موراد قەرەیلان: قۆناغی چەکدانان تەنها کاتێک ڕوودەدات کە گۆڕانکاری یاسایی ڕووبدات

“پێویستە دەسەڵات هەنگاوی یاسایی بنێت، ئەگەر دەسەڵات باسی ئاشتی ناوخۆیی دەکات، دەبێت کۆتایی بە دوژمنایەتییەکان بهێنێت”.
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ڕایگەیاند، قۆناغی چەکدانان بە مەرجێک ڕوودەدات کە گۆڕانکاری یاسایی ئەنجام بدرێت.
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە میانی کۆنگرەی دوازدەیەمی حزبەکەیدا ڕایگەیاند، “بۆ ئەوەی پەکەکە بەرگری لە خۆی بکات، بێ گومان پێویستە دەسەڵات هەنگاوی یاسایی بنێت، ئەگەر دەسەڵات باسی ئاشتی ناوخۆیی دەکات، دەبێت کۆتایی بە دوژمنایەتییەکان بهێنێت”.
موراد قەرەیلان هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، “زۆربەی یاساکانی ئێستا نکۆڵی لە بوونی گەلی کورد دەکەن، بۆیە تەنیا لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە دەبێ دەوڵەت لەسەر ئاستی یاسایی و دادوەریدا بیانکات، پەکەکە دەتوانێت پرۆسەی چەکدانانەکەی جێبەجێ بکات”.
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆتایی بە ستراتیژی شەڕی چەکداری دەهێنن، بەڵام ئەگەر دەوڵەت ئەمە قبووڵ نەکات و گۆڕانکارییە یاساییە پێویستەکان لە چوارچێوەی ئازادیی ئۆجەلاندا و لە چوارچێوەی کۆتاییهێنان بە شەڕ و دوژمنایەتییەکاندا پێکنەیەت، ئەمەش جێبەجێ ناکرێت”.
ڕۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەنجامی کۆنگرەی دوازدەهەمی خۆی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لەسەر بانگەوازی ئۆجەلان، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی خۆی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی پەسند کردووە.
پەکەکە هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە “خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و وێرانکاری لە دژی گەلەکەمان نەهێشتووە، پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندووەتە خاڵی چارەسەرکردن و لەم ڕووەوە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لە ژێر سەرکردایەتیی ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵلا ئۆجەلان)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن.”