ئۆجەلان: “ئیسرائیل دەتوانێت بە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، خۆی لە چەمبەری دوژمنان ڕزگار بکات”.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە سەبارەت بە قەیرانی ئیسرائیل دەڵێت: ئەگەر ئیسرائیل بێتە ناو پڕۆژەی “نەتەوەی دیموکراتیک”ی منەوە، کێشەکەی چارەسەر دەبێت.
ڕۆژی یەکشەممە 15/6/2025، میدیای فەرمی پەکەکە هەڵسەنگاندنێکی بۆ سەرکردەکەیان سەبارەت بە ئیسرائیل بڵاوکردەوە کە تیایدا باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل دوو ڕێگای لەبەردەمدایە:
یەکەمیان؛ بەو خەتەی ئێستا، بۆ بەردەوامیدان بە هێژەمۆنیی خۆی وەکوو هەمیشە شەڕ بکات و بگۆڕدرێت بۆ ئیمپراتۆریەتێکی ناوچەیی.
دووەمیان؛ خۆی لە تەڵەی دوژمنان ڕزگار بکات و لە پڕۆژەی “یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیک”دا بەشدار ببێت.
ئۆجەلان دەڵێ: ڕێگەی دووەم ئەوەیە، ئیسرائیل دەتوانێت خۆی لە چەمبەری دوژمنان کە هەمیشە بەهێزە، ڕزگار بکات و بێتە ناو پرۆژەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیکەوە و لەسەر ئەو بنەمایە، دەتوانێت بۆ هەنگاونان خاوەن ئینسیاتیف بێت.
سەبارەت بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش، ئۆجەلان وتی: بۆ چارەسەرکردنی پرسە نەتەوەیی و ناوچەییەکان، پێویستە دەستبەجێ چەتر و سەیوانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیک دابمەزرێت. بە واتایەکی تر: لە جیاتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی گەلانی دیموکراتیکی جیهان دابمەزرێت.
میدیاکانی پەکەکە ئەم هەڵسەنگاندنەیان لە کتێبی “مانیفێستی شارستانیەتی دیموکراتیک”ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەرگرتووە، کە کتێبێکە بە تەواوی لە بیر و ڕامانی فەیلەسوفە بەناوبانگەکانی جیهان دزراوە.