کەنەکە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان نیە، بەڵکوو یەکێک لە لقەکانی پەکەکەیە

کەنەکە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان نیە، بەڵکوو یەکێک لە لقەکانی پەکەکەیە

کەنەکە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی پەکەکە دامەزراوە.

کەنەکە کۆنگرەی نائاسایی خۆی بەڕیوەبرد و هەیکەلی ڕێکخستن و هاوسەرۆکەکانی خۆی گۆڕی. ئەگەرچی کەنەکە ناوی “کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان” لەسەر خۆی دادەنێت، بەڵام لە ڕاستیدا لقێکی پەکەکەیە لە ئەورووپا و بە فەرمانی ڕێبەرایەتی پەکەکە لە قەندیل دەجووڵێتەوە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە و موراد قەرەیلان ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە پەیامێکی هاوبەشدا داوایان لە کەنەکە کردبوو کە بە زووترین کات کۆنگرەی خۆی ببەستێت. کەنەکەش لەسەر داواکارییەکەی ئەوان کۆنگرەی 23ی خۆی لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەبرد و کۆمەڵێک بڕیاری دا کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ڕێکخراوی دایکان واتە (پەکەکە)، هاوتەریب و گونجاون.

کۆنگرەی کەنەکە بە پەیامەکەی بایک و قەرەیلان دەستیپێکرد

لە یەکەم بڕگەی کۆنگرە نائاساییەکەی کەنەکەدا، پەیامی هاوبەشی جەمیل بایک و موراد قەرەیلان خوێندرایەوە کە تیایدا ڕێنمایی و فەرمانی نوێ بۆ کەنەکە دەستنیشان کرابوو. کەنەکە لە ڕاستای ئەو فەمانە نوێیانەدا کۆنگرەکەی خۆی بەڕێوەبرد و لە ئەنجامنامەی کۆنگرەکەشیدا ڕایگەیاند: “گفتوگۆی بەرفراوانمان لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد، ستراتیژییە دیپلۆماسیەکان و یەکێتی نەتەوەیی ئەنجامدا”!.

دواتر کۆنگرەکە بە هەڵبژاردنی هاوسەرۆکان و ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەری، کۆتایی پێهات.

جەمیل بایک و موراد قەرەیلان ڕۆڵ و میسیۆنی ڕێکخراوە ئەوروپیەکەیان واتە (کەنەکە)، دەستنیشان کرد و ڕایانگەیاند: “هەموومان ئەرکێکی قورسمان لە بەردەمدایە”.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ANF”ی پەکەکە، لە پەیامە هاوبەشەکەی بایک و قەرەیلاندا هاتووە:

“سەرەتا سڵاو لە دیوانی کۆنگرە، هەموو دۆست و هەڤاڵانی بەشداربوو دەکەین و بەو هیوایەیین کۆنگرەی گشتی کەنەکە بۆ وڵات و گەلەکەمان سودمەند بێت.

دەمانویست ئێمەیش لە کۆنگرەی گشتیی کەنەکەدا ئامادەبین، بە ئەندامێتی ئەم دامەزراوە سەنگینە سەربڵندین. بەڵام لەبەر ئەوە هۆکارانەی کە ئێوەیش دەیزانن، نەمانتوانی لەگەڵتاندا بین و بەشداربین. دەومانەوێت باوەڕ بەوەبکەن کە هەرچەندە دووریشبین و نەتوانین لە کۆنگرەکەدا بەشداربین ئەوا ئەرکەکانمان بە گوێرەی ئامانجەکانی کەنەکە جێبەجێ دەکەین”.

بایک و قەرەیلان ئەرکە نوێیەکانی کەنەکەیان دەستنیشان کرد

بایک و قەرەیلان لە پەیامەکانیاندا بە ڕوونی ئەرک و میسیۆنی کەنەکەیان دەستنیشان کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەمانە ئەرک و بەرپرسیارێتی قۆناغی داهاتوو دەبن و ئێمە سەرکەوتووانە جێبەجێیان دەکەین.

بایک و قەرەیلان لە پەیامەکەیاندا بۆ کەنەکە باسیان لە بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئۆجەلان و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناو پەکەکە کردووە و گوتوویانە: “ڕۆڵ و ئەرک لە دامەزراندنی کەنەکەدا لەم پرۆسەیەدا زۆر زیاتر بووە… پێویستە کەنەکە لەم ڕووەوە زۆرتر هەوڵبدات و لە چوارچێوەیەکی کاریگەردا بتوانێت کۆنفرانسێکی نەتەوەیی ڕێکبخات”.

لە کۆتایی پەیامە هاوبەشەکەی بایک و قەرەیلاندا هاتووە: “لە ماوەکانی داهاتوودا، وەک ئەندامی تەڤگەر و هاوکات وەک ئەندامی کەنەکە درێژە بە خەباتەکانمان دەدەین بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردان و ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆمان جێبەجێی دەکەین.

بەم باوەڕ و بڕیاردارییەوە سڵاو لە کۆنگرەی گشتی دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ ئیدارەی نوێی هەڵبژێردراو دەخوازین”.

کەنەکە بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی پەکەکە دامەزراوە

کەنەکە لە ساڵانی 1990دا لەلایەن پەکەکەوە دامەزرا و لەلایەن بەشێک لە سیاسەتمەدارانی پێشوو و کادیرانی پەکەکەوە بەڕێوەدەبرێت. کەنەکە نەتەوەی کورد و یەکڕیزی و یەکێتی کوردان وەک قەڵخانێک بەکار دەهێنێت، بەڵام لە واقیعدا ئەرک و میسیۆنەکانی پەکەکە جێبەجێ دەکات.

ناوەڕۆکی کەنەکە، بەڕێوەبەرایەتیی و هاوسەرۆکەکانی کەنەکە، هەموویان ڕاستەوخۆ لە لایەن بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە قەندیلەوە دەستنیشان دەکرێن.

پارتی کرێکاران، کەنەکە وەک دامەزراوەیەکی لاواز تەنها بۆ ئامانجی پیشاندان بەکاردەهێنێت. بەکورتی کەنەکە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی پەکەکە دامەزراوە.

پوستێن ھەمان بەش