکانی کردە قوربانی و بە بێ ناونیشان ئەسپەردەی خاکی کردن، بۆ پێشمەرگە و شەرڤانەکانی شینی دەگێڕا و لەبەر ئەوەی کە بێدەوڵەت بوون، سروودەکەیان بە خوێنی خۆیان دەهۆنیەوە، ئەو نەتەوەیە چاوەرێی فەلسەفەیەک ناکات کە بیناسێنێت.

ئەگەر ئێمە مەسەلەی نەتەوەیی کورد بهێنینە ئاراوە یان خەریکی مشتومڕێکی ئایدیۆلۆژیک بین، ئەوا تۆ وەک کەسێک دەبیت کە بە شێوەیەکی لۆژیکی داوای بێدەنگی لە دایکێکی جگەرسووتاو دەکات کە لەسەر تەرمی کوڕە جوانەمەرگەکەیدا بە کوڵ دەگریت و دەیلاوێنێتەوە.

پرسی کورد پرسێکی فەلسەفی نییە، پرسی سڕینەوەی شوناسە، پرسی وڵاتێکە کە هێشتا مێژووی لە دایکبوونی نەنووسراوە.

شەهیدانی مەهاباد و هەڵەبجە و ئەنفال و کۆبانێ و دێرسیم و ئاگری، لە پێناو گۆڕینی جۆری دەسەڵاتداریدا خۆیان فیدا نەکرد، بەڵکوو بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە کورد لەم خاکەدا میوان نییە و خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم خاکەیە، گیانیان فیدا کرد.

ئەگەر گەلانی دونیا بە ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی کە هەیانە پێوانە بکرێن، ئەوا نەتەوەی کورد تاکە نەتەوەیە کە بە ژمارەی گۆڕستانی شەهیدەکانی خۆی و ملیۆنان ئاوارە و بەرخۆدانی سەدان ساڵەی پێوانە دەکرێت.

ئەمە یەکەمین فرمێسک و برینە لە جیهاندا کە دوای سەدان ساڵ هێشتا وشک نەبووە و ژمارەی پێوانەیی جیهانییە کە دەتوانێ لە کتێبی گینسدا جێگیر بکرێت.

ئەمە یەکەم چیرۆکە لە هەموو جیهاندا کە نەتەوەیەک سەد ساڵە گیانبازیی دەکات و قوربانی دەدات تەنیا بۆ پاراستنی هەبوونی خۆی و بووەتە دڕک لە چاوی جیهانی بەناو دیموکراسی و خاوەن مافەکانی مرۆڤ.

گەلی کورد، نەتەوەیەکە کە لە ئاگر و خۆشەویستی پێکهاتووە، لێکۆڵینەوە لە سەرجەم حافیزەی جیهان دەکات و پێی دەڵێت: ئێمە نەمردووین، لێرەین، دەمانەوێ وەک هەموو گەلانی جیهان بژین و دەمانهەوێت بژین.

پوستێن ھەمان بەش