جبووری، لە دوای خیانەتە نگریسەکەی ئۆکتۆبەری 2017، وەکوو پارێزگار بەسەر کەرکووکی داگیرکراودا سەپێنرا.
ڕاکان جبووری، پارێزگاری پێشووی سپێنراوی کەرکووک بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کرا.
ئهندامێكی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق ئاماژه بهوه دهكات، دەستبهسهركردنی پارێزگاری پێشووی سهپێنراوی کەرکووک لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانە بووە کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی چاودێری فیدراڵییەوە دەرچووە، نەک لە ئەنجامی سکاڵاکانی لایەنە سیاسییەکان یان کەسایەتییەکان.
ئەمڕۆ دووشهممه، 21ـی نیسانی 2025، کەریم شکوور، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق جهختی كردهوه، دەستبهسهركردنی ڕاکان سەعید جبووری، پارێزگاری پێشووی سهپێنراوی کەرکووک لەسەر بنەمای تۆمەتەکانی پەیوەست بە بهفیڕۆدانی سامانی گشتی و خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵیی بووه لە ماوەی بهڕێوهبردنی پۆستهكهیدا.
کەریم شکوور ئاماژەی بەوەش کرد، بانگهێشتکردن و لێکۆڵینەوە له ڕاکان جبووری لەلایەن دادگاوە لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانە بووە کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی چاودێریی فیدراڵییەوە دەرچووە و دەرئەنجامی داوای یاسایی یان سکاڵا نەبووە کە لەلایەن لایەنە سیاسییەکان یان کەسایەتییەکانەوە تۆمار کراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ڕاکان جبووری بە تۆمەتی دۆسییەکی گەندەڵییەوە لە دادگای ڕەسەفای بەغدا، دەستبەسەر کراوە کە پەیوەندی بە هاوکاریی خێزانە ئاوارەکانی شەڕی داعشەوە هەیە.
جبووری بە گوێرەی ماددەی 340 دەستبەسەر کراوە و بە فەرمانی دادوەر تا یەکلایکردنەوەی دۆسییەکەی ڕاگیراوە.
ڕاکان جبووری، لە دوای خیانەتە نگریسەکەی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، وەکوو پارێزگار بەسەر کەرکووکی داگیرکراودا سەپێنرا و تاوەکوو ڕۆژی 11-08-2024، لەسەر پۆستەکەی بەردەوام بوو. دواتر ڕێبوار تەها، لە شوێنەکەی دانرا.