76 ساڵەی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (3)

76 ساڵەی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (3)

لە ئێستادا گەورەترین مەترسی لەسەر گەلی کورد، ئەو هزرەیە کە عەبدوڵڵا لایەنگرەکانی خۆی تێیدا زیندانی کردووە.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیزی

هەندێک جار لە مێژوودا نەک هەر ڕێبەران دەردەکەون، بەڵکو هاوکات قووڵایی جیاوازیی نێوان قسە و کرداریش بەدیار دەکەون.

سەدان هەزار کورد بە عەبدوڵڵایان گوت: “تۆ ڕێبەری گەلی کوردی، تۆ دەنگی چیاکانی کوردستانیت، تۆ سێبەری گیانفیداکانی کوردیت، بە بێ تۆ ژیان نابێ و هتد…”. کاتێک کە عەبدوڵڵا بە قۆڵبەستکراوی لە ناو فڕۆکەکەدا بینرا، هەموو گەلی کورد پێی ناخۆش بوو و فرمێسکیان باراند. چوونکە هیچ کوردێک نایهەوێ ڕێبەرێکی گەلی کورد لە دۆخیکی وەهادا و بە زەلیلی ببینێت. لە ماڵی هەموو کوردێکدا سەرخۆشی و تازیە دانرا، بەڵام هێشتا ئەو تازیەیە کۆتایی نەهاتبوو، هەموو بینیمان کە عەبدوڵڵا لە فڕۆکەکەدا دەڵێ: “دایکم تورکە و ئامادەم ببمە خزمەتکاری دەولەتی خۆم (تورکیا)” و دواتریش لە دادگاکەی دەولەتی تورکدا گوتی: “من داوای لێبوردن لە دایکی ئەو سەربازانە دەکەم کە بەدەستی ئێمە شەهید بوون”.

قسەکانی عەبدوڵڵا پێچەوانەی ئەوە بوو کە کورد چاوەڕێی دەکرد. هەمووان چاوەڕێی ئەوە بوون عەبدوڵڵا بە دەوڵەتی تورک بڵێت “بەرخۆدان ژیانە” و باسی شەهیدانی کوردستان بکات، باسی ئەو گوندانەی کوردستان بکات کە بە دەستی دەوڵەتی تورک کاول کراون و ئاگریان تێبەردرا، هەموو چاوەڕێ بوون کە عەبدوڵڵا باسی ئەو جینۆسایدانەی دەوڵەتی تورک لە دژی کوردان بکات و داوای لێبوردن لە دایکانی کورد بکات کە نەیتوانی بە خوێنی ڕۆڵەکانی ئەوان، هیچ دەسکەوتێکی بۆ نەتەوەی کورد مسۆگەر بکات.

دەستبەسەرکردنی ئۆجەلان تەنها کۆتایی یەک کەس نەبوو، بەڵکوو سەرەتای لەناوبردنی هەموو دروشمە شۆڕشگێڕییەکانی پەکەکە و ئاشکرا بوونی درۆکانی ئەو حیزبە و سەرۆکەکەی بوو.

قسەکانی ئۆجەلان لە ناو فڕۆکەکەدا بوون بە هۆی ئاشکرابوونی ڕووی ڕاستەقینەی خۆی و حیزبەکەی. باوەڕی خەڵک بە دۆزی نەتەوەیی بەرەو لاوازبوون دەچوو، بەڵام ئۆجەلان و پارتەکەی بەم شتە ڕازی نەبوون. دواتریش هەموو هەوڵی خۆیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی کە نەتەوەیی بوون لە پێش چاوی خەڵک ڕەش بکەن و وەکوو کۆنەپەرستی و دواکەوتووی پیشانی بدەن. لەم ئامانجەیاندا تا ڕادەیەکیش توانیان سەرکەوتوو بن. ئەمەش بووەتە هۆکار کە ئێستاکە هونەرمەندێکی کوردی وەک دیار دێرسیم دێت و بەو پەڕی ڕووهەڵماڵراوییەوە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان دەردەکەوێت و دەڵێت: “نەتەوەیی بوون، هزرێکی قێزەون و کۆنەپەرستانەیە”.

عەبدوڵڵا بەمەش ڕازی نەبوو، دواتر لە زینداندا کاتێک قسەی لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمنی تورکیا کرد کە بەنهێنی گفتوگۆکانی عەبدوڵڵای تۆمار کردبوو، ڕوخساری ڕەشی زیاتر دەرکەوت، کاتێک کە گوتی: “ئێستا گەل نەفرەت لە “بارزانی و تاڵەبانی” دەکات. من باش دەزانم کە گەل پەیوەندییەکی ئاوارتە پیشانی ئێمە (پەکەکە) دەدات. ئەگەر ئێوەی (تورک) هەندێک هاوکاریمان بکەن، ئێمە دەتوانیان کە “بارزانی و تاڵەبانی” لە مەیدان وەدەربنێین و دوای ماوەیەکی کەم ئەم خەڵکە دەبنە پشتیوانی ئێمە (پەکەک ـ تورکیا). ئەمە ڕووداوێکی مێژووییە و بە باوەڕی من ئەم پلانە دەبێ زۆر بە نهێنینی بمێنێتەوە. من پێموایە بە تۆزقاڵێکی پاڵپشتی ئێوە (تورک)، هەموو شتێک چارەسەر دەبێت. سەیر بکەن، من باسی پارە وچەک ناکەم، تەنها داوای هاوکارییەکی بچووک لە ئێوە دەکەم. پێئویست بەوە ناکات کە ئێوە (تورک) ئەوان (بارزانیەکان و تالەبانیەکان) بەهێز بکەن. هێزەی بارزانی و تالەبانی بە کەم مەزانن، ئەوان هێزی گەورەیان لەپشتە. ئێوە بروایان پێ مەکەن کە ئەوان لایەنگر و هاوپەیمانی تورکیا بن. کاتێک ئێمە پێکەوە بە پرەنسیپ کاربکەین، ئێمە (پەکەکە-تورک) سەردەکەوین. ئێمە ڕێگایان پێنادەین کە ئەوان هەناسە بدەن و دەیانبەستینەوە بە تورکیاوە، هەر بۆ ئەمەش بوو کە من “پلانی هەولێر”م پێشنیار کرد. دەرفەتمان پێ بدەن لەگەڵ هەندێک تورکمان کار بکەین، ئەوان وەکوو سەگ وابەستەی ئێوە دەکەین”.

بەڵێ ئۆجەلان، چونکە ترسنۆکە، بەم قسانە هەوڵدەدات خۆی لە سێدارە دەرباز بکات.

پێش دەستگیرکردنی ئۆجەلان و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنەکەی ئۆجەلاندا، سەدان کورد لە زیندانەکانی تورکیادا بوون، بەڵام بە پێچەوانەی ئۆجەلان جووڵانەوە و سەرەڕای ئەشکەنجەی قورس و گران، بەڵام بەرخۆدانیان کرد و وەکوو ئۆجەلان تەسلیم نەبوون و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون کە لەسەر هەڤاڵەکانی خۆیان ئیعتیراف بکەن. ئەوان مردنی ئازایانەیان هەڵبژارد و خیانەتیان ڕەتکردەوە.

بەم هەڵویستانە دوو شت ئاشکرا دەبن، ئەوانیش ئەوەن کە ڕێبەری پەکەکە لە پیناو پاراستنی گیانی خۆیدا دەستی لە کوردبوون هەڵگرت، بەڵام شاگردەکانی هەموو شتێکیان لە پێناو کردبووندا فیدا کرد. لە هەمووی بە ئازارتر ئەوەیە کە چاپەمەنی و میدیای پەکەکە ئەم ترسەنۆکبوونەی ڕێبەرەکەیان دەشارێتەوە و دەیهەوێ خیانەتی ڕێبەرەکەیان وەک، فەلسەفە و بەرخۆدانیکی مۆدێرن بە کوردەکان بقەبووڵێنێت.

پەکەکە لە میدیاکانی خۆیدا زیندانی ئیمرالی بە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ڕامان و فەلسەفەی نوێ، پیشان دەدات، بەڵام کاتێک مرۆڤ ئەم بیرۆکانە دەخوێنێتەوە و شرۆڤەیان دەکات، بۆی ڕوون دەبێتەوە کە ئەو بیرۆکانە بۆ خزمەتی دۆزی کورد و پرسی نەتەوەیی کورد نەنووسراون، بەڵکوو بۆ لەناوبردنی پرسی کورد و هزریی نەتەوەیی کوردان بەکاردەهێنرێن.

ئەو کتێبانەی کە ئۆجەلان لە ئیمرالی نووسیویەتی، لێکدانەوەیەکی نوێیە بۆ چارەسەری پرسی کورد، بە پیی حەزی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک، بەڵام ئەم چارەسەرە لەگەڵ ئامانجی ئەو کەسانەدا ناگونجێت کە لەپێناو کوردستاندا خوێنیان داوە و گیانیان بەخت کردووە.

ئیمرالی لەبری ئەوەی زیندانێک بێت بۆ ئۆجەلان، بووەتە ناوەندی بڕیاردان لەسەر پرسی کورد لەلایەن دەوڵەتی قووڵی تورکیاوە. هەر شتێک کە دەولەتی قووڵی تورک بیهەوێ بە ئۆجەلان دەڵێت و ئەویش داواکارییەکەی تورکان لەبەر چاوی نەتەوەی کورد شیرین دەکات و لە ڕێگای حیزبەکەیەوە دەیانهێنەتە سەر ئەو باوەرە کە ئەوە شتێکی باشە.

کاتێک کە ئەو کتێبانە گەیشتنە دەستی کوردان، ئەوان مێژوو و خەباتی خۆیانیان تێدا نەبینی. کورد خۆی لەناو ئەو کتێبانەدا وەک بێگانە دەبینی. هەرچی تێدا نووسرابوو دژی ئامانج و خواستەکانی گەلی کورد بوو. ئۆجەلان لە ڕێگای ئەو کتێبانەوە، ئاراستەی گەلی کوردی لە ڕزگاریی کوردستانەوە گۆڕی بۆ ڕزگارکردنی شەخسی خۆی (ئۆجەلان) و تووشی سەرلیشێوایی کردن. بەجۆرێک کە لە ئێستادا لایەنگرانی پەکەکە لەبری ئەوەی بڵێن “بژی کوردستان”، بەتایبەتی لە باکووری کوردستان، دەڵێن “بژی ڕێبەر ئاپۆ”، لەبری ئەوەی بڵێن “بە بێ کوردستان ژیان نابێ”، دەلێن “بە بی سەرۆک ژیان نابێ”. بەڵی ئۆجەلان لە ڕێگای ئەو کتێبانەیەوە، مێشک و هزری کوردانی تووشی ئاڵۆزی و سەرلیشێواوی کردووە.

بەڵێ، لە ئێستادا گەورەترین مەترسی لەسەر گەلی کورد، ئەو هزرەیە کە عەبدوڵڵا لایەنگرەکانی خۆی تێیدا زیندانی کردووە.

پوستێن ھەمان بەش