لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەخوێنرێت.
دەوڵەتی تورکیا بڕیاری بەهەمیشەییکردنی 25 هەزار مامۆستای گرێبەستی دەرکرد، لەو ژمارە تەنیا شەشیان مامۆستای زمانی کوردین.
هەفتەی ڕابردوو، پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، 25 هەزار مامۆستای گرێبەست بە شێوەی هەمیشەیی دادەمەزرێنن.
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، 25 هەزار مامۆستای گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تەنیا شەش مامۆستا بۆ زمانی کوردی دادەمەزرێنرێن، پێنج مامۆستا بۆ شێوەزاری کورمانجی و مامۆستایەکی دیکەش بۆ شێوەزاری زازاکی دەبێت.
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا. ئەوەشی خستووەتە ڕوو، پێویستە مامۆستاکان لە ڕۆژانی 21ـی نیسان تاوەکو 5ـی ئایاری 2025، فۆرمێکی ئەلیکترۆنی پڕ بکەنەوە بۆ خۆتۆمارکردن و لە ڕۆژی 7ـی ئایار تاقیکردنەوەیان بۆ دەکرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە ساڵی 2012ـەوە تاوەکوو ئێستا، 159 مامۆستای زمانی کوردی بۆ خوێندنی کرمانجی و زازاکی دامەزرێنراون.
لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەخوێنرێت.