ئەردۆغان و شاندی ئیمرالی بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی کۆبوونەوە

ئەردۆغان و شاندی ئیمرالی بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی کۆبوونەوە

“دوای ئەم کۆبوونەوەیە، شاندی دەم پارتی بۆ جاری چوارەم سەردانی ئیمرالی دەکەن و لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبنەوە”.

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و ڕەجەب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆتایی هات و ڕاگەیەندرا کە دوای کۆبوونەوەکە شاندەکەی دەم پارتی سەردانی ئیمرالی دەکات.

کۆبوونەوەی نێوان “پەرڤین بوڵدان و سری سورەییا ئۆندەر” ئەندامانی شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل (پارتی دەم) و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە کە بەشێکە لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان و لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو.

ئەو پێشهاتانەی لە دوای “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک”ی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە ڕوویانداوە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بوو.

ئەندامانی شاندەکە لە بەیاننامەیەکدا پێش کۆبوونەوەکە ڕایانگەیاندووە، هەردوولا لە کاتی کۆبوونەوەکەدا بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆیان دەخەنە ڕوو.

شایانی باسە کۆبوونەوەکە کاتژمێرێک و 25 خولەکی خایاند و سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە ئەندامێکی شاندی دەم پارتییە گوتی: “کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاترمان هەیە”.

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، دوای ئەم کۆبوونەوەیە، شاندی دەم پارتی بۆ جاری چوارەم سەردانی ئیمرالی دەکەن و لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبنەوە. دواتر ئۆجەلان پەیامێکی دیکە دەگەیەنێت کە تیایدا جەخت لەسەر چەکدانانی پەکەکە دەکاتەوە.

پوستێن ھەمان بەش