ئەمەش یەکەم جارە لە مێژوودا یانەیەکی کوردی دەبێتە پاڵەوانی جامی کەنداو.
لە یاری کۆتایی خولی جامی کەنداو، یانەی دهۆک بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە یانەی قادسییەی کوێتی بردەوە.
شەوی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، یانەی وەرزشی دهۆک لە پاڵەوانێتی جامی کەنداو ڕووبەڕووی یانەی قادسییەی کوێتی بووەوە، یارییەکەش بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە بەرژەوەندیی یانەی دهۆک کۆتایی هات.
گۆڵەکانی دهۆک لە خولەکەکانی 66 و 93 لەلایەن سیابەند عەگید و مارلۆن دۆس سانتۆس تۆمار کران، تاکە گۆڵی یانەی قادسییەش لە خولەکی 70 لەلایەن محەممەد سۆڵە تۆمار کرا.
ئەمەش یەکەم جارە لە مێژوودا یانەیەکی کوردی دەبێتە پاڵەوانی جامی کەنداو.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەنێو یاریگە ئامادەبوو و بەشداریی لە پێدانی خەڵات بە یاریزانانی هەردوو یانەکە کرد.
یانەی دهۆک ئەم وەرزە لە کۆی شەش یاری قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی کەنداو، دوو بردنەوە سێ یەکسانبوونی بەدەست هێناوە و یەک یاریش دۆڕاوە، بە کۆکردنەوەی 9 خاڵیش، وەکو دووەمی کۆمەڵەی یەکەم گەیشتە قۆناغی دووەم.
خولی جامی کەنداو بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1982 دەستی پێ کرد و لەو کاتەوە هیچ یانەیەکی عێراقی و کوردی بەشداری پاڵەوانێتیەکەی نەکرد، تاوەکو ئەمساڵ بۆ جاری یەکەم یانەی دهۆک بەشداری کرد و توانی بگاتە یاری کۆتایی و جامەکە بەدەست بهێنێت.