ئەنجوومەنی ئاسایش: هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری پەک بخەن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی دوو هێرشی درۆنی گرووپێکی تیرۆریستی، پێنج پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای دهۆک بریندار بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29-04-2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا “دوێنێ و بەیانیی ئەمڕۆ، گرووپێکی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون.”
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە “بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە.”
ئەنجوومەنی ئاسایش ئەوەشی خستووەتە ڕوو “لە کاتێکدا پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن.”
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:
دوێنێ و ئەمڕۆ بەیانی گرووپێکی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون.
بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە.
لە کاتێکدا کە پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن.
ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، هۆشداری دەدەینە هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەن بۆ کاردانەوەی گونجاو بەرامبەر بە هەر هێرشێکی تێکدەرانە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
29ی شوباتی 2025