لە باکوری کوردستان کێ زیاتر خیانەتکارە، ئۆجەلان یان جاشەکان؟

لە باکوری کوردستان کێ زیاتر خیانەتکارە، ئۆجەلان یان جاشەکان؟

پێویستە کورد و ڕۆشنبیرانی کورد هەم جاشە چەک لەدەستەکانی دەوڵەتی تورک و هەمیش ئەو جاشایەتیەی کە ئۆجەلان بە قەڵەم و هزر دەیکات، ڕەت بکەنەوە.

بڕیاری پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی، بڕیارێکە کە پێویستە هەموو کورد پشتگیری لێبکات. ئەم بڕیارە دەرفەتێکی دیکە بۆ کورد دەخوڵقێنێت کە ڕێگایەکی شایستەی نەتەوەپەروەرانە و ئازادیخوازانە بۆ خۆی دابڕێژێت. زۆر گرنگە کورد بتوانێت بەسەر ئەو شێواندنە سۆزداری و هزرییەدا زاڵ بێت کە پەکەکە بە کەڵکئاژۆ وەرگرتن لە چەمکەکانی “شەڕ، چەک، شەهید و بەرخۆدان”، لەسەر مێشک و دەرونی کورد دروستی کردووە.

بەڵام نابێ ئەو هەقێقەتەش لەبیر بکەین کە کاریگەرییەکانی پەکەکە لەسەر کۆمەڵگە، بە شەوێک کۆتاییان پێ نایەت. ئەگەرچی لە ئێستادا دەوڵەتی تورک دەیهەوێت پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت، بەڵام نایهەوێت کۆنترۆڵی پەکەکە بەسەر نەتەوەی کورددا کۆتایی پێبێت، چونکە دەوڵەت لەڕێگەی پەکەکەوە سەرجەم کوردان کۆنترۆڵ دەکات. بۆیە ڕێگە نادات لە کوردستاندا بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ لە دەرەوەی پەکەکە سەرهەڵبدات. هاوکات سەرکردەکانی پەکەکە نایانەوێت دەستبەرداری دەسەڵاتی ئێستایان ببن. لە لایەکی دیکەوە لە تورکیا و ئەوروپا و شوێنەکانی تریش کرێکار و سیاسەتمەدار و کادر و بازرگان زۆرن کە لە هەبوونی پەکەکەدا، ڕانتی سیاسی و ئابووری وەردەگرن. ئەم ڕاستییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەم دەوڵەت و هەم ئەوانەش کە لە دەوروبەری پەکەکەدان، بە شێوەیەکی زۆر دۆستانە لەو ڕێکخستن و پێکهاتە کوردی و کوردستانیانە نزیک نابنەوە کە دوای پەکەکە سەر هەڵدەدەن و تەنانەت دەتوانین بڵێین کە ئەوان دژایەتی ئەم بزووتنەوە کوردستانیانە بە ڕەوا دەزانن و دوژمنایەتییان دەکەن.

بە واتایەکی تر پەکەکە ئەگەر دەستبەرداری چەکەکانیشی بێت، دەست لە ئێخەی کوردان بەرنادات. نەتەوەی کورد بۆئەوەی بتوانێت خۆی لەو تەڵەیە ڕزگار بکات، پێویستە شیکارییەکی فرەلایەنە بۆ ئەو چەمک و دروشمانە ئەنجام بدات کە پەکەکە بە گشتی لەماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا لە مێشکی کورددا دروستی کردووە. بۆ نموونە دەستەواژەی “خیانەت و خیانەتکار (خائیین)” پێویستی بە دووبارە خویندنەوە هەیە. بەڕاستی لە کوردستاندا خائین و خیانەتکار کێیە؟

نابێت دوگمەی یەکەم بە هەڵە ببەسترێ

ئەگەر دوگمەی یەکەمی کراسەکەت بە هەڵە ببەستیت، تەواوی ڕیزەکانی دیکەشی بە هەڵە دەبەسترێن. هەروەها ئەگەر ئێمە لە سەرەتای پەکەکە و چۆنیەتی دامەزرانی بە دروستی تێنەگەین، هەموو شیکارییەکانی دواترمان هەڵە دەبن. ئەگەر دەمانهەوێت پەکەکە شرۆڤە بکەین، دەبێ بزانین کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە هەر لەسەرەتاوە مەعسووم و بێتاوان نەبوون. کاتێک دەڵێین دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئۆجەلان پەکەکەی دامەزراند، هێرش دەکرێتە سەرمان، هەم دەوڵەتی تورک و هەمیش پەکەکە پەلامارمان دەدەن. لە هەمان کاتدا هەندێک ناڕەزایی خەڵک و جەماوەریشی لێدەکەوێتەوە. بێگومان ئەوەندە ئاسان نییە، هەزاران کەس لە دەوروبەری پەکەکە گیانیان لەدەستداوە، لە هەندێک بنەماڵەش 5-6 کەسیان تێکەڵ بە پەکەکە بوون. کاتێک دەڵێیت ئۆجەلان بە پشتیوانی دەوڵەت پەکەکەی دامەزراندووە، خەڵک ناتوانن بە هەستی خۆیان ئەم ڕاستییە قبوڵ بکەن. لەهەمان کاتدا ترسیان هەیە ئەو سیستمەی کە پشتیان پێبەستووە، بڕووخێت، بۆیە ڕازی نابن، بەڵام ئێمە هەتا هەر لەسەرەتاوە ڕاستییەکانی پەکەکە نەزانین، ناتوانین هەنگاوێکی ڕاستەقینە لە پێناو کورد و کوردستاندا هەڵبگرین.

پەکەکە تەنها ئەو ڕەخنەیە لەسەر نییە کە لە تاکتیک و سیاسەتی خۆیدا هەندێک هەڵەی کردووە

هەڵەکانی پەکەکە هەڵەی سیاسی و تاکتیکی نین. ئەوانەی پەکەکە هەڵە نین، بەڵکوو پەکەکە بە شێوەی ئاگایانە و سیستماتیک بزووتنەوە کوردی و کوردستانییەکانی لە ڕێڕەوی خۆیان دوورخستۆتەوە. بۆیە گەورەترین بەربەست لەبەردەم خەباتی نەتەوەیی کورد، شەخسی ئۆجەلان و ئەو ڕێکخراوانەیە کە ئەو سەرکردایەتییان دەکات. بۆ ئەوەی کورد بتوانێت درێژە بە خەباتی سەدان ساڵەی خۆی بدات، پێویستە ئەم سیستەمەی کە بەناوی ئۆجەلانەوە دروستکراوە، لەناوبچێت. با جارێکی تر بە یەک دوو زانیاری مێژوویی ڕۆڵی پەکەکە زیاتر ڕوون بکەینەوە.

دەوڵەتی تورک نەیتوانیبوو کورد ئاسمیلە بکات

دەوڵەتی تورکیا قەوارەیەکی سەد ساڵەیە. بە واتایەکی تر ئەو کەسانەی کە ئێستا لە ناو تورکیا دەیبینین کەسانێک نین کە DNA یان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بووە، ئەوان تورکی ڕەسەن نین. ئەم خەڵکە کە ڕەگ و ڕیشەیان لە تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاستەوەیە، 10%ی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن و 90%ی دیکەش لاز، ڕۆم، ئەرمەنی، ئەڵبانی، بۆشناک، پۆماک و هەندێک گەلی دیکەی غەیرە موسڵمانن. هەموویان بوون بە تورک و هەندێکیان نەک بە زەبری هێز بەڵکوو هەر بە ئارەزووی خۆیان بوون بە تورک و ئاسمیلە بوون. بەڵام بارودۆخی کورد زۆر جیاوازە. ئاسمیلەکردنی کورد لە کۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سەردەمی “ئیتیحاد و تەرەقی”یەوە دەستی پێکرد. ئەم وتەیەی سوڵتان عەبدولحەمید زۆر بەناوبانگە کە دەڵێت: “پێویستە ئێمە گەلی کورد لە نێو خۆدا نەرم بکەین، دەبێت ئاسمیلەیان بکەین و لەناو خۆماندا بیانتوێنینەوە و بیانکەین بە ماڵی خۆمان”. ئەو سەردەمەش باش دەیانزانی کە کورد وەک گەلانی دیکە بە ئارەزووی خۆیان تەسلیمی ئەوان نابن، هەر بۆیە دەستەواژەی “با بیانکەین بە ماڵی خۆمان”یان بەکارهێناوە.

هەروەها دەوڵەتی تورک لە ڕۆژانی سەرەتای خۆیدا جینۆسایدی کولتووری و فیزیکیی لە دژی کورد ئەنجامدا. لە ساڵانی 1938 تا 1960 کوردایەتی بێدەنگ بوو. بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە عێراق ڕوویاندا و گەڕاەوە مەلا مستەفا بارزانی لە ڕووسیاوە بۆ کوردستان و داخوازی ئۆتۆنۆمی و دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکدارانە، گیانێکی تازەی وەبەر پرسی کورد و کوردستاندا کردەوە و ئەمەش مەترسییەکی گەورە بوو بۆ سەر گەل و دەولەتی تورک و هەربۆیە تورکیا وەک سوڵتان عەبدولحەمید وتی بڕیاریدا “کوردان نەرم بکەن”.

لەلایەن تورکانەوە سێ ڕێکخراو بۆ سەرکوتکردنی کورد دامەزران

لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا دەوڵەتی تورک هەوڵی دروستکردنی سێ ڕێکخراوی دا بۆئەوەی کە کورد لە ناوخۆ داگیر بکات و نەرم و سەرکوتیان بکات. لە ساڵانی 1970دا، قۆڵیان بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە هەڵماڵی و لە 3 لاوە کاری تێکدەرانە و تەخریباتیان لە ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا دەستپێکرد.

یەکەمیان پەکەکە بوو. پەکەکە بە قسەی چەپ و ڕادیکاڵ دەستی پێکرد و کوردەکانی لە دەوری خۆی کۆکردەوە، بەڵام لە ئەنجامی 47 ساڵدا تورکیەییبوونیان کردە ئامانجی سەرەکی و پیرۆز.

دووەمیان حزبوڵلا و هوداپار بوون، کە لە ساڵی 1980 بەملاوە بە هەستی ئیسلامی کوردیان لە دەوری خۆیان کۆکردەوە و ئەمانیش لە ڕێگەی چەمکی ئومەتەوە، هەوڵی بە تورکیایی کردنی کوردانیان داوە.

سێیەمیان بە مانایەکی گشتی دەتوانین بە جاش ناویان ببەین. ئەم گرووپە وەک دوو گروپەکەی تر نەبوون و ڕاستەوخۆ بەرگرییان لە ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی تورک دەکرد. جیاوازی نێوانیان ئەوە بوو کە ئەو دوو گرووپەی یەکەمیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەم کارەیان کرد، بەڵام جاشەکان ڕاستەوخۆ ئەو کارەیان کرد. جاشەکان هەرگیز بە ڕیتۆریکی ئایدیۆلۆژیکی کوردی، ڕەوایەتییان بە ئەرکی بەکرێگیراوانەی خۆیان نەدەدا؛ بەڵکوو بە ئاشکرا لایەنگری دەوڵەتی تورک بوون.

ئایا جاشیکی خەڵکی جۆلەمێرگ، دەتوانێ هێندەی ئۆجەلان زیان بە کورد بگەیەنێت؟

ئەگەر سەیری ئەم سێ پێکهاتەیە بکەین، دەبینین کە هەر سێکیان دژبەری یەکترین و خوێنیان لە یەکتر ڕشتووە. بەڵام ئامانجی بنەڕەتی هەر سێکیان ئەمەیە: خزمەتکردنی دەوڵەتی تورک. هەربۆیە هەرسێکیان ناتوانن وانەی کوردایەتی بە یەکتر بدەن و هیچ کامیان ناتوانن ئەوی دیکەیان بە خائین ناوببەن، تەنانەت ئەگەر هەندێک لە شوێنکەوتووانیشیان ئاگاداری ئەو ڕاستییە بن، ئەمانە ئامرازی پاراستنی داهاتویی تورکیان. ئەگەر باش لەم بەستێنە تێبگەین، ئەم پارادایم و تیۆریەی پەکەکە ئیفلاس دەکات کە دەڵی “هەمووان خیانەتکارن و تەنیا من پاکم”.

تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی لەو ڕۆژانەدا ڕایگەیاند، “کاتێک ململانێکان کۆتاییان هات، ئێمە جاشەکان بە بێکار ناهێڵین، چەکەکان لەدەستیان وەردەگرین و داریان پێدەدەین بۆ ئەوەی ئاژەڵ و مەڕوماڵات بەخێو بکەن”. با بە هەڵە تێنەگەین، ئێمە نامانهەوێ نە رووی ڕەشی جاشەکان و نە رووی ڕەشی هیچ هێزێکی تر سپی بکەینەوە کە بەرگری لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک دەکات و بەرگری کردن لەو جۆرە لایەنانە لە زاتی ئێمەدا نیە. بەڵام ئەوەی هەڵەیە هەڵەیە و ئەوەش ڕاستە، ڕاستە. لە کوردستان هەندێ خائین هەن کە لە جاشەکان خراپتر و مەترسیدارترن.

با کەس دڵی نەیەشێت، بەڵام سەرۆک جاشێک لە جۆلەمێرگ، ئەوەندەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان زیانی بە پرسی کورد نەگەیاندووە. هیچ سەرۆک جاشێک، هێندەی ئۆجالان کوردی بەکوشتن نەداوە. جاشەکان لانیکەم هێزێکی سنووردارن و ئایدۆلۆژیا ناخوڵقێنن، عەقڵ و هۆشی خەڵک تێکنادەن و ئالۆزی ناکەن. هەمووان دەزانن جاشەکان کێن و چەندە کرێ وەردەگرن، ئەوە ئاشکرایە، بەڵام ئۆجەلان جاشێکی شاراوەیە. ئۆجەلان لە دادگادا وتی: “ئێمە بەرگری لە یەکێتی دەوڵەتی تورک و سنوورەکانی میساقی میللی دەکەین”. هەر ئەم قسانە بەسە بۆ ئەوەی بە ئۆجلان بڵێین جاش. ئەم کەسانەی بەرگری لە دەوڵەتی تورک دەکەن بە گشتی پێیان دەوترێت جاش، هەموویان یەک جەوهەریان هەیە بەڵام ڕەنگە لە فۆرمدا جیاواز بن.

ئەوانەی خۆیان وەک بەشێک لە دەوڵەتی تورکیا دەبینن و دژایەتی نەتەوەی کورد دەکەن، هەموویان جاشن

ئۆجەلان ساڵی 1999 لە دادگاییکردنەکەیدا وتی: “کورد بەشێکە لە هەموو نەتەوەکانی دیکەی ناو نەتەوەی تورکیا، تەنیا فەرهەنگ و زمانەکەی جیاوازە”. بە واتایەکی تر عەبدوڵڵا ئۆجەلان قبووڵی دەکات کە کورد بەشێکە لە نەتەوەی تورک، کەواتە جیاوازی ئۆجەلان و جاشێک لەچیدایە؟

دەکرێ لە یەک ڕۆژدا سیستەمی جاشایەتی لە تورکیا هەڵبوەشێتەوە، بەڵام شتی خراپ ئەوەیە کە ناتوانیت چارەسەری جاشایەتی ئۆجەلانی بەناو شۆڕشگێڕ و ئەو وێرانکارییە دەروونی و زیهنیەئ بکەیت کە ساڵانێکە لەناو کورددا ڕوودەدات. هەر بۆیە دەڵێین ئۆجەلان لە جاشێک مەترسیدارترە، چونکە ئەو ئایدۆلۆژیایەکی دروستکردووە و ڕێکخستووە کە جەماوەرییە.

بۆیە پێویستە کورد و ڕۆشنبیرانی کورد هەم جاشە چەک لەدەستەکانی دەوڵەتی تورک و هەمیش جاشایەتییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە بە قەڵەم و هزری خۆی جێبەجێی دەکات، ڕەت بکەنەوە. بناخەی نیشتمانپەروەری و خەبات دژی خیانەت، بەم شێوەیە دروست دەبێت.

پوستێن ھەمان بەش