پەکەکە لە دژی پێشمەرگە شەڕ دەکات و لە هەمبەر داگیرکەرانیشدا ئاگربەست

پەکەکە لە دژی پێشمەرگە شەڕ دەکات و لە هەمبەر داگیرکەرانیشدا ئاگربەست

پێویستە ڕای گشتیی نەتەوەپەروەر داوا لە پەکەکە بکا کە دەست لە ئاژاوەگێڕییەکانی لەدژی کورد هەڵبگرێت و دەبێ پەکەکە ئاگربەست لەگەڵ کوردانیشدا ڕابگەیەنێت.

لە ڕۆژانی 28 و 29ی نیساندا، لە گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە نزیک ئامێدی، هێرش کرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان. پێگەی “دارکا مازی” لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە و بەشێک لە بەرپرسان چاوپێکەوتنی کرد و هەواڵێکی بڵاوکردەوە کە ئەم هێرشە لەلایەن پەکەکەوە ئەنجامدراوە. ئەو سەرچاوانە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، زانیارییان لەسەر هێرشەکە پێداین و هیچ گومانی تێدا نەمایەوە کە ئەم هێرشانە لەلایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەوە ئەنجامدراون.

ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەو ناوچانەوە ئاراستە کراون کە هێزەکانی هەپەگەیان تێدایە. ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە هێرشەکەدا بەکارهێنراون، درۆنی جۆری کامیکازانن کە لە دەستی پەکەکەدان. کاتێک هێرشەکە لە ڕۆژی یەکەمدا ڕوویدا، هەندێک دەنگۆی گوماناوی بڵاوکرانەوە کە ڕەنگە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پەکەکە لەکاتی ڕۆشتنی بۆ شوێنێکی دیکە خۆی کێشابێت بە بارەگاکەی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا، بەڵام هێرشەکەی ڕۆژی دووەم پشتڕاستی کردەوە کە ئەمە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو بووە. هاوکات، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەرچەندە ڕاستەوخۆ ناوی پەکەکەی نەهێنا، بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ڕایگەیاند کە هێرشەکە لەلایەن پەکەکەوە ئەنجامدراوە.

بە واتایەکی تر پەکەکە کە ئێستا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و ئێران لە ئاگربەستدایە، پەلاماری پێشمەرگەکانی کوردستان دەدات. ئەگەر بەشێوەیەکی تر بڵێین، لە ئێستادا پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنها گوللـە بە پێشمەرگەکانی کوردستانەوە دەنێت.

دۆخی ئێستای پێکدادانەکانی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک چۆنە؟

پەکەکە تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر مژاری هێرشەکانی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە بڵاو نەکردۆتەوە. میدیاکانی پەکەکە سوپای تورکیایان بە بەرپرسی هێرشەکەی ڕۆژی یەکەم زانی، بەڵام هیچ لێدوانێکیان سەبارەت بە هێرشەکەی ڕۆژی دووەم نەدا. دیار نییە پەکەکە چی دەڵێت، بەڵام ئەگەر سەیری وێنە گشتییەکە بکەین، دەبینین یەک یان دوو ئامانجیان هەیە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر پەکەکە بەراورد بە سێ مانگی پێشوو بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە و دەوڵەتی تورک لە ئێستاوە دەستی بەسەر هەموو شوێنە ستراتیژییەکان گرتووە و خۆی لەو شوێنانەدا جێگیر دەکات. بە تایبەتی هێرشەکان بە درۆن و فڕۆکەی شەڕکەر بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە و ئەو هێرشانە تەنها لە دەوروبەری تونێلەکانی پەکەکەدا بەڕێوەدەچن. لەبەرئەوەی هەردوولا هێزەکانیان دەجوڵێنن، هەندێکجار پێکدادان لە نێوانیاندا ڕوودەدات، دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی فیعلی ئاگربەست لەنێوان هەردوولا بەردەوامە.

ئامانجی پەکەکە لەم هێرشانەدا چییە؟

پەکەکە لەو دوو هێرشەی کە ئەنجامیدان، ئامانجی سیاسی و سەربازی و دەروونیی هەبوو.

پڕۆسەی یەکگرتوویی کورد کە لە ڕۆژئاڤا ڕوویدا، لە لایەن بزووتنەوەی بارزانی و بە تایبەتی “سەرۆک بارزانی”یەوە سەرکردایەتی دەکرێت و کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان ئەمە دەبینێت و بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازیی لێدەکات. هەروەها سەردانەکانی دەم پارتی بۆ هەولێر کە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، وایکرد کە گەلی کورد دا بە خۆشحاڵییەوە سەیری ئەم پرۆسەیە بکات. پەیوەندییەکانی مەزڵووم عەبدی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و ئاهەنگی نەورۆز لە شاری کۆڵن و ڕووداوە هاوشێوەکانی وایکردووە کە پەکەکە لەگەڵ ئەم دیمەنە بەهارییانەی ناو کورداندا هەست بە پەرێشانی بکات. پەکەکە، بەتایبەتی لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، هەموو هێزە سیاسی و دیپلۆماتیک و میدیاییەکانی خۆی بۆ دژایەتیکردنی بزووتنەوەی بارزانی تەرخان کردبوون و ئێستاش ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەی بارزانی و کۆبوونەوەی کورد لە دەوری بزووتنەوەی بارزانی، وایکرد کە ئەم هەوڵە 10 ساڵەیەی پەکەکە بە هیچ دەربچێت. پەکەکە ناچارە کە لە میدیاکانی خۆیدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ درێژە بە دوژمنایەتی خۆی بەرامبەر بە بارزانیەکان بدات. لە ئیستادا هۆکاری سەرەکی ئەو هێرشانە ئەو کەشە لەبار و دڵخۆشکەرەیە کە لەناو کورداندا پەرەی سەندووە و پەکەکە دەیهەوێت ئەم دۆخە تێکبدات.

پەدەکە چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا، ئەم هەڵوێستەی پەکەکە بە قبووڵنەکراو دەزانێت. پەکەکە دەیهەوێت کەڵکاژۆ لەم دۆخە وەربگرێت و لە ناوخۆدا تاڕادەیەک کۆنتڕۆڵی جموجۆڵ و هاتن و چوونی خۆی بکات. واتە پەکەکە دەیهەوێت ئەم دۆخە ئیستیسمار بکات. ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا پەکەکە بڵێت “لەو شوێنانە ئاڵا هەڵنەکرابوو، نەماندەزانی پێشمەرگە لەوێیە، پێشمەرگە ڕێگری لە هاتن و چوونمان دەکات، ڕێگاکەمان لێدەگرێت و هتد…”. بە واتایەکی تر جارێکی تر ڕۆڵی قوربانی بگێڕن.

بۆچی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ناوی پەکەکەی نەهێنا؟

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی و ئیستفزازی بووە، بەڵام بە ڕاشکاوی ناوی پەکەکەی نەهێناوە. هەندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراوی ناوچەکە بە پێگەی “دارکامازی”یان ڕاگەیاند کە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، نەیانویستووە کە لە ڕاگەیاندراوەکەدا ناوی پەکەکە بهێندرێت. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، “پەکەکە ساڵانێکە هەوڵی ئەوە دەدات کە بێشێتە ناو شەڕێک، بەڵام ئێمە ئەو یارییانەمان نەکردووە و جارێکی دیکە نایکەینەوە، ئێمە نامانهەوێ گەلی کوردستان مەحکووم بە ڕۆژەڤێکی نەرێنی و ئاراستەکراو بکەین”. هەر بۆیە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ناوی پەکەکەی نەهێنا. لە ساڵی 2014ـەوە هەتا ئێستا، پەکەکە دەیان جار بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستانی تەقاندووەتەوە و 12 پێشمەرگەی کوردستانی شەهید کردووە. لەم ماوەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هەستیار مامەڵەی کردووە و بۆ ئەوەی شەڕی کورد و کورد ڕوونەدات، تێکەڵ بەو یارییانە نەبووە.

ئایا ئەم هێرشانەی پەکەکە بەردەوام دەبن؟

خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی کۆتایی هاتنی پێکدادانەکانی پەکەکە و دەوڵەتی تورک دەکەن تا گوندەکانیان ئاوەدان بکرێنەوە و بگەڕێنەوە سەر خاک و ماڵ و حاڵی خۆیان. بەڵام ئەم پرسە بە ئاسانی چارەسەر نابێت. لە ساڵی 2019 بەملاوە، پەکەکە لەبری ئەوەی کیلۆمەتری لە حەفتەنین هەتا خواکورک بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بسپێرێت، ئەو ناوچانەی بە درێژایی 140 کیلۆمەتر تەسلیمی دەولەتی تورک کرد و لەو کاتەوە شەڕێکی پلان بۆ داڕێژراو لەنێوان ئەو دوو هێزەدا بەڕیوەدەچێت.

ئێستا ئەم پرۆسەی چارەسەری و ئەو نیقاشانەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئەم شەڕە پلان بۆ داڕێژراوەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک لەبیر بکەین. کاتێک دەمانهەوێت یەکڕیزی و یەکیەتی لە نێوان نەتەوەی کورددا پێکبهێنین، پێویستە هەقێقەتی هەر هێزێک و هەڵوێستی ئەوان بەرامبەر بە کورد لەبەرچاو بگرین. پەکەکە هەرگیز بوونی پێشمەرگە و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەو ناوچانەدا قبووڵ نەکردووە، بەڵام حزووری ئەرتەشی دەوڵەتی تورکی بە پانەوە قبووڵ کردووە.

پەکەکە تا ئێستاش دژایەتی هەر جۆرە لێکنزیکبوونەوەی کورد دەکات. پەکەکە لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناڕازییە. پەکەکە دژایەتی پێکهێنانی حکومەتی هاوبەشی کورد دەکات. کاتێک هەموو ئەمانە لەپاڵ یەک دادەنێین، وێنایەکمان پیشان دەدات کە ئیستفزازی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. وەک لە سەرەتادا گوتمان ئاگربەستەکانی پەکەکە لەگەڵ داگیرکەرانە، بەڵام هیچ ئاگربەستێکی لەگەل هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا نییە. بۆیە دەبێت بەرامبەر بە ئیستفزاز و ئاژاوەگێڕییەکانی پەکەکە، بەتایبەتی لە ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستاندا زۆر وریا بین.

پێویستە هەموو ڕای گشتیی نەتەوەپەروەر داوا لە پەکەکە بکەن کە دەست لە فرت و فێڵ و گەمە و ئیستیفزاز و ئاژاوەگێڕییەکانی لە دژی کورد هەڵبگرێت و دەبێ پەکەکە ئاگربەست لەگەڵ کوردانیشدا ڕابگەیەنێت.

پوستێن ھەمان بەش