لە ناو پرۆژەکەی ئۆجەلاندا، کورد دەبێ مرۆڤی ئەبستراک (مجرد) بێت نەک وەک کوردێک یان نەتەوەیەکی خاوەن ماف.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیزی
بە ئێمەی کورد دەڵێن واز لە نەتەوەکەی خۆتان بهێنین و تێکەڵ بە مرۆڤایەتی ببن. خودی ئەم وتەیە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەگەر کورد نەتەوە بێت، مرۆڤ نییە و ئەگەر کورد مرۆڤیش بێت، نابێت نەتەوە بێت.
ئەرێ چۆن دەکرێ کورد بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ بناسرێت، دەبێ دەستبەرداری نەتەوەکەی خۆی بێت؟ ئەوە چ ئەخلاقێکە کە بەر لەوەی کەسێکی بریندار تیمار بکرێت، داوای لێبکرێ کە دەبێ داوای لێبووردن بکات؟ ئایا مرۆڤایەتی لە بنەڕت و ناوەڕۆکی خۆیدا ئاسمیلەکردنە، یان هەستکردنە بە هربوونی کەسانی بەرانبەرە؟
مارتن بوبەر دەڵێ: “پەیوەندی ڕاستەقینەی نێوان مرۆڤەکان لەسەر بنەمای من و تۆ بنیات نراوە، نەک لەسەر بنەمای من و ئەویتر”. ئەگەر ئەو تۆ وەک کورد قبووڵ نەکات و ئەگەر تۆ بە ئۆبژەیەکی کولتووری بزانێت، ئەوا بەرلەوەی کە نەتەوەبوونی تۆ بدزێت، لە ڕاستیدا مرۆڤایەتی تۆی دزیوە.
لە دونیای پۆست کۆلۆنیالیزمدا کورد وەک نموونەیەکی زیندووی هەڵاواردن و گەلێکی بێ دەوڵەت و بێ دەستوور و بێ سوپا و بێ نوێنەرایەتی دەناسرێت. بەڵام کاتێک کورد داوای یەکێک لەو بنەمایانە دەکات، بە شۆڤێنیزم و فاشیزم و پاشکەوتوویی تۆمەتبار دەکرێت.
“چارڵز تایلۆر”، فەیلەسوفی کەنەدی دەڵێت: “شوناس تەنها هەستێک نییە لە ناخی مرۆڤدا، بەڵکو دانپێدانانێکی گشتییە. ئینکاری بەردەوامی گرووپێک دەبێتە جۆرێک لە توندوتیژی، یان باشتر بڵێین دەبێتە پێکهێنانی سیمبولیکی سیستماتیک”.
کورد چۆن بانگەوازی مرۆڤایەتی بکات لە کاتێکدا مرۆڤایەتی خۆی لە نەخشە و زمان و دامەزراوەکاندا نکۆڵیی لێدەکرێت؟
پرۆژەی ئۆجەلان ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی کوشندە بووەتەوە: لە کاتێکدا داوای تێپەڕاندنی دەوڵەت دەکات بەبێ ئەوەی دەوڵەت سازش و دانپێدانان لەسەر هیچ شتێک بکات، داوای کۆتاییهێنان بە نەتەوە دەکات پێش ئەوەی نەتەوەکە توانیبێتی مافەکانی خۆی دەستەبەر بکات. ئۆجەلان داوای “برایەتی گەلان” دەکات بەبێ ئەوەی خەڵکی دیکە داوای لێبوردن بکەن بۆ ئەو کۆمەڵکوژی و دڕندەییانەی کە بەسەر گەلەکەی دیکەیدا هێناوە. ئەمە فەلسەفە نییە، بەڵکو گوتارێکی نائەخلاقی و بۆمباوییە.
سڵاڤا، ژیژەک دەڵێت: “خراپترین جۆری زاڵبوون ئەوەیە کە کەسێک قەناعەتت پێدەکات کە بۆخۆت بە ناوی پێشکەوتنەوە کۆیلایەتی هەڵبژێریت”. ئەمەش ئەوە شتەیە کە لە وتارەکەی “مۆدێرنیزمی دیموکراتیک”دا دەبینرێت، کە تیایدا وازهێنان لە خولیای نەتەوەیی، بە قارەمانەتی دادەنرێت نەک خیانەت.
فەیلەسووف هایدگەر، لە وەسفکردنی هەبوونی ڕاستەقینەدا بەراوردێک لە نێوان “تۆ بۆخۆت ببیتە خۆت” و “تۆ ببیتە بوونەوەرێکی نەناسراو لە ناو خۆتدا” دەکات. لە ناو پرۆژەکەی ئۆجەلاندا، کورد پێویستی بەوەیە مرۆڤی ئەبستراکت (موجەڕڕەد) بێت نەک وەک کوردێک یان نەتەوەیەکی خاوەن ماف. بەڵام چۆن مرۆڤ دەتوانێ مرۆڤ بێت، ئەگەر ناسنامە و زمان و مێژوویەکی نەبێت و بۆخۆی نەتوانێت داهاتووی خۆی دابڕێژێت؟
ئایا دەتوانین هەموو ئەمانە لە دروشمەکانی پێکەوە ژیان و گەلانی دیموکراتیکدا و بەبێ بوونی گەرەنتی، کورت بکەینەوە؟
زۆر گرنگە جیاوازی بکەین لە نێوان “مرۆڤایەتی ئازادیخواز” و “مرۆڤایەتی ئەبستراک”. مرۆڤایەتی ئەبستراک ئەو مرۆڤایەتیەیە کە تێیدا لەدەستدانی تایبەتمەندییەکان دەبێتە مەرجی سەرەکی بۆ هەنگاونان بەرەو بەجیهانیبوون. پرۆژەکەی ئۆجەلان دەکەوێتە چوارچێوەی مرۆڤە ئەبستراکتەکانەوە.
ئێستا دەوڵەتی تورک دەڵێت، ئێوە وەک مرۆڤێک بەخێرهاتن دەکرێن، بەڵام بۆتان نیە کە کورد بن، واتە ئێوە ناتوانن زمان و ناسنامەی نەتەوەیی و نوێنەرایەتی و خاکی خۆتان هەبێت، تەنها مافی ئەوەتان هەیە کە خاوەن چاند بن. بەڵام وەک فەیلەسوفێک دەڵێت: “ئەگەر ئێوە خاوەن خاک نەبن، ناتوانن خاوەن دەنگی خۆشتان بن”.