پەکەکە بە نهێنی چەک و تونێلەکانی ڕادەستی سوپای تورکیا دەکات

پەکەکە بە نهێنی چەک و تونێلەکانی ڕادەستی سوپای تورکیا دەکات

زۆر کۆبوونەوەی لەنێوان شاندی دەم پارتی ـ ئیمرالی و دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدرێن کە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ناکرێن.

پەکەکە چەک و چۆڵ و بەشێک لە ئەشکەوتەکانی لە دەڤەری بادینان لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، ڕادەستی ئەرتەشی دەوڵەتی تورک کردوون. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان، بەتایبەت لە دەڤەری مەتینا، چەندین تونێل و چەک و چۆڵی خۆی ڕادەستی ئەرتەشی تورک کردووە.

لە ڕێکەوتی 11ی تەمووزی ئەمساڵدا، 30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە نزیک شاری سلێمانی، لەبەردەم میدیاکاندا چەکەکانیان سووتاند. بەپێی زانیارییەکان، پەکەکە لەو ناوچانەی کە ناوی “ناوچەکانی پاراستنی میدیا”ی لەسەر داناوە، چەکەکانی خۆی بە دزیەوە و بە شاراوەیی ڕادەستی سوپای تورک دەکات.

لە مانگی شوباتەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پەکەکە و هێزە چەکدارەکانی تورکیادا بەرەو ڕاوەستان دەچێت و ئەگەرچی ناوبەناو شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکانی دەوروبەری ئامەد و زاپ ڕوودەدات، بەڵام شەڕ و پێکدادانەکان بە گشتی ڕاگیراون. لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران و سەرەتای مانگی تەمموزەوە، هەندێک ڕاپۆرت ئاشکرا بوون کە پەکەکە بەشێک تونێل و چەک و چۆڵەکانی، بەتایبەتی لە ناوچەی بەرواری بالا لە نزیک سنوور کە گەریلایان تێدا نییە، ڕادەستی ئەرتەشی تورک کردووە.

لە کۆبوونەوەکەی 30 گوڵاندا ئەم بڕیارە دراوە

بەپێی زانیارییەکان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەی 30 گوڵاندا لەگەڵ شاندی دەوڵەتی تورک و شاندی دەم پارتی لە ئیمرالی بڕیاریداوە کە دەبێ پەکەکە هەندێک چەک و سەنگەرەکانی شەڕ ڕادەستی سوپای تورک بکات.

لە سەرجەم ئەو پرۆسەیەی کە لە لایەن سێکوچکەی “بەخچەلی ـ ئەردۆغان ـ ئۆجەلان”ـەوە دەستیپێکردووە، هەتا ئێستا حەوت دیداری نێوان پارتی دەم و شاندی ئیمرالی لە چاپەمەنییەکاندا بڵاو کراوەتەوە. بەڵام چەندین کۆبوونەوەی تر هەبوون کە لە میدیاکاندا باس نەکراون. یەکێک لەو دیدارە نهێنیانە کۆبوونەوەی 30ی گوڵان بوو کە شاندێکی دەوڵەتی تورکیش تێیدا ئامادە بوو. مەراسیمی چەکدانانی پەکەکە لە 11ی تەمووزدا، لە کۆبوونەوەکەی 30ی گوڵاندا بڕیاری لەسەر درابوو. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرابوو کە پەیمانێکی نهێنێ سەبارەت بەو ناوچانە واژۆ بکرێت کەوا پێکدادان لە نێوان هێزەکانی گەریلا و هێزە چەکدارەکانی تورکیادا ڕوودەدەن.

تا ئێستا شاندی ئیمرالیی پارتی دەم، 7 جار سەردانی ئیمرالییان کردووە. بەڵام هەندێک کۆبوونەوەش هەن کە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ناکرێن. یەکێک لەو کۆبوونەوانە، کۆبوونەوەی ڕێکەوتی 30ی مانگی گوڵان بوو. لە کۆبوونەوەکەدا لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر زۆر پرس و بەتایبەت چالاکییەکانی سووتاندنی چەکەکانی پەکەکە کرابوو.

ئۆجەلان لە کۆبوونەوەی 30ی گوڵاندا ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیبوو و گوتبووی: “باش نییە لەبەردەم میدیاکاندا، چەکەکانتان ڕادەست بکەن، ڕەنگە ئەوە لە دژی ئێمە بەکار بهێنرێت و وەکوو تەسلیمبوون لێکبدرێتەوە”. دیارە پێشنیاری سووتاندنی چەکەکان لەلایەن بەرپرسانی دەولەتی تورکەوە کراوە. نوێنەری تورکیا لەو کۆبوونەوەیە گوتوویەتی: “با لە بەر چاوی ڕۆژنامەنووسەکاندا چەکەکانی خۆیان بسووتێنن، بۆ ئەوەی ڕای گشتی دڵنیا بێت. دوای ئەوە ئێمە لە ناو خۆماندا و بە بێدەنگی پێڤاژۆکە درێژە پیدەدەین”.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەگەرەکانی ڕێگریکردن لە پێکدادانەکان لەو ناوچانە کراوە کە گەریلاکانی پەکەکە و هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی تورک لە یەکترەوە نزیکن. دوای تاوتوێکردن، ڕێککەوتنێکی هاوبەش پەسەندکرا. بەرپرسانی دەولەتی تورک گوتوویانە: “گەریلا و سەربازانی تورکیا لەو ناوچانە دەتوانن لەگەڵ فەرماندەکانیان کۆببنەوە و لە نێوان خۆیاندا ڕێگاچارەیەک بدۆزنەوە. دەکرێ دەستوور بدرێت کەوا ئەوان توونیلەکان چۆڵ بکەن و شوێنی خۆیان بگوازنەوە و بەرەو شوێنێکی دیکە بڕۆن”.

ڕادەستکردنی چەک بە نهێنی!

دوای ئەم کۆبوونەوەیە، لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموزدا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و هێزەکانی دەوڵەتی تورک کەمیان کردووە.

پێشتر هەندێک گرووپی گەریلا لە هەندێک تونێلی پەکەکە ـ هەپەگە گەمارۆدرابوون. پێدەچێت ئەو هێزانە دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر فەرمانیان پێکراوە کە بڕۆنە دەرەوە، ڕۆیشتبێتنە بارەگای هەپەگە و لە هەمبەر ئەوەشدا باس لەوە دەکرێت کە پەکەکە نەخشەی تونێلەکان و کۆگای چەک و چۆڵەکانی لە هەندێک ناوچە، ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردووە.

لە ئێستادا گەریلاکانی پەکەکە تەنها لە تونێلەکانی گوندی گوهەرزێ لەسەر خەتی “ئامێدی – دێرەلۆک”دا ماون. ئەو گەریلایانەی کە لە تونێلەکانی تردا مابوونەوە، شوێنەکانی خۆیان ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردووە.

ئەو چەک و چۆڵانەی کە لە مەتینا دەستیان بەسەردا گیراون

بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی پەکەکە، زۆربەی ئەو چەکانەی ڕادەست کراون لە دەڤەرەکانی “مەتینا-زاپ”دا بوون. وەزارەتی بەرگریی تورکیا چەندین جار ئەو چەکانەی کە ڕادەستکرابوون، وەک ئەوە ڕاگەیاند کە ئەوان دەستیان بەسەردا گرتبێت.

دوایینجار، لە ڕێکەوتی 7ی تەمموزدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا وردەکارییەکانی قەبارەیەکی گەورەی جبەخانەی بڵاو کردەوە کە دەستیان بەسەردا گرتبوو. لەو چەکانەی کە بڵاو کراونەتەوە، 5 مووشەکی دژە تانک و 6 مووشەکی بەرگری ئاسمانی SA-7 و دوو تەلەسکۆپ و چەکی کاتیۆشا و کامێرای تەرماڵ و چەکی نیشانەشکێن و چەکی گرینگی دیکەی لەوشێوەیەی تێدا بوو.

هەروەها ئەو زمانەی لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری دەوڵەتی تورکدا بەکارهاتووە، زۆر سەرنجڕاکێش بوو. وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئەو چەکانەی لە کێ  وەرگرتووە، هەروەها وشەی “تیرۆریست”یش بەکارنەهێنراوە.

کۆبوونەوە شاراوەکان بەردەوامن

جگە لەو دیدارانەی کە ڕای گشتییان لێ ئاگادار دەکرێنەوە، زۆر کۆبوونەوەی دیکە لە نێوان شاندی دەم پارتی ـ ئیمرالی و دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدرێن. بەڵام بەشێکی بەرچاویان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ناکرێن. هەم دەوڵەتی تورک و هەم پەکەکەش، بۆ ئەوەی کە جەماوەرەکەی خۆیان ئامادە بکەن و ناڕەزایەتییەکان نەکێشنە سەر خۆیان، پەیمانەکانی نێوانیان بە گوێرەی واقیع و بارودۆخی کۆمەڵگە، دەخەنە بەردەم ڕای گشتی.

پوستێن ھەمان بەش