ئەنەكەسە بە فەرمی داوا لە مەزڵووم عەبدی دەكات، گرووپی “جوانێن شۆرەشگەر” لە ڕۆژئاڤا دەربكات

ئەنەكەسە بە فەرمی داوا لە مەزڵووم عەبدی دەكات، گرووپی"جوانێن شۆرەشگەر" لە ڕۆژئاڤا دەربكات

ئەو گرووپە لە ماوەی مانگێكدا دەیان منداڵی لە رۆژئاوای كوردستان بۆ پەكەكە ڕفاندووە

بەهۆی ئەوەی گرووپی “جوانێن شۆرەشگەر”ی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەم دواییانە چالاكییەكانی خۆی تایبەت بە رفاندنی منداڵان چڕ كردۆتەوە، ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) بە فەرمی داوا لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكراتیک (هەسەدە) دەكات، گرووپەكە دەربكات.

بەپێی زانیارییەکان، لەم چەند هەفتەیەی رابردوو، بە تایبەتیش لەو كاتەوەی كە دەنگوباسی پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژئاوای كوردستان و بابەتی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانانی پەكەكە دەستی پێكردووە، گرووپی “جوانێن شۆرەشگەر” بە هۆكارێكی نادیار، چالاكییەكانی خۆی بۆ رفاندنی منداڵان لە رۆژئاوای كوردستان چڕكردۆتەوە و لەم چوارچێوەیەشدا دەیان خێزان لە ڕۆژئاوای كوردستان ڤیدیۆیان بڵاو كردۆتەوە و تكا و هاوار دەكەن و داوای گەڕاندنەوەی منداڵەكانیان دەكەن.

لەمبارەیەوە فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی فەرمیی ئەنەكەسە ڕایگەیاندووە: “بەشی زۆری ئەو كەسانەی بە ناوی گرووپی “جوانێن شۆرەشگەر”ـەوە كار دەكەن، خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان نین، ئەركیشیان جیاوازە و بەشێكیان بارەگای حزبەكانی سەر بە ئەنەكەسە دەسووتێنن و كادیرانیان دەڕفێنن، بەشێكیشیان منداڵان هەڵدەخەڵەتێنن و دەیانڕفێنن.

ڕوونیشی كردۆتەوە: ”ئێمە بە فەرمی داوامان لە مەزڵووم عەبدی كردووە كە ئەو گرووپەی سەر بە پەكەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان بكرێنە دەرەوە.“

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە مەزڵووم عەبدیش لەو گرووپە بێزارە و دەیەوێت چالاكییەكانی گرووپەكە بوەستێت و نەمێنن.

جێی باسە پارتی كرێكارانی كوردستان وەك بەشێك لە سەرچاوەی پەیداكردنی منداڵان و گەنجانی تازە پێگەیشتوو بۆ نێو ڕیزی هێزە چەكدارەكانی خۆی، ساڵانێكی زۆرە گرووپی جەوانێن شۆڕشگێڕی چالاك كردووە، هەر بەم هۆیەشەوەیە كە هەزاران گەنجی ڕۆژئاوای كوردستان لە ڕیزەكانی پەكەكەدا شەڕیان كردووە و بەشێكی زۆریان لە شەڕە نەبڕاوەكانی پەكەكەدا كوژراون.

پوستێن ھەمان بەش