“بۆ چارەسەری دادپەروەرانەی پرسی کورد و دیاریکردنی ناسنامەی دەوڵەتی نوێی سووریا، دەبێ لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسی کورددا دانوستان بکرێت”.
سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ENKS) لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سیاسی دوای “کۆنفرانسی یەکگرتوویی هەڵوێستی کورد” کرد. ENKS سەرنجی خستە سەر دامەزراندنی “شاندی هاوبەشی کورد” و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و جەختی لەسەر چالاککردنی ڕۆڵی خۆی بەگوێرەی پێشهاتە نوێیەکانی سووریا و ناوچەکە کردەوە.
سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە)، ڕۆژی هەینی 20/6/2025، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامان ئەنجامدا و ئەمڕۆ شەممە 21ی حوزەیران، لە بەیاننامەیەکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد.
هەڵسەنگاندنی پێشهاتە سیاسییەکان و شاندی هاوبەشی کورد
تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییە بوو. سەرۆکی ENKS باسی لەو پێشهاتانە کرد کە لە دوای “کۆنفرانسی یەکهەڵوێستی و یەکگرتوویی کورد”ـەوە هاتوونەتە ئاراوە. لەو چوارچێوەیەدا سەرنجی خستە سەر هەنگاوی گرنگی دامەزراندنی شاندی هاوبەشی کورد و ئەو دیدارانەی کە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە پرسی سووریا ئەنجام دراون.
بەشدارانی کۆبوونەوەکە بە یەکدەنگی جەختیان لەسەر ئەوە کردۆئتەوە کە دەبێ ئەنەکەسە ڕۆڵی خۆی بە گوێرەی پێشهاتەکانی ئێستا لە سووریا و ناوچەکدا ئەکتیڤ بکات و بە کاریگەریی ئزیاترەوە بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا بکات.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەش تاوتوێ کران:
بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی: بەشداربووان کاریگەریی نەرێنی شەڕی ئیسرائیل و ئێرانیان لەسەر ناوچەکە تاوتوێ کرد و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان داوای گفتوگۆی ئاشتیانەیان کرد. داوایان کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە جێبەجێ بکات.
هەڵبژاردن و بنیاتنانی سووریای نوێ: کۆبوونەوەکە تیشکی خستەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی ئینتقالی ئەحمەد ئەلشەرع بۆ دامەزراندنی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل و جەخت لەوە کرایەوە کە بۆ چارەسەری دادپەروەرانەی پرسی کورد و دیاریکردنی ناسنامەی دەوڵەتی نوێی سووریا، دەبێ لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسی کورددا دانوستان ئەنجام بدرێت.
ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی پێنجەم: ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی پێنجەمی ENKS باسیان لێوەکرا و جەخت کرایەوە کە پێویستە لە ئایندەیەکی نزیکدا پەیڕەوی هەڵبژاردن و ڕێژەی نوێنەرایەتی دیاری بکرێت بۆ ئەوەی بەشدارییەکی فراوان دەستەبەر بکرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی بەردەوامیدان بە کاری هاوبەش لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بۆ گەیشتن بە دەوڵەتێکی دیموکراتیک بۆ هەمووان کرایەوە.