نیزامەدین ئاریچ و ئۆجەلان و پاشای ڕووت و قووت

نیزامەدین ئاریچ و ئۆجەلان و پاشای ڕووت و قووت

ئاریچ نە سەری بۆ دەوڵەتی تورک نەوی کرد و نە کڕنۆشی بۆ هەندێک ڕێکخراوی بەناو کوردیش برد.

هێزەکانی پەکەکە هەڵمەتێکی هێرشیان دژ بە نیزامەدین ئاریچ دەستپێکردووە. هۆکاری ئەم هەڵمەتە، بۆ ڕەخنەکانی ئاریچ لە بانگەوازەکەی 27ی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەگەڕێتەوە. ئاریچ وەک هونەرمەندێک لە ڕێگەی هونەرەوە ڕەخنەکانی خۆی دەربڕیوە و لەسەر کاغەز کێشاویەتیەوە. پەکەکە بە هێرش و هەڕەشە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە، وەڵامی ڕەخنەکانی ئاریچی داوەتەوە.

ئاریچ لە ساڵانی 1970دا بەشێک بووە لە خەباتی هەبوون و مانەوەی کورد بووە. بێگومان بۆخۆیشی دەیزانی کە کاردانەوەی گەورە لە بەرامبەر ئەو ڕەخنانەدا ڕوودەدات. دەیزانی کە پەکەکە دەیهەوێت بێدەنگی بکات. بەڵام سەرەڕای هەموو هێرشەکان، ئاریچ سەری بۆ پەکەکە نەوی نەکرد و چۆکی دانەدا. ئاریچ وەک منداڵێکی “ئازاد و نەترس” گوتی: “پاشا ڕووت و قووتە”.

پاشا ڕووت و قووتە…

ئەندەرسۆن، نووسەری دانیمارکی، لە ڕۆمانە کلاسیکییە جیهانییەکەی بە ناوی “پاشا ڕووت و قووتە”دا، ئەو چیرۆکە دەگێڕێتەوە. بەپێی ئەم چیرۆکە پاشا کە زۆر حەزی لە جل و بەرگە، بانگی بەرگدرووێک دەکات تا جلوبەرگێکی نوێی بۆ دروست بکات. بەرگدرروەکە دێت و جلێک لەبەر پاشا دەکات. بەڵام پاشا لەناو ئاوێنەدا سەیری خۆی دەکات و دەبینێت کە ڕووت و قووتە و بە سەر بەرگدرووەکەدا هاوار دەکات و دەڵێت: “هیچ قوماشێک دیار نییە!” بەرگدرووەکە لە وەڵامدا دەڵێت: “ئەم قوماشە بەجۆرێکە کەوا تەنها کەسانی زیرەک دەیبینن”. پادشاش بۆ ئەوەی وەک گەمژە سەیر نەکرێت، قبووڵی دەکات. پاشان پاشا بە جلوبەرگە ڕووت و قووتەکەی خۆیەوە بەناو خەڵکدا دەسووڕێتەوە. خەڵکەکەش لە ترسان دەڵێن پاشای من جلەکانت زۆر جوانن. بەڵام لە ناو قەرباڵغی جەماوەرەکەدا، منداڵێک دێتە پێشەوە و دەڵێت “ئای ئای، پاشا ڕووت و قووتە”.

منداڵێک کە هیچ ترسێکی نییە، شتێک دەڵێت کە کەسی تر ناتوانێت و ناویرێ بیڵێت. ئەو منداڵە ئازاد و نەترس و دڵنیایە.

ژیانی 50 ساڵەی نیزامەددین ئاریچ لە بواری میوزیکدا…

ئاریچ لە ساڵی 1976دا لە ئەنقەرە دەستی بە کاری مۆسیقا کردووە، لە ماوەیەکی کورتدا بە دەنگە زوڵاڵ و بەسۆزەکەی لەگەل ناوەگەلێکی وەک ئیبراهیم تاتلیس ناوبانگی دەرکرد، تەنانەت لەوانیش بەناوبانگتر بوو. لە ساڵی 1979دا یەکەم ئەلبوومی کوردیی بڵاوکردەوە. یەکەم کەس بوو ئاشکرای کرد کە مۆسیقای کوردی دەدزرێت و وەک “گۆرانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی تورکیا (کوردستان)) بە تورکی دەکرێت. لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: “گۆرانییەکانی ڕۆژهەڵات لە کاسێتە کوردییەکان کۆدەکرێنەوە”. بەهۆی هەڵوێستە کوردپەروەرانەکانیەوە، سزای 15 ساڵ زیندانیکرانی بەسەردا سەپێندرا. لە تورکیا هەڵات و چووە ڕۆژئاڤای کوردستان، پاشان ڕۆیشتە ئەوروپا. بەکورتی ئاریچ ڕێک 50 ساڵە کار لەسەر مۆسیقای کوردی دەکات و لەو بوارەشدا تێچووی زۆری داوە. بەپێچەوانەی ئیبراهیم تاتلیساس کاری بۆ پارە و دەسەڵات و ناوبانگ نەکرد.

ئاریچ نە سەری بۆ دەوڵەتی تورک نەوی کرد و نە کڕنۆشی بۆ هەندێک ڕێکخراوی بەناو کوردیش برد. ئاریچ نەک هەر وەک مۆسیقاژەنێک، بەڵکوو وەک هونەرمەندێکی کوردستانی و ڕۆشنبیرێکی سەربەخۆ بە شەرەفەوە هەڵوێستی گرت و ناسرا.

ئەگەر نیزامەددین ئاریچ، تەنها زەکاتی بەرهەمەکانی بۆ کولتووری کوردی بدات، ئەوە بەسە بۆ هێرشبەرەکانی

ئاریچ بە دەنگ و بەرهەمەکانی و هەڵوێستی خۆی چەندین دەستکەوتی گرنگی بۆ مۆسیقای کوردی بەدەستهێناوە. موزیکی فلکلۆری کوردی نەگۆڕی، بەڵکوو بە شێوازێکی مۆدێرن و هاوچەرخ ڕازاندیەوە. بەرهەمەکانی وەک “ئەحمەدێ ڕۆنی و کەلەشۆ” چەند نموونەیەک لە بەرهەمەکانی ئەون. گۆرانییەکانی وەک “دایێ ڕۆژێک تێ و ئەز شاهم دەلالامن” لەخۆیدا بوونەتە کلاسیکی مۆسیقای کوردی.

بە ڕۆحی کوردستانییەوە، لە هەر کوێیەک کە ئازارێکی کوردی هەبێت، هەرکاتێک هێرش کرابێتە سەر کورد، ئاریچ دژی ئەم هێرشە وەستاوەتەوە. گۆرانییەکی مەوالی بۆ دۆڵی زیلان وتووە، کۆمەڵکوژییەکانی هەڵەبجە و ڕۆبۆسکی لەبیر نەکردووە و تەنانەت لە کاتی داگیرکردنی سەرێکانیش لە ڕۆژئاڤا، بە هێزی موزیک لە دژی داگیرکاریی دەولەتی تورکدا وەستاوەتەوە.

موریدەکانی پەکەکە لە ڕەخنەکانی ئاریچ لە ئۆجەلان تووڕەن، ئێستاکە دەیانهەوێت بە وێنەیەکی ساڵی 1976ی ئەو کە لە ڕۆژنامەکانی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، تۆمەتباری بکەن.

بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئاریچ نەک هەر ئەمڕۆ، بەڵکوو لە ڕابردووشدا، دەسەڵاتی پەکەکە بەسەر هونەر و هونەرمەنداندا قبووڵ نەکردووە. ئەگەر ئاریچ، تەنها زەکاتی بەرهەمەکانی بۆ کولتووری کوردی بدات، ئەوە بەشی پاککردنەوەی هێرشبەرەکانیشی دەکات.

ئێمە ناڵێین ئەو سێ وێنەیەی نیزامەددین ئاریچ کە بڵاو کراونەتەوە، ڕاستن یان درۆ، چونکە چیرۆکی نیزامەدین ئاریچ، نە چیرۆکی ئەو هونەرمەندانەیە بە دروشمی “بژی بژی” دەژین و نە چیرۆکی پۆپۆلیستە بێ عەقڵ و حزبییەکانیشە. ژیانی ئاریچ وەک کەسێک نییە کە بە چەپڵە و پشتیوانی حزبێک گەورە بووبێت. ژیانی و بەهرەی هونەری و ڕۆشنبیری و توانای ئەو، لە ڕێگەی کولتوور و ڕەنج و ماندوبوونی خۆیەوەیە، ئەو بۆخۆی خۆی خوڵقاندووە. ئاریچ بە پشتیوانیی هیچ دەسەڵاتێک نەبووە بە هونەرمەند و ناسنامەی هونەریی ئەو کوردی و کوردستانییە.

هەر جارەی کە لە تاموری تەنبوورەکەی دەدات، هەر جارێک فوو بە نایەکەیدا دەکات، ئێش و ئازار و مەینەتیەکانی کورد سەرزەنشت دەکات. ئەو کوردانەی کە زەخت و فشاری پەکەکە بۆ سەر هونەر و هونەرمەندانی کورد قبووڵ ناکەن، پێویستە لە پاڵ نیزامەددین ئاریچ کۆببنەوە.

پوستێن ھەمان بەش