“پێویستە لیژنەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەمپی هۆڵ و کەمپی ڕۆژ و کەمپەکانی دیکە لە سووریا دابمەزرێت”.
عێراق و تورکیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، “دەبێت بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جێبەجێ بکرێت و پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە”.
“میکانیزمى ئەمنیى هاوبەشى عێراق و تورکیا” پێنجەمین کۆبوونەوەی خۆی لە شاری ئەنتاڵیا لە تورکیا ئەنجامدا.
لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە “بانگەوازەکەی ئۆجەلان و پەکەکە و کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژ” کراوە و داوای جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کراوە.
بەشێک لە خاڵە گرنگەکانی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەی پێنجەمین کۆبوونەوەی میکانیزمى ئەمنیى هاوبەشى عێراق و تورکیا:
ـ پێویستە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان جێبەجێ بکرێت و پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
ـ پێویستە لیژنەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەمپی هۆڵ و کەمپی ڕۆژ و کەمپەکانی دیکە لە سووریا دابمەزرێت.
ـ پێویستە ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پەیوەست بە “میکانیزمی پێنج قۆڵی” دابمەزرێت.