ئۆجەلان دەڵێ گرنگی ئیمرالی بۆ من ئەوەیە کە دوورە لە دەستی موساد و بەرپرسێکی تورکیاش پشتڕاستی دەکاتەوە.
وەک دەزانرێت شاندی دەم پارتی لە ڕێکەوتی 25ی نیسانی ئەمساڵ (2025)دا بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەردانی دوورگەی ئیمرالی کردبوو. لەو دیدارەدا ئۆجەلان و وەفدی دەم پارتی زۆر بابەتیان تاوتوێ کرد و لەوانە باسیان لە بارودۆخی تەندروستی سری سورەییا ئۆندەریش کردبوو. هەرچەندە هەندێک لە گفتوگۆکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن شاندی “پارتی دەم”ـەوە بڵاو کرانەوە، بەڵام هەموو گفتوگۆکان بڵاو نەکرایەوە. دواتر ناوەڕۆکی ئەو دانوستانانە بە زمانی تورکی لە ئەورووپا بڵاو کرایەوە و باس لەوە کرا کە ئەو ئاخاوتنە لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەوە بە نهێنی بڵاو کراوەتەوە، بۆیە ئێمە لەم بابەتەدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو قسانە وەک خۆی بڵاو دەکەیەنەوە.
گفتوگۆی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجالان بەم شێوەیە بەردەوام بووە:
سەرۆک: من سەبارەت بە سرری گومانم هەیە، من سەبارەت بە ئۆزالیش گومانم هەبوون و تا ئێستاش ئەو گومانانەم ماون. کێ دەزانێ، ڕەنگە سبەی بەسەر منیشدا بێت، ئاسایش لێرە لە ئاستێکی باڵادایە، دەبێت ئەم پرۆسەیە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت. بە ئێمرەش دەڵێم ئەگەر سێ مانگ بمێنێت، زۆر باش دەبێت، “بە دەستی خۆی لەسەر مێزەکەی خەتێکی کێشا و وتی”؛ پرۆسەکە بەمشێوەیە بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات، من دەڵێم ئەگەر 3 مانگی دیکە ئێمە سەبر بکەین، پرۆسەکە بەرەو کوێ دەڕوات.
پەرڤین بوڵدان: ئێمە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسێک، سەردانی ڕۆمامان کرد و ئۆزگوور لەوێ بوو، لەوێ ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەی مندا کێشا و تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ بووین.
سەرۆک: ها ئەوەیە، ئەوان دەستیان بە کار کردووە. ئەوکاتەی کە منیش چوبوومە ڕۆمای ئیتالیا، موساد لە هەموو شوینێک هەبوو. دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکاشی تێکەڵ بە یارییەکە کرد. ڕۆژنامەڤانێک بە منی گوت کە لە ڕووسیا، ئەندامێکی ئیستیخباراتی ڕووسیا گوتوویەتی ئێمە دەتوانین بیشارینەوە، ئەو هێزەمان هەیە. من ئیسرائیل لەبەرچاو دەگرم، چونکە ئەگەر وا نەکەم، شکست دەهێنم. ڕەوشەکەی زۆر باشتر لە من هەڵسەنگاندووە، ئیسرائیل دەزانێت کە هەرکەسێک ڕەوشی ستراتژیکی کوردان بۆخۆی بەکار بهێنێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەردەست دەبێت. ئیسرائیل بەر لە من لەم ڕەوشە تێگەیشتووە، من بەمە دەڵێم چونکە ئیسرائیل سەدەی یەکەمی لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بەسەر برد بۆ ئەوەی ئیسرائیل پێگەی بەهێز بکات. من ئەمە دەڵێم چونکە ئیسرائیل، لە سوریا پێیان وتم هەرچیت بوێت، ئێمە پێت دەدەین. حزووری تۆ لە سووریا، هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوە لەو کاتەدا ئیسحاق شامیر بوو، ساڵی 1982 پێی وتم، چ داواکارییەکت لە ئێمە هەیە، ئێوە بۆچی ئەم گەنجانە لە دژی ئێمە بەکاردەهێنن؟ قەرەیلانیش گوتی، ئێمە لەسەر ئاستی دەوڵەت بەدیلمان هەیە، ئیسرائیل زۆر باش هەستی بەم کارتە کردووە و زۆر باش یاری بەم کارتە دەکات. ڕووداوی هاتوچۆکەی ڕۆماش هەر ئەوەیە، تۆ هەستی پێناکەیت و دەتخەنە ناو ململانێیەکەوە. زیاتر لە 50 ڕووداوی لەو جۆرە هەیە کە یەک لە دوای یەک ڕوویانداوە.
سەرۆک بە پرڤین بوڵدانی وت، ئەگەر تۆ وەها بیر دەکەیتەوە کە ئەو ڕووداوی هاتوچۆیە، ڕووداوێکی ئاساییە، ئەوا تۆ کەسێکی زۆر سادەیت، ڕەنگە دوای سرری، نۆرەی تۆیش بێت.
بەرپرسەکەی تورکیا: خودا نەکات.
سەرۆک: من دەڵێم ئەو کارانە دەکەن بۆ ئەوەی پرۆسەکە تێکبدەن. ئەوان ئەو کەسانە باش دەناسن کە بە ئاسانی دەکرێنە ئامانج. ئێوە خۆتان چیرۆکی “عەبدی ئیپەکچی” دەزانن. ئەمانە خاڵی ستراتژیکن و بە بۆچوونی من پەرڤین بوڵدان لە ڕیزی پێشەوەیە. من ئەم قسانە بۆ ترساندن ناڵێم، بەڵکوو بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێویست، ئەمە دەڵێم.
گرنگی ئیمرالی بۆ من ئەوەیە کە دوورە لە دەستی موساد، (بەرپرسەکەی تورکیا بە لەقاندنی سەری، قسەکانی سەرۆکی پشتڕاست کردەوە). ئیسماعیل هەنیەی چۆن کوشت؟ سەرۆک کۆماری ئێرانیش لەناوچوو، (ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی گوماناوی ئیبراهیم ڕەئیسی بوو)، مردنەکەی جێگای گومانە. سەرۆکی حزبوڵڵایش هەر بەوشیوەیە بوو، سەرکردەکانی حزبوڵڵا یەک بە یەک لەناوبران. ێرە سەلامەتە، بەڵام ڕەنگە دەستی ئەوان بە ئێرەش بگات.
بەرپرسێکی تورکیا: لەبەر ئەمەیە کە بەڕێز ئەحمەدیش لێرەیە، بە بەڕێز ئەحمەدت پێ بناسێنین. (ئەو سێ بەرپرسەی کە لە دوورگەکە پێشوازییان لێکردین بە سەرۆک ناسێندران).
سەرۆک: ئایا بەڕێز ئەحمەد هەمیشە لێرە دەبێت؟
بەرپرسەکەی تورکیا: بەڕێز ئەحمەد بۆ پاسەوانی هاتووە. لە دەزگا هەواڵگرییەکان پارێزراون، ئێوە هیچ ترسێکتان نەبێت.
سەرۆک: سەبارەت بەم هەڕەشانە ئێوە چی دەڵێن؟
بەرپرسەکەی تورکیا: بە زەردەخەنەوە، یەکتر پڕ ناکەنەوە.
سەرۆک: ئەم گومانکردنە، تایبەتمەندیی منە، لێکۆڵینەوەیەکی زۆر دەکەم، ئەم گومانەش لە پێناو درێژەدان بە ژیاندایە. گومان بەو مانایەیە کە ڕاستییەکان دەبینیت و بە باشی هەڵیاندەسەنگێنیت و هەوڵدەدەیت کە دەوڵەت یان ڕێکخراوەکەت کەمترین زەرەر و زیانی بەربکەوێت. من ناچارم ئەوە بکەم. سەرۆک بە پەرڤین بوڵدانی وت: تۆ هاتوچۆ دەکەیت، بۆیە پێویستە زۆر وریا بیت. بەڕێز ئۆزگوور، تۆش لێرەیت، گرووپی پارێزەران زۆر گەورەیە و لەمەودوا فراوانتریش دەبێت و کارەکەش بەرفراوانتر دەبن.
هاکان (مەبەستی بەرپرسی دووەمی تورکیایە) باسی بارودۆخی ئێستا دەکات، بەڵام بەو شێوەیە نییە. مەسەلەی دەوڵەت چۆن چارەسەر دەبێت، من لە بواری دەوڵەتدا لێکۆڵینەوەیەکی وردم لەسەر لینین و مائۆ کردووە. لینین لەم بوارەدا کارەسات بوو، لە ئێستاوە هەندێک کەس دەستیان پێکردووە و دەڵێن خیانەتی لە سۆسیالیزم کردووە. بڕیار بوو نامەکەی دۆغۆ پەرینچەک هاتبا، ئەرێ نەهات؟
پەرڤین بوڵدان: ئەو ڕۆژەی سرری نەخۆش کەوت، سەردانی دحغۆ پەرینچەکی کردبوو و بە تەلەفۆن پێی وتم کە کۆبوونەوەکەیان زۆر باش بووە. ئەگەر پەیامێکی نووسراو هەبووبێت تا ئێستا نەگەیشتووە بە ئێمە و ئاگامان لێی نییە.
سەرۆک: تکایە سڵاوی من بە دۆغۆ پەرینچەک بگەیەنن و لەبەر خاتری سرری با بە نامەیەک بۆچوونی خۆیم بۆ بنێرێت.
“بەهۆی ئەوەی کە ئەو کۆبوونەوەیە زۆری خایاندووە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆی شاندی پارتی دەم و ئۆجەلان، لە بابەتێکی دیکەدا باس دەکەین”.
بەردەوام دەبێت..