“تاوەکوو کوردانی سووریا یەکگرتوو بن، ئەوان دەتوانن زیاتر داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 16/4/2025، لە میانی گفتوگۆیەکی تایبەتدا، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، لەبارەی چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند “دەکرێت خوشک و برایانمان لە سووریا سوود لەو تەجروبەیەی هەرێمی کوردستان وەربگرن کە بێگومان, تەجروبەیەکی دەوڵەمەندە. ئێمە خۆشی و ناخۆشیی زۆرمان بینیوە، دەکرێت سوود لە کارە باشەکانمان وەربگرن و کارە هەڵەکانیشمان دووبارە نەکەنەوە. ئەمە پێموایە باشترین ئاموژگارییە بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا. ئەوەی کە گرنگە بەلای ئێمەوە، ئەوەیە کە ئەوان یەکگرتوو بن، تاوەکوو کوردانی سووریا یەکگرتوو بن، ئەوان دەتوانن زیاتر داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق بگەنە ڕێککەوتنێک کە هەموو مافەکانی کە خۆیان تەمانەی دەکەن و خۆیان مەبەستیانە، بەدەست بهێنن.”
وەکوو ئەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی کرد “سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوەییە، لە ڕووی جوگرافییەوە لە ڕووی نەتەوەییەوە، جیاوازی زۆری تێدایە. لە لایەک دەبینین لە ناوچە کوردستانییەکان، کوردی زۆری لێیە. ئیتر لایەنەکانی تری نزیکن و هاوپەیمانن لە تورکیا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دیسان، لەوێ باڵا دەستن. عەلەوییەکان لە ناوچە کەناراوییەکان لەسەر دەریای سپی هەن، درووزەکان لە باشووری سووریا هەن. هەتا پێکهاتە عەشایرە عەرەبییەکانیش کە لە سووریا هەیە هەمووان یەک بیر و بۆچوون نین و دەسەڵاتێکی نوێ ئێستا لە خودی دیمەشق هەیە.”
مەسرور بارزانی گوتی: جگە لەمە، شوێنێکی تر هەیە کە ناوچەیەکی بەرفراوانە و تا حەددێکی زۆر، دەسەڵاتێکی زۆر بەهێز نەیتوانیوە خۆی بچەسپێنێ و هەموو ناوچەکانی سووریا لەژێر کۆنترۆڵی خۆی بهێڵێتەوە. بۆ ئەوانەی کە شارەزای جۆگرافیای سووریان بەتایبەت لە ناوچەی درێرەزوور و تاوەکوو تەدموور و دێتەوە، ئەو شوێنەیە شوێنێکی زۆر بەرفراوانە کە بینیمان تا حەددێکی زۆر چالاکییەکانی داعش لەوێ بەردەوامییان هەیە. بەپێی ئەو ڕاپۆرت و زانیارییانەی بە دەست ئێمە دەگات، هەتا چالاکییەکانیان زیاتریش بووە. لە چەند شوێنیش کەمپی ئەو داعشانە هەیە کە پێشتر دەستگیرکراون، ئەوانەش هەمووان جێگەی مەترسین. بێگومان لە هەر شوێنێک ئاسایش و سەقامگیری تێدا نەبێت و ئابوورییەکی باش کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی خزمەتگوزاری خەڵک بێت، ڕێگە بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژی زیاترە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد “بە حووکمی ئەو تەجرووبەیەی ئێمە هەمان بووە لە ناوچەکانی خۆشمان بینیومانە، ئەو ناوچانەی باری ئابووری باشترە، سەقامگیریی سیاسی تێدا باشترە و ئەمنییەت و ئاسایشیش تێدا باشترە. کەواتە ئەم شتانە پێکەوە بەستراونەتەوە. ئێستا سووریا لە دۆخێکی زۆر هەستیاردا دەژیت و دوای چەندین ساڵ شەڕ و پێکدانان، وەزعێکی ئابووریی نالەباری هەیە، پێویستییان بە یارمەتی نێودەوڵەتی هەیە. تا حەددێکی زۆر فورسەتێکی باشە کە یارمەتی نێودەوڵەتی لەگەڵ خواستی حکوومەتێکی هەمەچەشن، هەموو لایەنەکانی تێدا بەشدار بێت، ئێستا لەبارە. پێموایە، دەکرێت سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت و یارمەتییەکانی کە بۆ سووریا ئامادەن، پێشکەش بکرێن لەگەڵ ئەو بۆچوونانەی هەموو لایەک تێدا سوودمەندبن و هیچ لایەک پەراوێز نەخرێت. فورسەتێکی باشە کە بتوانن جەختی لێ بکەنەوە. خوشک و براکانیشمان دەتوانن لەسەر ئەو خاڵە کار بکەن و ببن بە بەشێک لە بونیاتنانی سووریایەکی دیموکرات کە هەموو لایەک خۆی تێدا ببینێتەوە و بەرژەوەندیی هەموو لایەک تێدا پارێزراوبێت.”