ئەگەر بڵێین میتۆد و پراکتیکی ئۆجەلان لە مێژوودا لە چ کەسێک دەچێت، تەنها دەتوانین بڵێین کە لە ستالین دەچێت و تەنانەت دەشتوانین بڵێین کە ئۆجەلان لە ڕووی باری دەروونییەوە زۆر لە هیتلەرەوە نزیک بووە، بەڵام زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ئۆجەلان هیچی لە ماندێلا ناچێت.
نیلسۆن ماندێلا لە مێژووی مۆدێڕنی جیهاندا، بە یەکێک لە سەرکردە هەرە بژاردەکان دێتەئەژمار. ماندێلا خەباتێکی بێهاوتای لەدژی سیستەمی ئاپارتاید بەرێوەبرد و بوو بە هێمای پڕۆسەی ئاشتی و دیالۆگ، هەر بەم هۆیەوە لە ساڵی 1993دا خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا.
ماوەیەکی دوورودریژە کە کەمپەینێک بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پەکەکە بەڕێوەدەچێت تا وەک سیمبولی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی وێنا بکرێت. ئەمە بەشێکە لە پرۆژەیەک کە دەیهەوێت لێکچوونێک لە نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و ماندێلادا دروست بکات. لەبەر ئەوەی کە ماندێلا لە زیندانێکی هەڵکەوتوو لە دوورگەیەکدا زیندانی کراوە، بۆیە دەیانهەوێت لە ڕێگەی چەند زانیارییەکی گشتی و هەندێ وتەی جەماوەرییەوە، ماندێلا و ئۆجەلان وەک یەک وێنا بکەن. یەکەم کەس کە ئۆجەلانی بە ماندێلا چواند، خودی ئۆجەلان بوو، ئێستاش دەیانهەوێت شتێک لە مێشکی کورددا دروست بکەن کە ئۆجەلان ماندێلای کوردە. بەڵام لە ڕاستیدا هێڵی سیاسی و کەسایەتی و زات و کردارەکانیان بەتەواوی پێچەوانەی یەکترن.
ماندێلا: شانازی بە ڕەگ و ڕیشەی ئەفریقیی خۆمەوە دەکەم
ماندێلا، یەکێک لە دیارترین ڕێبەرانی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا بوو، هێڵی سیاسی و ئامانجێکی زۆر ڕوونی هەبوو. لە ساڵی 1964 و لە تەمەنی 46 ساڵیدا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا، هەڵوێستەکانی لە دادگا زۆر شەرەفمەندانە بوون، نە خۆی و نە گەلەکەی شەرمەزار نەکرد و بەرگریی لە ئازادیی خەڵکی ڕەشپێست کرد. بەکورتی لە دادگا ئەمەی گوت: “من بە ڕەگ و ڕیشە ئەفریقییەکەمەوە کە شانازی پێوە دەکەم سەرکردایەتیم کردووە، من کۆمۆنیست نیم، من بەر لە هەر شتێک نیشتمانپەروەرێکی ئەفریقیم”. ماندێلا وڵاتێکی دەویست کە ڕەشپێستەکان و سپی پێستەکان بتوانن پێکەوە تێیدا بژین، بۆیە دیالۆگی کرد و دیپلۆماسی بەڕێوە دەبرد، بەڵام هەرگیز لەسەر ماف و ناسنامەی ڕەشپێستەکان موزایەدەی و سازشی نەکرد.
ئۆجەلان لە دادگادا 32 جار وتی: “دەمەوێت بژیم”
هەڵوێستی ئۆجەلان زۆر جیاوازە لە هەڵوێستی ماندێلا. ئۆجەلان کاتێک لە ساڵی 1999دا گەڕایەوە تورکیا، وتی “دەمەوێت خزمەتی دەوڵەتەکەم بکەم و وتی دایکم تورکە” و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی ڕەتکردەوە. هێشتا گرتە ڤیدیۆییەکانی هەن کە لە کاتی لێپرسینەوەکاندا لە ئیمرالیدا دەڵێت: “دەمهەوێت هەموو کوردەکان بە تورکیاوە ببەستمەوە، دەمهەوێت بۆ ئەم پڕۆژەیە ببم بە مقاول (تاشارۆن) و لە یەکەم دادگاییکردنەکەی لە ساڵی 1999دا، لانیکەم 32 جار وتی “من دەمەوێت بژیم”.
بەڵام ماندێلا لە دادگاییکردنی ساڵی 1963دا گوتی: “هەموو تەمەنی خۆم بۆ دۆزی ژیانی ڕەشپێستەکان تەرخان کردووە. من ئەو هزرە کە هەموو مرۆڤەکان پێکەوە بژین، بە پیرۆز دەزانم. ئەمە ئامانجی منە کە ئەو هزرە سەر بخەم و تێیدا بژیم. بەڵام ئەگەر پێویست بکات، ئامادەم لە پێناو ئەو ئامانجەدا گیانم بدەم”.
کاتێک ئۆجەلان لە 27ی شوباتدا بانگەوازی بۆ پەکەکە کرد، هیچ داواکارییەکی نەتەوەیی بۆ کورد نەخستەڕوو، تەنانەت چارەسەریی کولتووریشی قبوڵ نەکرد. ماندێلا لە بەرگرییەکەیدا لە دۆزی “ریڤۆنیا”، ئەم داخوازییانەی بۆ گەلەکەی هێنایەئاراوە: “پێش هەموو شتێک ئێمە مافی سیاسی یەکسانمان دەوێت، چونکە ئەگەر ئەمانەمان نەبێت، بە ناتەواوی دەمێنینەوە”. بە واتایەکی تر ماندێلا سازشی لەسەر مافەکانی گەلەکەی نەکرد.
بابەتێکی زۆر گرنگ ئەوەیە کە خەبات و ژیانی شەخسیی ماندێلا بچووکترین گومانی لەسەر نەبوو، هەموو دیدارەکانی شەفاف بوون و جەماوەریان لێ ئاگادار دەکرانەوە، ئۆجالان بە پێچەوانەی ئەو بوو، ژیانی و دامەزراندنی ڕێکخراوەکەی و هاوسەرگیرییەکەی و دیدارەکانی لەگەڵ دەوڵەت هەمیشە تاریک و گوماناوی بوون.
ماندێلا هۆکاری گیانلەدەستدانی هیچکام لە هەڤاڵانی نەبوو
ماندێلا خەباتێکی چەکدارانەی بنیاتنابوو. لە دادگادا بەرگری لە تەشکیلاتی و خەباتی خۆی کرد و گوتی: “ئێمە 50 ساڵ بێ چەک بووین، بەڵام ئەمە هیچ دەستکەوتێکی بۆ ئێمە نەهێنا”. شیوازی خەباتەکەی چەکدارانە بوو، بەڵام لە ژیانی تایبەتی خۆیدا کەسیکی ئاشتیخواز و یەکسانیخواز بوو. دیکتاتۆر نەبوو، زاڵم نەبوو، خۆپەرست نەبوو، منم منمی نەدەکرد و لە پێناو بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیدا هیچ مرۆڤێکی نەکوشت و بەکوشتن نەدا. لە ناو کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقیا (ANC)دا لەگەڵ هیچ کەسێک شەڕی دەسەڵاتی نەکرد، کەسی نەسڕیەوە و جێگەی کەسی نەگرتەوە، ماندێلا کەسێکی ئارام و خاکەڕا بوو.
بەڵام ئۆجەلان حاڵەتێکی دەروونی جیاوازی هەبوو، کەسایەتییەکی پاتۆلۆژیک بوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵانی 1990دا گوتبووی: “سەری ئەم کۆترانەی خۆم دەبڕم کە دان و ئاو لە دەستی کەسانی دیکە دەخۆن و دەخۆنەوە”. ئەمەش نیشانەی کەسایەتی ئەو بوو، ئۆجەلان هەر وەک ئەو کۆترانە سەری هەڤاڵانی خۆی دەبڕی. بە پێی قسەکانی ئۆجەلان، 15 هەزار کادری پەکەکە لەلایەن خودی پەکەکەوە کوژراون. بێگومان شەخسی ئۆجەلان لەم کوشتارەدا بەرپرسیاری یەکەمە. لە شاری “بەرلیاس”ی لوبنان، پەکەکە خاوەنی کارگەیەکی بچووک بوو. لەو کارگەیەدا بەرمیلی ئەسید هەبوو، هەرکات کەسێک بە فەرمانی ئۆجەلان دەکوژرا، ئێسکەکانی لەو بەرمیلانەدا دەتوانەوە. ئەمە پڕوپاگەندە نییە، ڕەنگە هەندێک کەس باوەڕ نەکەن، بەڵام ئەمە هەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگرە. ئۆجەلان بە قسەی خەباتێکی چینایەتی و شۆڕشگێڕانە ڕەوایەتی بە کوشتنی هەڤاڵەکانی خۆی دەدا و پاساوی بۆ دەهێنایەوە. بەڵام ماندێلا تاقە یەک هەڤاڵی خۆیشی بە کوشتن نەدا، بەڵام پەکەکە تەنانەت لەناو نیشتمانپەروەرانی کوردستانیشدا کۆمەڵکوژیی کردووە، کەسانی وەک “فەرید ئوزون، حوسێن عەلی ئاکاگوندوز” بە دەستی پەکەکە کوژران، ئۆجالانیش کوشتنی ئەو نیشتمانپەروەرانەی بە خەباتی ئایدیۆلۆژی ناودەبرد. بەڵام ماندێلا یەک سیاسەتمەدار و نیشتمانپەروەری ئەفریقای بەکوشتن نەدا.
ئۆجالان لە ڕێگەی هەزاران فێڵەوە خۆی وەک خودایەک نیشان دا و ڕەوایەتیی بە مردنی خەڵک لە پێناوی خۆیدا دا. لە دوای ساڵی 1999 دەیان کەس لەپێناو بارودۆخ و هەلومەرجی ژیانی ئۆجەلاندا ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. ئۆجەلان ئەم چالاکیانەی بە پیرۆز و شەرعی دەزانی، بەڵام بۆخۆی ئامادە نەبوو بۆ تاقە یەک ڕۆژ مان لە خواردن بگرێت. بە واتایەکی تر ئۆجەلان نەک تەنها بۆ نەیارەکانی بەڵکو بۆ ئەوانەش کە خۆشیان دەویست، ڕێگای مەرگی پێ ڕەوا بینین. ماندێلا بۆ ماوەی 20 ساڵ زیندانی کرا کە 18 ساڵی لە دوورگەی “ڕۆبن” بەسەر برد. هەموو ڕۆژێک بەردی دەشکاند، زەوی پاک دەکردەوە و ئاودەستەکانی پاک دەکردەوە، بەڵام هەرگیز ئەو بارودۆخەی خۆی و ڕۆژی لەدایکبوونەکەی و تەندروستی و ژیانی خۆی نەکردە بابەتی گفتوگۆ و نیقاش.
یەک مرۆڤ لە پێناو ئازادی ماندێلادا نەمرد، ماندێلا فەرمانی نەکرد بە هەڤاڵەکانی کەوا لە پێناو ئەودا خۆیان بکووژن، ماندێلا بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆی خەڵکی نەکردە قوربانی. ماندێلا تەنها لەگەڵ سپی پێستەکان ئاشتیی دروست نەکرد، بەڵکو لەگەڵ ڕەشپێستەکانیش ئاشتی دروستکرد و هەر بۆیەش بوو بە هێمای ئاشتی و خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێنا. بەڵام ئۆجەلان لەسەر مردنی مرۆڤەکان، سەرکردایەتییەکی بۆخۆی بنیاتنا و ئەگەر بڵێین میتۆد و پراکتیکەکەی لە مێژوودا لە چ کەسێک دەچێت، تەنها دەتوانین بڵێین کە لە ستالین دەچێت و تەنانەت دەشتوانین بڵێین کە ئۆجەلان لە ڕووی باری دەروونییەوە زۆر لە هیتلەرەوە نزیک بووە، بەڵام زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ئۆجەلان هیچ لە ماندێلا ناچێت.