هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و پەکەکە ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.
پەکەکە ناسنامەی 5 گەریلای دیکەی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2018دا لە باشووری کوردستان، لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکدا گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تازە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان بڵاو دەکاتەوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕۆژی پێنج شەممە 17/7/2025، ناسنامەی 5 گەریلای دیکەی حیزبەکەی ڕاگەیاند کە چواریان ژن بوون و لە مانگی چلەی ساڵی 2018دا لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا بۆ سەر باشووری کوردستان، کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
پەکەکە وەک زۆرێک لە هەڤاڵەکانی دیکەیان، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم 5 گەریلایەشی بۆ ماوەی 7 ساڵ لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردبۆوە و ئێستاش دەڵێت ئێمە هاڤاڵانی ئاپۆیی خۆمانمان لەدەستدا!.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 5 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ بێریڤان عەبدولڕەحمان، خەڵکی بدلیس لە باکووری کوردستان.
2ـ گولجان سەفەر، خەڵکی ئاگری لە باکووری کوردستان.
3ـ فەریدە محەممەد، خەڵکی ئاگری لە باکووری کوردستان.
4ـ ئەڤین نەجدەت، خەڵکی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان.
5ـ ئیلیاس تەیموور، خەڵکی وان لە باکووری کوردستان.
پەکەکە ڕۆژانە وێنەی پۆلێک لە کچ و کوڕانی لاوی کورد بڵاودەکاتەوە کە لە ساڵ و مانگەکانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.