بنەماڵەی ئەفسەرە زیندانیکراوەکان داوایان لە هەموو لایەنە کوردستانییەکان کرد کە دۆسیەی ڕفێندرانی ئەو ئەفسەرانە بکەنە بابەتێکی سەرەکی و فشار بخەنە سەر پەیەدە بۆ ئەوەی ئازادیان بکات.
ماوەی 12 ساڵە چارەنووسی ئەو 8 ئەفسەرە کوردە نادیارە کە لە ڕژێمی سووریا جودا بوونەوە، ئەمە لەکاتیکدایە کە ئەو ئەفسەرە کوردانە، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پارتی یەکیەتیی دیموکراتیک (پەیەدە)دا دەستبەسەر کرابوون و لە رێکەوتی 16ی نیسانی 2013دا ئیدی هەواڵیان نەزانرا. بەڵام پەیەدە دان بە هەبوونی ئەو ئەفسەرانە لە ناو زیندانەکانیدا یان ڕادەستکردنیان بە ڕژێمی سووریادا نانێت.
بنەماڵەی ئەفسەرە ڕفێندراوەکانی کورد و ڕێنیشاندەرە مەدەنییەکەیان بە بۆنەی 12هەمین ساڵەی ڕفاندنەکەیان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە. لە بەیاننامەکەیاندا، بنەماڵەی ئەو ئەفسەرانە پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)یان لەو تاوانە بە بەرپرسیار زانی و داوای ئازادکردن یان ئاشکراکردنی چارەنووسیان و دادگاییکردنی سەرجەم ئەو کەسانەیان کرد کە دەستیان لە ڕفاندنی ئەو ئەفسەرانەدا هەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی نیسانی 2025، بنەماڵەی ئەو ئەفسەرە کوردە زیندانیکراوانە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند، ئەوان لەکاتی ڕۆیشتنیان بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن پەیەدەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
بنەماڵەی ئەفسەرە زیندانیکراوەکان داوایان لە هەموو لایەنە کوردستانییەکان کرد کە دۆسیەی ڕفێندرانی ئەو ئەفسەرانە بکەنە بابەتێکی سەرەکی و فشار بخەنە سەر پەیەدە بۆ ئەوەی ئازادیان بکات.
هەروەها لە نامەکەدا داوا لە ئەمریکا و فەرەنسا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کراوە فشار بخەنە سەر فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بۆ دیاریکردنی چارەنووس و ئازادکردنی ئەفسەرە کوردەکان و سزادانی ئەو کەسانەی کە لە ڕفاندنیاندا بەرپرسیارن.
لە مانگی نیسانی ساڵی 2013دا، 8 ئەفسەری کورد لە سوپای ڕژێمی سووریا هەڵهاتن و بڕیاریان دا بڕۆنە هەرێمی کوردستان. بەڵام دوای گەیشتنیان بە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان کە لەو سەردەمە و تا ئەمڕۆش لەژێر دەسەڵاتی پەیەدەدایە، بێسەروشوێن بوون و هیچ هەواڵێکیان لەبارەوە بڵاو نەکرایەوە.
ئەو ئەفسەرە کوردانە بریتین لە:
1ـ عەمید محەممەد خەلیل خەڵکی شاری ئەلباب لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب.
2ـ عەقید محەممەد هەیسەم خەڵکی شاری عەفرین.
3ـ عەقید حەسەن ئۆسۆ خەڵکی شاری عەفرین.
4ـ عەقید محەممەد گولە خێری خەڵکی شاری عەفرین.
5ـ موقەدەم شەوقی عوسمان خەڵکی شاری عەفرین.
6ـ ڕائید بێهزاد ناسۆ خەڵکی شاری عەفرین.
7ـ نەقیب حسێن بەکر خەڵکی شاری عەفرین.
8ـ مولازم یەکەم عەدنان بەرازی خەڵکی شاری کۆبانێ.