لە سایەی پەکەکەوە، گەلی کورد نازانن کە نەتەوەن یان گرووپێکی کۆمەڵایەتین یان تەنیا چەمکێکی فەلسەفیین لە مێشکی ئۆجەلاندا؟!!
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیزی
ئەو ڕووبارە خوێنەی کە شەهیدان و گیانفیداکانی کوردستان لەپێناو کوردستاندا بەخشیویانە، هەڵەیەکی زمانەوانی بوو، هەموو ڕێبەرەکان لە پەراوێزی قوربانیداندا سەرهەڵنادەن، بەڵکوو هەندێکیان لە پەراوێزی تاریکی و لە ژێر پەردەی نهێنیدا سەرهەڵدەدەن. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە “هەڵەبجە و قەندیل و کۆبانێ”یەوە نەهاتووە. هەروەها دەنگی کۆمەڵکوژیی دێرسیمیش نییە. عەبدوڵڵا هەرگیز یەک فیشەکی بە ڕووی دوژمنانی کورد و کوردستاندا نەتەقاندووە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، تەنها منداڵێکی ترسنۆکی گوندەکەی خۆی بوو. هەروەک بۆخۆی دانی پێداناوە، ئەو لە ترساندا ماری کوشتووە نەک لە ئازایەتی.
هەروەها دەرچووی کافتریاکانی ئەنقەرە و خوێندکارێکی قوژبنە تاریکەکانی مارکسیزم بوو لە ناو زانکۆدا.
ئاگاداری دۆزی ڕەوای گەلی کورد نەبوو. بۆیە کوردایەتییەکەی بە پێی چەمکە مارکسیستەکان پێناسە و داڕشتنی بۆ کرا. هەروەک ئەوەی کە قوماشێکی جل و بەرگی کوردی هەبێت بەڵام بە دیزاینێکی بیانی جلوبەرگی کوردیی پێ دروست بکرێت و لەبەری بکەن.
لە سەرەتای دامەزراندنی پەکەکە لە ساڵی 1978دا، پرسی کورد لە دڵی پەکەکەدا نەبوو، بەڵکوو پرسی کورد وەک ئامرازێک بۆ پڕۆژەیەکی دیکە بەکار دەهێنرا. ستراتژیی پرۆژەکەیان ئەوە بوو کە بە هزر و ڕوانگەیەکی مارکسیستی، هەوڵ بدەن کە سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی تورک هەڵبوەشێننەوە. هەروەک کەماڵ پیر کە کەسی یەکەمی پەکەکە بوو بەڵام بۆخۆی بە ڕەگەز تورک بوو، لە دانپێدانانەکانی خۆیدا دەڵێ: “ئێمە پەکەکەمان بۆ ڕزگارکردنی کوردستان یان ئازاد کردنی گەلی کورد دروست نەکرد، بەڵکو جوغرافیای کوردستان و گەلی کوردمان بەکارهێنا بۆ بەرەوپێشبردنی بیری “مارکسیست ـ لینینیست”ی، وەک بەکارهێنانی زەویی گونجاو بۆ چاندنی ئەو دانەوێڵانەی کە پێویستمان پێیانە”.
بە واتایەکی تر، کورد و کوردستان لە هزر و مێشکی ئەواندا نەبوو بۆ ئەوەی کە ڕزگار بکرێت، بەڵکو نەتەوەی کوردیان وەکوو گەلێکی ژێردەستە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بەکار دەهێنا. هیچکات ڕزگارکردنی کوردستان ئامانج و مەبەستی ئەوان نەبووە، ئامانجی سەرەکیی ئەوان تەنها ئەوە بوو کە حکوومەتێک لەسەر بنەمای هزری مارکسیسزم دابمەرزێنن، بەڵام ئەم ئامانجەیان بە ڕوانگە و دروشمی شۆڕشگێڕانە دەڕازاندەوە. ئەم ڕازاندنەوەیە، سەرەتایەک بوو بۆ قۆناخێکی دیکە لە تێکشکاندنی کوردان.
لەم قۆناخی شکستپێهێنانەدا، پەکەکە لە ژێر ئاڵای ڕزگارکردنی کورد و کوردستاندا، دەستی بە کوشتنی شۆڕشگێڕان و نیشتمانپەروەرانی نەتەوەی کورد کرد.
دوژمنانی کوردستان دوژمنی سەرەکی پەکەکە نەبوون، بەڵکوو شۆڕشگێڕان و نیشتمانپەروەرانی کورد و هەرکەسێک داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی دەکرد، دوژمنی یەکەم و سەرەکیی پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو، بۆیە بڕیاریاندا کە سەرجەم شۆڕشگێڕانی کورد لە باکووری کوردستان، یان بێدەنگ و سەرکوت بکەن، یانیش بیانکوژن و لەناویان ببەن. هەر لەبەر ئەم ڕوانگەیەش بوو کە پەکەکە یەکەم گوللـەی خۆی لە دژی کوردان تەقاند و ئەو کوردەش کە کرایە ئامانج، “محەممەد جەلال بوجاک” سەرۆکی عەشیرەتی “بوجاک” بوو.
عەبدوڵڵا لە ساڵانی 1970دا دەیگوت: “زمانی کوردی دواکەوتووانەیە، سەربەخۆیی فریودەرانەیە، مافی چارەی خۆنووسیش تاوانە”. کەسانی وەک جەمیل بایک شایەتحاڵی ئەوەن کە ئۆجەلان چەندین جار ئەمەی گوتووە.
لەم ونبوونەدا، پەکەکە گۆڕدرا بۆ ئامرازێک بۆ تەسفیەکردنی ناوخۆیی، بەڵام نەک تەسفیەکردنی پەکەکە لە خیانەتکاران، بەڵکوو تەسفیەکردنی پەکەکە لەو کەسانەی کە ئامادە نین ئۆجەلان بپەرستن. ئەو تەسفیەکردنانە بەناوی خیانەتەوە ئەنجام دەدران و هەر کادیرێک کە قسەکانی ئۆجەلانیان ڕاستەوخۆ و بەتەواوی قبووڵ نەکردبا و بچووکترین گومانیان لەسەر قسەکانی هەبا، وەکوو خیانەتکار تۆمەتبار دەکرا و دەکوژرا.
عەبدوڵڵا لە زیندانی ئیمرالی بە پارێزەرەکەی دەڵێ: “ژمارەی ئەو کادرانەی بە دەستی ئێمە بۆخۆمان کوژراون زیاترە لە ژمارەی ئەو کادرانەی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژراون”.
بەڵێ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەرگیز لە گۆڕەپانی شەڕدا ئامادە نەبووە. کاتێک کە لە کینیا دەستگیرکرا، ئامادە نەبوو کە بەرگری لە خۆی بکات و وتی: “بەرخۆدانێکی کلاسیک ناکەم”. بەڵام ئەمەش وەکوو ئازایەتییەک بە گەلی کورد فرۆشرایەوە.
پەکەکە و ڕێبەرە زیندانیکراوەکەی پرسی کوردیان لە بەرچاوی کوردان ون کرد و ئاراستەی شوێنێکی دیکەیان کردن. لە دروشمی ڕزگاریی کوردستان، بژی کورد و بژی کوردستان و هتد..ـەوە، کوردیان ئاراستەی دروشمەکانی وەک “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و برایەتی گەلان” کرد. ئیدی کوردیان بردە مەیدانێکی ئەوەندە تاریک کە ئێستا کوردان بەتایبەت لە باکووری کوردستان، لە بری ئەوەی بڵێن “بژی کوردستان، بە بێ وڵات ژیان نابێ”، دەڵێن “بژی سەرۆک ئاپۆ، بە بێ سەرۆک ژیان نابێ”.
هەروەک ئەوەی بڵێی ئەو ڕووبارە خوێنەی کە شەهیدان و گیانفیداکانی کوردستان لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستاندا بەخشیویانە، هەڵەیەکی زمانەوانی بووە و ئێمە دەتوانین بە چەند ئیدیەمێک ڕاستی بکەینەوە.
عەبدوڵڵا پرسی کوردی لە پێش چاوی گەلی کورد ون کرد و هەر 10 ساڵ جارێک کوردان بەرەو لایەک ئاراستە دەکات و بەپێی حەز و ئاوات و بەرژەوەندییەکانی خۆی، کوردەکانی لایەنگری خۆی ئاراستە دەکات.
بەڵێ، ئیدی لەم ونبوونەدا، گەلی کورد چیتر نازانن کە نەتەوەن یان گرووپێکی کۆمەڵایەتین یان تەنیا چەمکێکی فەلسەفیین لە مێشکی ئۆجەلاندا؟!!