لە “مۆرای بۆکچین”ـەوە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان «1»

لە"مۆرای بۆکچین"ـەوە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان «1»

ئۆجەلان هەوڵدەدات وا پیشان بدات کە بیرۆکەکانی لە ئیمرالیەوە سەریانهەڵداوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بیرۆکەکانی لە کتێبخانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام ئامادە نیە ئاماژەیان پێ بکات.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیزی

عەبدوڵڵا ئۆجەلان چۆن دزییە فیکرییەکانی بە “فیداکردنی ڕۆح” پەردەپۆش دەکات؟!

لەو کاتەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە زیندانی ئیمرالیدا ڕاگیراوە، دەستی بە نووسینی چەند کتێبێک کردووە، کە لەژێر ناوی “مانیفێستی شارستانیەت”دا لەلایەن پەکەکەوە چاپ کراون.

کاتێک ئەم کتێبانەم خوێندنەوە، ناوەڕۆکەکانیان ئتووشی سەرسوڕمانیان کردم. چونکە دەزانم کە دەستی نووسینی ئۆجەلان لاوازە و نووسەرێکی پرۆفیشناڵ نیە. ڕاستە کە باش دەخوێنێتەوە و بە باشی قسە دەکات، بەڵام نازانێت باش بنووسێت. من بۆیە ئەمە دەلێم، چونکە ساڵانێکە لە نزیکەوە ئۆجەلان دەناسم.

لە کاتی خویندنەوەی کتێبەکەی ئۆجەلاندا، فەیلەسوفێکی سۆفیگەرم بیر هاتەوە و دیمەنی سۆفیگەریم هاتە پێش چاو، چونکە ئەم کەسە لە زیندانی ئیمرالیدایە و بە ڕوانگەیەکی گەردوونی خۆی پێشدەخات.

دەتوانین بەم شێوەیە بە کورتی باسی ئەم کتێبانە بکەین:

دەوڵەتی نەتەوەیی واتە شەڕانگێزی، ژن هەوێنی شۆڕشە، ژینگە مەرجێکە بۆ دیموکراسی و پارلەمانە خۆجێیەکان، ئاڵترناتیڤی دەوڵەتن.

پرسیارێک دێتە پێشەوە کە ئایا ئەو ڕوانگەیانە لە ناخی عەبدوڵڵاوە هاتوون یان لە شوێنێکی دیکە وەرگیراون؟

وەڵامەکە ئەوەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیچ ڕامانێکی نوێی نەخوڵقاندووە، بەڵکوو لە شوێنی دیکەی وەرگرتوون، ئیدیتی کردوون و سەرچاوەکانی شاردۆتەوە.

زۆربەی ڕوانگەکانی ئەم دواییانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە زینداندا بەناوی کتێبەوە چاپی کردوون و قوتابییەکانی ئەو وەکوو فەیلەسوف دەناسێنن، لە ڕامانی “مۆرای بووکچین”، بیرمەندی ئەمریکیەوە وەرگیراون.

“مۆرای بۆکچین” فەیلەسوفێکی ئەمریکییە و لە ساڵی 1921 هەتا 2006 ژیاوە و لە سەرەتای ژیانیدا “مارکسیست ـ ترۆتسکیست” بووە. پاشان مەیلی بەرەو لای ڕامانی ناناوەندیبوون (ئانارشیزم) پەیدا کردووە و تیئۆرییەکی داناوە کە بەهۆیەوە بیرۆکەیەکی نوێ بەناوی “شارەوانیی ئازاد” پەرەی سەندووە.

بوکچین هەموو ژیانی خۆی بۆ بڵاوکردنەوەی چەمکی تێکەڵکردنی زانستی ژینگەیی لەگەڵ بیری سیاسی تەرخان کردووە و ڕەخنەگرێکی توندی کاپیتالیزم و سۆسیالیزمی کلاسیک بووە.

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا مۆرای بۆکچین، سەرنجی لەسەر ئەم چەمکانە چڕ کردەوە:

  1. ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی.

  2. کۆنفیدراسیۆنی دیموکراتیک.

  3. ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی نەتەوەیی.

  4. پەیوەندیی نێوان ئازادیی ژنان و دیموکراسی ڕاستەقینە.

دوای نزیکەی بیست ساڵ و بە تایبەتی لە ساڵی 1999دا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان هات و هەمان ناوەڕۆک و ڕوانگەی لەژێر ئەم دەستەواژانەدا خستنەڕوو:

  1. مانیفێستی شارستانیەتی دیموکراتیک.

  2. کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی.

  3. سۆسیۆلۆژیی ژنان.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان کاتێک ئەو بیرۆکانەی بڵاوکردەوە، هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی “مورای بوکچین” نەکرد، بەڵام دوای ئەوەی عەبدوڵڵا لەسەر ئەم ڕوانگەیە، لەلایەن دۆستان و ڕۆشنبیران و میدیاکانەوە ڕەخنەی لێ گیرا کە هەموو ئەم بیرۆکانە دزیەتین و ئەمانە هزر و ڕامانی کەسێکی دیکەن کەوا بیست ساڵ لەوەپێش بڵاوی کردوونەتەوە، ئۆجەلان هات و بێ شەرمانە گوتی، “ڕاستە من سوودم لە بیرۆکەکانی مورای بۆکچین وەرگرتووە”.

خوێنەری هێژا! عەبدوڵڵا نەک تەنها ڕامانی مۆرای بوکچین، بەڵکوو بیرۆکەی زۆر فەیلەسوفی دیکەشی دزیوە.

هەروەها عەبدوڵڵا بیرۆکەکانی “نیچە”شی دزیوە، بەتایبەتی “ڕەخنە ئەخلاقییەکان کە لەسەر بنەمای کڵێسا بنیات نراون”. (Genealogy of Morals)

دیسانەوە چەمکی ئیرادەی دەسەڵات لە هەمبەر ملکەچبوون بۆ دەسەڵات.

ئۆجەلان هەردووی ئەو چەمکانەی وەرگرتووە و لە ژێر پەردەی ڕەخنەگرتن لە مێرخاسی و دەوڵەتدا، بڵاوی کردۆتەوە. ڕەخنەی ئێمە ئەوەیە کە ئۆجەلان بە هیچ شێوەیەک باسی لە تیۆری و ڕوانگە و بیرۆکەکانی “نیچە” نەکردووە.

عەبدوڵڵا لە دزییە فیکرییەکانی بەردەوامە و ئەمجارە ڕامانی”میشێل فۆکۆ”ی دزیوە، بەتایبەت بابەتەکانی خوارەوە:

  1. ڕوانگەی فکر وەکوو گوتاربێژی.

  2. دەستبەسەرگرتن لە ڕێگای هۆشەوە.

  3. سزا وەک ئامرازێکی دەسەڵاتداری.

عەبدوڵڵا ئەو چەمکانەی لە میشێل فۆکۆ وەرگرتووە و لە نووسینەکانیدا بەکاری هێناوە، بەتایبەتی لەسەر بابەتەکانی دەوڵەت و پیاوسالاری.

دیسانەوەش عەبدوڵڵا دیاریی ناکات کە ئەمە تیۆری فەیلەسوفی بەناوبانگ “میشێل فۆکۆ”یە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بە ڕزگارکەری ژنان ناساندووە، بەڵام عەبدوڵڵا بۆخۆی ڕامانی ژنانی دزیوە و ڕامانی ژنانی بۆ ڕزگاریی ژن هێناوە و بە ناوی خۆیەوە بڵاوی کردوونەتەوە. بە تایبەتی ئەندێشەکانی فەیلەسوفی بەناوبانگ “سیمۆن دی بۆڤوار”، کاتێک کە دەڵێت ژن تەنیا بوونەوەرێکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکوو هاوکات بوونەوەرێکی ڕۆشنبیریشە و هەروەها ناوەندی ڕزگاریی ژن، دەبێتە دەرگایەک بۆ ڕزگاریی هەموو کۆمەڵگە.

لێرەدا پرسیارێک سەرهەلدەدات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆچی ئاماژە بە سەرچاوە فیکرییەکانی ناکات؟

دوای لێکۆڵینەوەی بەرفراوانی دەروونی و کۆمەڵناسی لەسەر کەسایەتی عەبدوڵڵا، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە دوای نەخۆشکەوتنی، هەرگیز ئامادە نەبووە خۆی وەک خوێندکار یان ڕۆشنبیر بناسێنێت، بەڵکوو ویستویەتی خۆی وەک زانایەکی کۆمەڵایەتی ئیلهامبەخشی سیاسی پیشان بدات.

بۆیە هەرکەسێک ڕەخنەی لێ بگرێت وەکوو ئەوە وایە کە ڕەخنە لە ڕاستییەکانی شۆڕش بگرێت. ئۆجەلان پێی وایە ڕەخنەگرتن لە ڕۆشنبیران یان تەنانەت لە چاند و کلتووریش شتێکی ئاساییە، بەڵام ڕەخنەگرتن لە زانایانی ئیلهامبەخش خیانەتە، هەربۆیە دەیهەوێت وەک ئیلهامبەخشێکی سیاسی بناسرێت نەک وەک خوێنەر یان ڕۆشنبیرێک.

گەورەترین گوناهی بیرکردنەوە ئەوەیە کە مرۆڤ کاریگەرییەکەی بشارێتەوە و خۆی وەک پێغەمبەرێک بخاتە ڕوو.

ئۆجەلان ڕۆشنبیرێکی بێگەرد نییە، بەڵکوو دەکرێ وەک کۆکەرەوەی هزر و ڕامانەکان پێناسە بکرێت.

ئۆجەلان هەوڵدەدات وا پیشان بدات کە بیرۆکەکانی لە ئیمرالیەوە سەریانهەڵداوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بیرۆکەکانی لە کتێبخانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە سەرچاوە دەگرن، بەبێ ئەوەی باس لە ڕەفەکانی کتێبخانەکان بکات.

پوستێن ھەمان بەش