76 ساڵەی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (4)

76 ساڵەی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (4)

ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام و سەرکردەکانی پەکەکە بە فەرمانی ئۆجەلان کوژراون و بێسەروشوێن کراون.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیزی

هەندێک جار لە شۆڕشەکاندا کرداری دژبەیەک ئەنجام دەدرێن، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە شۆڕشە ڕزگاریخوازانەکان دەبنە ئامرازێکی چەوساندنەوە، بۆ ئەو کەسانەی کە لە شۆڕشەکەدا بەشدارن.

وتەی “شۆڕش منداڵەکانی خۆی دەخوات” لە شۆڕشی فەرەنساوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک کە سەرکردەکانی خۆی بە سەرپەرشتی کردنی تیرۆر تۆمەتبار کرد. بەڵام هەمان وتەی کلاسیک لەم سەردەمەشدا لە شۆڕشی پەکەکە بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەریهەڵداوەتەوە.

پەکەکە لە سەرەتادا خۆی وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی ناساند، بەڵام هەر زوو لە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی نەتەوەییەوە گۆڕا بۆ بزووتنەوەی تەسفیەکاری ناوخۆیی و ئەمەش تەسفیەکردنی ئەو ئەندامانەی پەکەکە لەخۆ دگرێت کە دژایەتی لێدوانەکانی عەبدوڵڵایان دەکرد و ڕەخنەیان لێی دەگرت. ئەو ئەندامانەی پەکەکە بە بیانووی خیانەتکردنەوە و بە شێوازی جۆراوجۆر تەسفیەکران.

کاتێک پەکەکە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا خۆی وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی ناساند و داوای ئازادیی کوردستانی گەورەی دەکرد، ژمارەیەکی زۆر لە کچان و کوڕانی کورد پەیوەندییان بەو حیزبەوە کرد. ئەو کچ و کوڕە لاوانە بڕوایەکی پتەویان لەلای دروست ببوو کە دەتوانن لە ڕێگای ئەو حیزبەوە گەلی کورد لە ژێردەستەیی داگیرکەران ڕزگار بکەن و دەوڵەتێکی گەورەی کوردستان دابمەرزێنن. چونکە لەو سەردەمەدا بە توندی نکۆڵی لە ناسنامەی کورد دەکرا.

پەکەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر دەبوو و گەلی کورد بەتایبەتی لە باکووری کوردستان لە دەوری ئەو حیزبە کۆ دەبوونەوە. کاتێک کە پەکەکە جێپێی خۆی لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا کردەوە و لە لووتکەی بەهێزبوونیدا، گۆڕانێکی ستراتیژی لە ناو ئەو حیزبەدا ڕوویدا.

ئەم گۆڕانکارییە ستراتژیکییە، بە تایبەتی لە لایەن سەرۆکی ئەو حیزبەوە پێکهات. لەم گۆڕینی ستراتژییەدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان خرایە ناو تەڵەی دەسەڵاتی خۆپەرستانەی “من منم” و وێنایەک لە مێشکی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا دروست کرا کە گەیشتبووە ئەو بڕوایەی ئەو تاقانە سەرۆکە و هیچکات هەڵە ناکات و شوناس و ناسنامەی گەلی کورد بە شوناس و ناسنامەی ئەوەوە گرێدراوە.

ئیدی ڕەخنەگرتن لە ئۆجەلان بە واتای ڕەخنەگرتن لە گەلی کورد دادەنرا. هەرکەسێک ڕەخنەی لە ئۆجەلان گرتبا، بە خائین ناوزەد دەکرا. ئۆجەلان لە شۆڕشگێڕێکەوە گۆڕا بۆ کەسێکی نەخۆشی دەروونی. بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە ئۆجەلان سەرلەنوێ شۆڕشی پێناسە کردەوە و شۆڕش لەباتی ئەوەی کە بکەوێتە خزمەتی گەلی کورد، کەوتە خزمەتی سەرۆکی پەکەکە و ئیدی ناوی کوردستان وەلانرا و لە هەموو کات و شوێنێکدا تەنها ناوی ئۆجەلان دەهات.

دووبارە پێناسەکردنەوەی شۆڕش بۆ ئەوە بوو کە گەلی کورد لە دەوری عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆ بکرێنەوە. ئۆجەلان بوو بە ناوەندی شۆڕش و وێنە و قسەکانی ئۆجەلان لەناو پەکەکەدا پیرۆز کران. دڵسۆزی کورد بۆ کوردستان بەسترابووەوە بە دڵسۆزی کورد بۆ ئۆجەلان و دلسۆزی بۆ ئۆجەلان بوو بە پێوەری سەرەکی بۆ ئەندامەتی لە شۆڕشدا. بەشیوەیەک کە هیچکەس مافی ئەوەی نەبوو ڕەخنە لە ڕوانگەی ئۆجەلان بگرێت و هەرکەسێک بە جیاواز لە ڕوانگەکانی ئۆجەلان بیری بکردباوە، بە خائین دادەنرا.

ئەم نەخۆشیە وایکرد کە ئۆجەلان نەک تەنها لە ئەندامانی پەکەکە، بەڵکو لە ئەندامانی سەرکردایەتی پەکەکەش گومانی هەبێت.

لە ئەنجامی ئەم گومانەدا ئۆجەلان شێوازی بەڕێوەبردنی پەکەکەی گۆڕی. ئیدی پەکەکە بەشێوازی بەکۆمەڵ بەڕێوەنەدەبرا، بەڵکوو هەموو شتێک لەژێر دەسەڵاتی ئۆجەلاندا بوو. ئیدی ئۆجەلان لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوو. ئۆجەلان چیتر لە نەهێشتنی هەرکەسێک کە لە خەتی ئاپۆ لایدابا، دوودڵ نەبوو و درێخیی نەدەکرد. هەربۆیە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام و سەرکردەکانی پەکەکە بە فەرمانی ئۆجەلان کوژران و بێسەروشوێن کران.

پوستێن ھەمان بەش