هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و پەکەکە ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.
پەکەکە ناسنامەی 3 گەریلای دیکەی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی ڕابردوودا لە دەڤەری زاپ لە باشووری کوردستان، لە ئەنجامی هێرشێکی دەولەتی تورکدا گیانیان لەدەستداوە و پەکەکە تازە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان بڵاو دەکاتەوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، دوێنێ چوارشەممە 17/4/2025، ناسنامەی 3 گەریلای دیکەی حیزبەکەی ڕاگەیاند کە لە مانگی تەمووزی ڕابردودا لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی تورکدا بۆ سەر دەڤەری زاپ لە باشووری کوردستان، کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە ناوی ئەو 3 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ ئیبراهیم ماشەڵڵا، خەڵکی وان لە باکووری کوردستان.
2ـ سەرهەت عومەر، خەڵکی مێردین لە باکووری کوردستان.
3ـ ئیبراهیم جەمال، خەڵکی کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان.
پەکەکە وەک زۆرێک لە هەڤاڵەکانی دیکەیان، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم 3 گەریلایەشی بۆ ماوەی ساڵێک لە ڕای گشتی و بنەمالەکانیان شاردبۆوە و ئێستاش دەڵێت ئێمە هاڤاڵانی ئاپۆیی خۆمانمان لەدەستدا!.
پەکەکە ڕۆژانە وێنەی پۆلێک لە کچ و کوڕانی لاوی کورد بڵاودەکاتەوە کە لە ساڵ و مانگەکانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.