“داعش لە تەباخی 2014دا، 6417 کوردی ئێزیدی ڕفاندبوو کە تا ئێستا 3585 کەسیان ڕزگارکراون”.
تیمەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، گەنجێکی کوردی ئێزدییان لە چنگی داعش ڕزگارکرد کە ماوەی 11 ساڵ بوو لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە دیل گیرابوو.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند، کە دەزگای TOL ئەو گەنجەی لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە 12ی ئازاری 2025، ڕزگارکردووە.
ئەو گەنجە ناوی “عوسمان خێرۆ خوەدێدا”یە و لە 3ی ئابی 2014 لەکاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕفێندرابوون.
داعش دوای ڕفاندنی بردبوویانە مووسڵ و دوای 3 مانگ، “عوسمان خێرۆ خوەدێدا” و 60 منداڵی دیکەی کوردی ئێزدیی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی شاری “ئەلبوکەمال” لە دێرەزوور کردبوو.
“عوسمان خێرۆ خوەدێدا” خەڵکی گوندی وەردیێە لە شنگال و لە ساڵی 2006 لە دایکبووە.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئامارەکانی ئۆفیسی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی هەرێمی کوردستان، داعش لە مانگی تەباخی 2014دا، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزیدی ڕفاندبوو کە تا ئێستا سێ هەزار و 585 کەسیان ڕزگارکراون.