ئۆپەراسیۆنەکە دوای چەندین هەڕەشە و ڕووداوی ئەمنی لەناو کەمپەکەدا بەڕێوەچوو.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا 27 ئەندامی شانەکانی داعشیان لە کەمپی هۆڵ دەستگیرکرد.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ شەممە، 19ی نیسان بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاسایش بە بەشداری یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و هێزەکانی (هەسەدە) ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان بۆ گەڕان بەدوای چەکدارانی شانەکانی داعش لە کەمپی هۆڵ لە باشووری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە.
ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 27 ئەندامی شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستگیر کراون.
ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ نەهێشتنی شانە نووستووەکانی داعش و سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئەو ریکخراوە تیرۆریستییە لەناو کەمپەکەدا کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین شوێنە ئەمنییەکان لە ناوچەکە دادەنرێت.
ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای چەندین هەڕەشە و ڕووداوی ئەمنی لەناو کەمپەکەدا بەڕێوەچوو، ئەمەش وایکرد هێزەکانی ئاسایش هەلمەتێکی گەڕانی بەرفراوان لە ناو کەمپەکەدا ئەنجام بدەن.