هەندێ زانیاری دەربارەی پژاک-پەکەکە

هەندێ زانیاری دەربارەی پژاک-پەکەکە

لەو کاتەوە کە پژاک دامەزراوە، لەلایەن بەرپرسانی کۆنسەی پەکەکەوە بەڕێوە دەچێت و ڕۆژهەڵاتییەکان تێیدا بڕیاردەر نەبوون.

✍️ کوردۆ باکووری

پژاک لە ساڵی 2002 لە ژێر ناوی “جونبوشی ئیتیحادی دیموکراتیک” بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ژێر زانیاری و پلانی دەزگای ئیتلاعاتی ئێران و کۆنسەی بەڕیوەبەریی پەکەکەدا بۆ ڕێگریکردن لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دامەزرا.

دوای ساڵێک، پژاک لە 15ی ئەیلوولی 2003 لەلایەن عوسمان ئۆجەلان (فەرهاد)ـەوە لە قەندیل، لە ئەشکەوتی شەهید هارون دامەزراوە. فەرهاد بە ئەنقەست ئەم حیزبەی بە ناوی هاوسەرەکەیەوە ناوناوە “پارتی ژیانی ئازاد”. دوای ئەوەی عوسامن ئۆجەلان ئەو حیزبەی بەجێهێشت، ئەو درۆیەی ئاشکرا کرد کە گۆیا کۆنگرەی پژاک لە ساڵی 2004دا بەستراوە.

لەو ساڵانەدا تێکۆشەرانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو پەکەکەدا زۆر بوون. پڕوپاگەندەی ئەوە بۆ تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی ناو پەکەکە کرابوو کە “بۆیە پژاک بۆ ڕزگاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە، چونکە حیزبەکانی پەدەکە ـ ئێران و کۆمەڵە سەرکەوتوو نەبوون و شکستیان هێناوە”. خەباتکاران قەناعەتیان وابوو کە پژاک ئەم کارە بەرەو بیرۆکەی ئاپۆ دەبات و لەگەڵ بەرخۆدانی پژاکدا ئەم خەباتە بەرەوپێش دەچێت.

هێزێکی سەربازیش دامەزرا، ئەم هێزەش چەندین جار ناوەکەی گۆڕدراوە. کار و چالاکیی ئەنجامدرا و لە کۆکردنەوەی پارە و شەڕڤان بەردەوام بوو. بۆ فریودانی لاوانی ڕۆژهەڵات، پڕوپاگەندە دەکرا و بە گەنجانی ڕۆژهەڵات دەگوترا: “بۆ ئازادیی گەلی ڕۆژهەڵات، تێکەڵ بە پژاک ببن”. بەڵام ئەو تێکۆشەرانەی کە بەو ڕێکخراوەوە پەیوەست دەبوون، دوای مەشق و ڕاهێنان ڕەوانەی ڕۆژهەڵات نەکران، بەڵکوو یەکسەر ڕەوانەی پارێزگاکانی باکوری کوردستان دەکران و لەوێ بە دەستی جەندرمەی تورک بەکوشتن دەدران.

لەو ماوەیەدا کە پژاک دامەزراوە، بەشێکی زۆر لە گەریلاکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی بۆ ئەنجوومەنی پژاک ئەرکدار کراون، بەڵام ئەوانەی لە ڕاستیدا بەڕێوەیان دەبرد، بەرپرسانی کۆنسەی پەکەکە بوون. کۆنسەی کەجەکە-پەکەکە لەژێر ناوی “کۆمیتەی سیاسی”دا بەڕێوەبردنی پژاکی خستە ئیختیار “سەبری ئۆک” و “زەکی شنگالی”، کە کادیر و کارگێڕی سەرجەم حزب و دامودەزگاکانی سەر بە کەجەکە لەوێ ئامادە دەکران و دادەمەزران.

بەڵام ئەم دۆخە گرژ و ئاڵۆزەی نێوان هەڤاڵانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژبەڕۆژ  قووڵتر دەبووەوە. ئەو نامانەی لە ئیمرالیەوە دەهاتن، ناکۆکی نێوان هەڤاڵانی ڕۆژهەڵات بە تایبەت لەسەر ئاستی بەڕێوەبەریدا قووڵتر دەکردەوە.

زۆرێک لە هەڤاڵان لەسەر ئاستی بەڕێوەبەریدا لە پژاک جیابوونەوە و پژاکیان بەجێهێشت، چەند جارێک ئەنجوومەنی پژاک، دەگەیشتە ئاستێک کە بەڕێوەبەری نەدەما هەموویان تەسفیە دەکران، بەڵام کەجەکە هەر زوو لەڕێگەی “کۆمیتەی سیاسی”یەوە دەستوەردانی کرد.

واتە دەتوانین بڵێین ئەو کەسانەی کە لە پژاک جیابوونەتەوە وناوەکانیانمان لەبیرە، بریتین لە:

1ـ سیپان ڕۆژهەڵاتی.

2ـ سەلماس شکاکی (لە ساڵی 2004 لەلایەن پەکەکەوە تەسفیە کرا).

3ـ زریان ڕۆژهەڵاتی.

4ـ مامەند ڕۆژە.

5ـ ئارام قوتوور.

6ـ ئازاد مەهابادی (برای ئەمیر کەریمی) لە ساڵی 2004 جیابوویەوە.

7ـ باهۆز قوتوور.

8ـ موراد قوتوور (ئەفسەری ئیتلاعاتی قەرەیلان بوو، بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی پژاک و دواتر خۆی ڕادەستی ئیتلاعاتی ئێران کردووە).

9ـ زەینەب ماکۆ، ساڵی 2004 جیابوویەوە.

10ـ دیلان ماکۆ ساڵی 2006 جیابوویەوە.

11ـ زانیار ساڵح ساڵی 2004 جیابوویەوە..

12ـ ئاسۆ مەهابادی لە بەشی لاواندا کاری دەکرد.

13ـ بڕیار گابار کە جەمیل باییک مێژووی پەکەکەی بە فارسی پێنووسیبوو، دوای ئەوەی قەندیل ڕادەستی ئێران کرا، زۆری پێنانەخۆش بوو و لە ساڵی 2016-2017دا پژاکی بەجێهێشت.

14ـ ئاسۆ سنەیی لە بەڕێوەبەرایەتی لاواندا کاری دەکرد و لە ساڵی 2011دا جیابوویەوە.

15ـ ئاوار مەهاباد، ساڵی 2010 جیابوویەوە.

16ـ پێشەوا مەهاباد، ساڵی 2004 جیابوویەوە.

دیارە زۆر کەسی دیکەش هەن کە ناوەکانیان نەنووسراوە.

هەرگیز ئیبتیکار عەمەڵ و بڕیار و ئیرادەی پژاک لە دەست بەڕێوەبەریی پژاک، واتە هەڤاڵانی ڕۆژهەڵاتدا نەبووە. هەمیشە 2-3 ئەندامی کەجەکە هەبوون کە بەسەر پژاکدا سەپێندراون و بڕیارەکانی پژاک لە دەستی ئەواندا بووە. بۆ بەردەوامی و ڕێکخستنی کارەکان بۆ چلاکی پراکتیکی، موراد قەرەیەڵان یان جەمیل باییک لە ناو ئەو کەسانەدا بوون و هەموو کارەکان بە فەرمانی ئەوان بەڕێوە دەچوون.

ئەندامانی کەجەکە-پەکەکە لە دەرەوەی کادیر و کارگێڕانی ڕۆژهەڵاتی کە پژاکیان بەڕێوەبردووە بریتی بوون لە:

ـ لە ساڵی 2002-2003دا سەرهات بوو کە لە ساڵی 2004دا لەگەڵ عوسمان ئۆجەلان جیابوویەوە.

ـ عوسمان ئۆجەلان (فەرهاد) لە ساڵی 2003دا بۆخۆی کۆنفرانسی دامەزراندنی پژاکی سازکرد.

ـ دیسان لە ساڵی 2003دا سەرهات ماراش، ساڵح دێرک و ڕۆژدا سەرهەت سەرپەرشتی ئیدارەی پژاک بوون.

ـ لە ساڵانی 2003-2004دا جەمیل ئامەد، سەرهەت ماراش، دڵخواز بنگۆل، ڕۆژدا سەرهەت و زلال چەلێ بوون.

ـ لە ساڵانی 2005-2006دا، جەمیل ئامەد، دڵخواز بنگۆل، سەرهەت ماراش و دکتۆر ئافات بوون.

ـ لە ساڵانی 2007-2009دا، زەکی شنگالی و ڕۆناهی ئەحمەد و سۆفی نوورەدین بوون.

ـ لە ساڵانی 2009-2010دا، ئاپێهس و ڕۆناهی ئەحمەد لەوێ بوون.

ـ زەکی شنگالی و بۆزان تەکین لە “کۆمیتەی سیاسی” سەر بە کەجەکە لەوێ بوون

ـ لە ساڵانی 2010 بۆ 2012دا، ڕەزا ئاڵتوون دەمهات ئۆزالپ سەرپەرشتی “پژاک و کۆدار”یان دەکرد.

شایانی باسە هەرکات کارگێڕانی کەجەکە ویستبایان، دەیانتوانی کادیرانی ڕۆژهەڵاتی لە پژاک یان لە بەڕێوەبەریی پژاک لاببەن و بیاننێرن بۆ باکوور، هەپەگە، یانیش دەرەوە.

ئەیالەتەکانی باکوور، دەیانتوانی ئەو کادیرانەی پەکەکە کەوا هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕۆژهەڵاتەوە نیە، ڕەوانەی پژاک بکەن بۆ ئەوەی ئەندامە ڕۆژهەڵاتییەکان کۆنترۆڵ بکەن. لە ساڵی 2011دا کە شەڕی “گردی جاسووسان” دەستیپێکرد، سمکۆ بانە ڕۆژهەڵاتییان لە ئیالەتەکانی باکوورەوە هێنا و کردیانە بەرپرسی هێزی سەربازی، بەڵام کاتێک پەکەکە و دەزگای هەواڵگری ئێران (ئیتلاعات) شەڕی جاسووسانیان ڕاگرت و ڕێککەوتن، سمکۆ ناڕازی بوو و ئەو ئێوارەیە سەرەڕای ئەوەی کە سمکۆ دوور بوو لە هێڵی پێشەوە و پێگەی سەلامەت بوو، بەڵام بەکوشتنیان دا و لەگەڵ ئێران، لەسەر پلانی ڕۆژئاڤا و ڕادەستکردنی چیای قەندیل کە هەرگیز نەکەوتبووە ژێر دەسەڵاتی دوژمن، ڕێککەوتن و گردی جاسووسانیان تەسلیمی سوپای ئێران کرد.

پوستێن ھەمان بەش